لە مێرگەسۆر زیاتر لە هەزار و 350 مامۆستای وانەبێژ کراونەتە گرێبەست

مێرگەسۆر -KDP.info- بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بڕیارە ھەشت قوتابخانە لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر دروست بکرێن، گوتیشی: زیاتر لە هەزار و 350 مامۆستای وانەبێژ کراونەتە گرێبەست.
مەجید خانۆ، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە سنووری پەروەردەی قەزای مێرگەسۆر ١٨٢ قوتابخانەی حکوومی و چوار قوتابخانەی ئەھلی ھەنە، ساڵی ڕابردوو بە ھەموو قۆناغەکانەوە پازدە ھەزار قوتابی ھەبوو، ھەر لە سنووری پەروەردەکەمان ھەزار و ٣٥٢ مامۆستای وانەبێژ بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراونەتە گرێبەست و تا ڕادەیەکی زۆر کێشەی کەمی میلاک بۆ ئەمساڵی خوێندن چارە بووە.
بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر گوتیشی: دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کاریگەری لەسەر پرۆسەی پەروەردە هەیە، چونکە ساڵی ڕابردوو ژمارەی وانەبێژان زۆر زیاتربوو لە مامۆستای میلاک.
لەبارەی دروستکردنی قوتابخانەی نوێ، مەجید خانۆ دەڵێت: حکوومەتی ھەرێم بڕیاری دروستکردنی ھەشت قوتابخانەی داوە، چونکە ھەشت قوتابخانەی سنووری مێرگەسۆر ھێشتا سەریان خۆڵە، لە شوێنی ئەوان قوتابخانەی نوێ دروست دەکرێن، پێویستە ئەوەش بڵێم، لەگەڵ تەواوبوونی دەوامی ساڵی خوێندنی ڕابردوو تا ئێستا ٣٦ قوتابخانە نوژەن کراونەتەوە.
مەجید خانۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لەڕووی ئاستی زانستیەوە پەروەردەی مێرگەسۆر لەسەر ئاستی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە پلەی یەکەم دێت، ھەرسێ یەکەمی بەشی وێژەیی سنووری ئیدارەی سۆران لە سنووری مێرگەسۆربوونە، یەکەمی زانستی و سێیەمی زانستیش ھەر لە پەروەردەی مێرگەسۆر بووە، ئەوەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە ئاستی زانستی لە پەروەردەی مێرگەسۆر بەرزە.
قائید میرۆ




