٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕیفراندۆم ئیراده‌ی گه‌لی كوردستانی زیندوو كرده‌وه‌ بۆ بڕیاردانی داهاتووی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- یەكێک لە خاڵە وەرچەرخانەكانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لەگەڵ خۆیدا هێنای، دەنگ و ڕای هەمەلایەنەی حزب و لایەنەكانی كوردستان بوو كە هەموویان لەسەر مێزەكەی سەرۆك بارزانی پشتیوان و هاودەنگ بوون بۆ ئەوەی ڕۆژی 25ی ئەیلوول بكرێتە ڕۆژێكی مێژوویی گەلی كورد، ئەمەش وای كردووە تا ئێستاش وێڕای ئەوەی هەندێ لایەن دواتر پاشگەز بوونەوە، هێشتا زۆربەی لایەنەكان شانازی بەو ڕۆژە دەكەن. لە گفتوگۆیەكی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، بەشێك لەو سەركردە سیاسییانە لەبارەی بڕیاری ڕیفراندۆم هەڵوێستی نەگۆڕی خۆیان دووپات دەكەنەوە.

محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود، سكرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی كوردستان، كە ئەندامی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم بوو، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی، هه‌نگاوێكی یاسایی و دیموكراسییه‌ له‌ پێناو داواكارییه‌كانی گه‌لێك له‌ پێناو بڕیاردان له‌ چاره‌نووس و ئاینده‌ی خۆی، ڕیفراندۆم مێژوویه‌كی 200 ساڵه‌ی هه‌یه‌ كه‌ له‌ وڵاتانی دنیاش پیاده‌ كراوه‌ و بۆ زۆر بایه‌تی گرنگ و پێویست، كه‌ تێیدا ڕای زۆرینه‌ی له‌سه‌ر وه‌رده‌گیرێت وه‌ك شێوازێكی دیموكراسیانه‌ی ڕاسته‌وخۆ، چونكه‌ ڕیفراندۆم بابه‌تێكی گرنگ و هه‌ستیار و چاره‌نووسساز و پەیوەستە‌ به‌ ئاینده‌ی تاك و كۆمه‌ڵگه‌وه‌، كه‌ ده‌بێ كۆده‌نگیی نیشتیمانی و سیاسی و جه‌ماوه‌ری مسۆگه‌ر بكات.

لەسەر ڕیفراندۆمی كوردستانیش دەڵێت: ده‌بێت هه‌مووان ئه‌و راستییه‌ بزانین كه‌ پرسە نه‌ته‌وه‌ییه‌كان پێش خواستی كه‌سی و حزبین و خەڵک له‌ پێناو به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌ نیشتیمانییه‌كه‌یان و ئاواته‌ له‌مێژینه‌كه‌یان به‌شدارییان له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌و رۆژه‌ مێژووییه‌دا كرد، كە وه‌ك رۆژی جه‌ژن و ئاهه‌نگ بوو و بۆ سه‌ربه‌خۆیی به‌شدارییان كرد، چونكه‌ بڕیاری ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم، بڕیاری كه‌سی نه‌بوو، بڕیارێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ بوو كه‌ تێیدا 93%ی خه‌ڵكی كوردستان به‌ (به‌ڵێ) ده‌نگیان دا و پرۆسه‌كه‌ سه‌ربه‌خۆ بوو، راسته‌ دوای ڕیفراندۆم خه‌ڵكی كوردستان ڕووبه‌ڕووی ئاسته‌نگ و گه‌مارۆ و په‌لاماردان بوونه‌وە، به‌ڵام ئیراده‌ی گه‌لی كوردستانی زیندوو كرده‌وه‌ بۆ بڕیاردانی داهاتووی بۆ ئه‌و مافه‌ ڕه‌وایه‌.

ڕۆژی 7ی حوزەیرانی 2017، لە سەڵاحەدین بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی و بە ئامادەبوونی جێگری ئەوکاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و نوێنەرە باڵاكانی پارتە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم پێکهێنرا، ئەو ئەنجوومەنە ڕۆژی 25ی ئەیلوولی بۆ ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دیاری کرد.

هەر سەبارەت بەو ڕۆژە مێژووییە، غەفوور مەخموورى، سکرتێرى گشتیى یەکێتیى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان (YNDK) لە لێدوانێكی تایبەتدا به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ریفراندۆم وەكو پرۆسە سەركەوتوو بوو، خەڵک بە شێوەیەکى هێمنانە، لە پرۆسەیەکى دیموکراتیدا دەنگیان بۆ سەربەخۆیى کوردستان دا. بێگومان ئەگەر ڕووداوەكانی دواتر نەبووایە، ئێستا ئێمە خاوەن دەوڵەتى خۆمان بووین.

مەخمووری گوتیشی: ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، بڕیارێکی ھەمەلایەنەی زۆربەی لایەنەکانی کوردستان بوو، دوای ئەوەی پێشمەرگەی کوردستان لەجیاتی ھەموو جیھان ڕووبەڕووی داعش وەستایەوە و ئەو دڕکە گەورەیەی کەوتبووە پێی جیھانەوە ھەڵی کەند و خاکی کوردستانی ھەموو لێ سەندن، بەبێ ئەوەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە ھیچ ھاوکارییەک بکرێت، گەلی کوردستان بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی، بە ھەلێکی مێژوویی زانی لەم کاتەدا ئەو بڕیارە بدەن، چونکە دەیانزانی ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە تا بە ھەموو جیھان بڵێین ئێمەی کورد ئەگەر بژاردەمان لە بەردەمدا بێت، دەمانەوێت چی ھەڵبژێرین، ئەوە بوو زۆرینەی گەلی کورد سەربەخۆیی کوردستانیان ھەڵبژارد.

هاوكات خدر رووسی، سكرتێری بزووتنه‌وه‌ی دیموراتی گه‌لی كوردستان، له‌سه‌ر ئه‌و رۆژه‌ مێژووییه‌، لە لێدوانێكی تایبه‌تدا به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند: رۆژی رێفراندۆم، رۆژێكی مێژوویی بوو، بۆ یه‌كه‌م جار سه‌رۆك بارزانی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانی به‌ سه‌رجه‌م بیر و بۆچوونه‌ جیاوازه‌كانەوە كۆ كرده‌وه‌، ریفراندۆم مافێكی ره‌وای خه‌ڵكی كوردستان بوو، پرۆسه‌یه‌كی دیموكراتی بوو، گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕای خه‌ڵك بوو تا خۆیان بڕیاڕ له‌سه‌ر دیاریكردنی مافی چاره‌نووسی خۆیان بدەن.

هەروەها دەڵێت: پێویستە به‌ ئێستاشه‌وه‌ هەموو لایەک ڕێز لەو خواست و مافی خەڵکی کوردستان بگرن، گەلی كوردستان لە ڕێگەی دیالۆگ و بە ئامرازی ئاشتییانە ڕێگەی سەربەخۆیی و مسۆگەركردنی مافەكانی گرتبووه‌ به‌ر، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به ‌ئاگر و ئاسن وەڵام درانه‌وه‌، ڕیفراندۆم مافێکی شەرعی و سرووشتیی خەڵکی کوردستان بوو و پێویست بوو هەموو لایەک ڕێز لەو خواست و مافەی خەڵکی کوردستان بگرن.

هەواڵی پەیوەندیدار