مەکتەبی سیاسی ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان پیرۆز دەکات

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی (٦١)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە، ئەمە خوارەوە دەقەکەیەتی:
بەڕێزان/ بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردن و کادیر و کارمەندانی ئێزگەی دەنگی کوردستان..
بە بۆنەی(٦١)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و بیسەرانی ئازیزی ئێزگەی دەنگی کوردستان دەکەین و، هیوادارین بەردەوامبن لە ئەرک و ڕۆڵی گرنگ و کاریگەرتان و وەک هەمیشە بڵندگۆئ ڕاستەقینەی بەرجەستەکردنی ئامانجەکانی گەلەکەمان بن.
ئێزگەی دەنگی کوردستان، کە بە بڕیاری (بارزانیی نەمر) دامەزرا، توانی هەر لە دەستپێکەوە و لەو کاروانەی تەمەنی کارکردنیدا شانبەشانی خەباتی پێشمەرگە دلێرەکان و ڕۆڵەکانی گەلەکەمان هەنگاوی بوێرانە و کاریگەرانە بنێ بۆ وشیارکردنەوە و جۆشدانی جەماوەر بۆ بەرگریکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان و رووبەڕووبوونەوەی ستەم و زۆرداری.
ئەمڕۆش جێدەستی ئێزگەی دەنگی کوردستان لە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانیدا دیارە و وەک ئێزگەیەکی پێشەنگ هەر بەردەوامە و نەسرەوتووە، دیارە ئەمەش بۆ پلان و بەرنامەی رێکوپێکی ستاف و کادیرانی ماندوونەناسی ئێزگەکە دەگەڕێتەوە، لە لایەکی دیکەوە ئەو ئێزگەیە بە خاوەن گەنجینەیەکی بێوێنەی مێژووی ئەرشیفکراوی دەوڵەمەندی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلەکەمان دادەنرێ، بۆیە ئەو دەنگە زوڵاڵە، مایەی شانازی و دەستخۆشییە.
لەو دەرفەتەدا دووبارە پشتیوانیی خۆمان بۆ ئێزگەکەتان دووپات دەکەینەوە و ئومێدەوارین لەم قۆناغە گرنگە، کە لە سەروبەندی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانین، بە کارنامە و پلانێکی سەردەمی رێکوپێک بەشدارێکی کارا و کاریگەری سەرخستنی لیستی (١٩٠)ی پارتیمان بن.
جارێکی دیکە پیرۆزباییتان لێدەکەین و ئومێدی سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین لە خزمەتکردن بە دۆزە ڕەواکەمان و کولتوور و فەرهەنگی هەمەڕەنگی کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٩ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤




