سەربەست لەزگین: ھەڵمەتی پشتگیری و پشتیوانی بۆ لیستی ١٩٠ ڕادەگەیەنین

دھۆک-KDP.info- ئەمڕۆ لە پارێزگای دھۆک مەڕاسیمێک بۆ ناساندنی کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای دھۆک سازکرا و تێیدا بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک گوتی، ٢٠ی ئۆکتۆبەر ھاوکاتە لەگەڵ حەوتەمین ساڵیادی سەرکەوتنی داستانی پردێ و سحێلا، بۆیە داستانێکی دیکەی دیموکراسی و ئازادی تۆمار بکەن.
سەربەست لەزگین، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای دھۆک، لە مەڕاسیمێکدا گوتی: بەپشت بەستن بەدەریایەک خوێنی شەھیدان و فرمێسکی دایکان و مێژوو و خەڵک و سەرۆک بارزانی، لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپارێزگای دھۆک ھەڵمەتی پشتگیری و پشتیوانی بۆ لیستی ١٩٠ی پارتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕادەگەیەنین، لەژێر دروشمی ئارامی و ئاوەدانیی و پێکەوەیی و خۆڕاگری ئەمجارەش وەکو ھەموو جارێک پارتی دەستێک گوڵی لە کاندیدان لەھەموو چین و توێژەکان پێشکەشی ئێوەی کردووە، بۆ ئەوەی ببنە نوێنەر و دەنگی ڕاستەقینەی ئێوە و گەلی کوردستان، لیستی ١٩٠ی پارتی ڕەنگدانەوەی واقعبینانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە داوا لە جەماوەری دڵسۆز دەکەین لەبیری نەکەن ئەوان خاوەن ئەزموونی ھەرێمی کوردستانن، بۆیە ڕاگرتنی ئارامی و کەشی دیموکراسی و ئازادی ئەرکی جەماوەری پارتییە پێش ھەرکەس و لایەنێک و پێویستە لەسەرمان وەکو ھەموو ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو ھەم ڕووی شارستانی ھەرێمی کوردستان پێشانی ھەموو جیھانی بدەین و باسی دەستکەوت و قوربانی و مێژوو بۆ کورد و کوردستان مافێکی سروشتییە و باسکردن لەئایندە و پاشەڕۆژی گەل و وڵاتی ئێمە ئەرک و ستراتیژیەتی پارتییە.
سەربەست لەزگین گوتیشی: ئێمە شانازی پێدەکەین و ئامانجی ئێمە سەرکەوتنی لیستی ١٩٠ی پارتییە، چونکە بڕوامان وایە سەرکەوتنی پارتی و سەرۆک بارزانی سەرکەوتنی کوردستانە و دەنگدانی ئێوە بۆ لیستی ١٩٠ دەنگدانە بۆ دەستکەوتی زیاتر و مسۆگەرکردنی پاشەڕۆژی باشتر بۆ گەل و وڵاتی ئێمە، ھەروەھا ئەم ھەڵبژاردنە لەدۆخێکی تایبەت و ھەستیار ئەنجام دەدرێت بۆ پاراستنی شەرعیەتی کوردستان بەپێویستی دەزانین داوا لەجەماوەری خۆمان بکەین بەسەر ھەموو کۆسپ و ڕێگریەکان زاڵ بین و بەشداریەکی کارا و گەورە بکەن و ڕۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەر، کە حەوتەمین ساڵیادی داستانی پردێ و سحێلایە لەو ڕۆژە مێژووییە داوا لەخەڵکی دڵسۆزی خۆمان دەکەین داستانێکی دیکەی دیموکراسیەت و ئازادی تۆمار بکەن و زۆرترین ڕێژە لەسەر سندوقی دەنگدان دەنگ بەلیستی ١٩٠ی پارتی بدەن، کە لیستی پێشمەرگە و شەھیدان و لیستی مێژوو و ئایندەی کوردستانە.
بڵند ئیبراھیم




