٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نووسەران بۆ KDP: ڕیفراندۆم مێژووی سەدەیەک خەباتی چەسپاند

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، لەبەر ئەوەی کردەیەی مێژوویی گەورە بوو کە تا ئێستاش شرۆڤەی جۆراوجۆری لەبارەوە دەکرێت، بۆیە وێڕای سەدان وتار و شیکاری لەباری ئەو ڕۆژە مێژووییەوە، چەندین کتێبیشی لەسەر نووسراوە، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ چەند نووسەرێکدا گفتوگۆی کردووە کە کتێبیان بۆ ئەو ڕۆژە مێژووییە نووسیوە و دەڵێن: کێشانی ھێڵێک ڕاست بوو لە نێوان کۆمەڵگای کوردی و کۆمەڵگای عێراقیدا بە گشتی.

دۆخی پێش ڕیفراندۆم

ئاسۆ کەریم، نووسەر و وەرگێڕی بەئەزموون و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: نکوڵی لەوە ناکرێت کورد نەتەوەیەکی بەجیاھەڵکەوتووە (متمایز)ە لە عێراقدا و بەبێ پرسکردن بە دانیشتوانەکەی لە ١٦-١٢-١٩٢٥ دا بە بڕیارێکی کۆمەڵەی گەلان (عێبە الامم)، ویلایەتی زۆرینە کوردنشین (٦٥.٢%)ی مووسڵ بە دەوڵەتی تازەدامەزراوی عێراق لکێنرا، گەلی کوردستان لە ماوەی نزیکەی سەدەیەکدا خەباتی بۆ خۆبەڕێوەبەر کردووە و کەم و زۆر ھەموو فۆرمەکانی مافی چارەی خۆنووسینی تاقی کردووەتەوە لە نامەرکەزییەتی ئیداری و ھەندێ مافی کولتوورییەوە بگرە تا ئۆتۆنۆمی و فیدڕاڵی کە لە دەستووری ٢٠٠٥دا جێگیر کراوە، بەڵام لە جێبەجێکردندا کورتیان ھێناوە و ھەوڵدراوە ناوێکی بێ ناوەڕۆک بن و بە کورتی تا ئێستاشی پێوەبێ کورد لە مافەکانی خۆی خاترجەم نەبووە و نییە. لەوما ویستویە وەک ھەر گەلێکی دیکەی ئەم جیھانە  ببێتە خاوەن سەروەری خۆی و بۆ ئەم مەبەستەش پەنای بۆ ڕێوشوێنێکی دیموکراتیی ڕاستەوخۆ برد کە دەرفەت بە ڕای گشتیی کوردستان بدرێ لەمبارەوە قسەی خۆیان، بە ئازادانە بکەن کە داخوا دەیانەوێ لە چوارچێوەی عێراقدا بمێننەوە یان نا.  لە ٢٥ی ئەیلوولدا خەڵک قسەی خۆی کرد و زێتر لە ٩٣%ی دەنگدەران دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا. گرنگیی ڕیفراندۆم لێرەدایە، ئەگەر ھەلومەرج لەبار و گونجاو بێ و خەڵکی کوردستان بە ئازادانە ڕای خۆی دەرببڕێ، بە دۆستان و ناحەزان دەڵێ کەچی دەوێ.

کوردۆ شابان، نووسەری کتێبی "ڕیفراندۆم، سەرکەوتنی ئیرادە پارێزەری داھاتووی گەلێک" کە لە یەکەم ساڵیادی ڕیفراندۆمدا بڵاوی کردووەتەوە، ئەویش لەبارەی ئەو دۆخەی ڕیفراندۆمی ھێنایە کایەوە، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: کوردستان لە ھەلومەرجێکی زۆر سەختدا بوو کە خەریک بوو ھەڕەشە بۆ سەر ناسنامەی کوردبوونی خاکەکەشی دەکرا، سەرکردایەتیی سیاسی کورد بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی، بە پێویستیان زانی ھەنگاوێک بنێن بۆ ئەوەی مەترسی سەر ناسنامەی گەلی کورد نەمێنێت، ئەویش ئەوە بوو بڕیاری ڕیفراندۆم درا و ئەنجامەکەشی بۆ ھەموو جیھان دەرکەوت کە خەڵکی ئەو شوێنە جوگرافیایە زۆرینە کوردن و زیاتر لە ٩٣%ی دەیانەوێت لەسەر خاکی خۆیاندا بە سەربەخۆیی بژین. ئەم ھەڵوێستەی گەلی کورد، وێڕای ئەوەی لەلایەن زلھێزانی جیھانەوە بەرپەرچی درایەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی کردەیەکی دیموکراتی و یاسایی بوو، ھەموو جیھان ددانیان پێدا نا، ئەگەرچی لە ڕووی سیاسییەوە دژیشی بوون.

ڕیفراندۆم چی بەخشی؟

ئاسۆ کەریم دەڵێت: ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە بە ڕای من، ئاماژەیە بۆ دوو شت: یەکەم، بزاڤی ناسیۆنالیستی دیموکراتی لەگەڵ ڕا و ئیرادەی گشتیی خەڵکی کوردستان لەبار و (متگابق)ە و ئەو بزاڤە بەرچاوی ڕوونە کە چی دەوێ و بە چ ئاراستەیەکدا ھەنگاو دەنێتەوە. دووەمیش تا کێشەی کورد وەک ھەر گەلێکی دیکە لەو ناوچەیەدا چارەسەر نەبێ، ناوچەکە بە گشتی ئاشتی و سەقامگیری و پێشکەوتن بە خۆیەوە نابینێ، ئەمەش بۆ خۆی پەیامێکە بۆ دۆستان و ناحەزان.

لەو بارەیەوە مەعرووف بارزانی، نووسەری کتێبی "ڕیفراندۆم، ھەنگاوێک بەرە و ئەودیوی مانەوە" کە ساڵی پار بڵاو بووەتەوە و ئەمساڵ بە کرمانجی جارێکی تر چاپ کراوە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە ئاستی سیاسیدا، بە دیوێکدا ھەوڵی دا کۆمەڵگای کوردی بکاتە خاوەن گوتارێکی سیاسی تا وڵاتانی ناوچەکە و جیھانیش لە پەیام و داواکاری سیاسی خەڵکی کوردستان تێبگەن، بە دیوەکەیتریشدا تێپەڕاندنی ھەموو ئەو ناکۆکییە سیاسی و پەرتەوازەییە کۆمەڵایەتییە بوو کە کۆمەڵگای ئێمە تێیکەوتووە. لە ئاستی کولتووریدا، ڕیفراندۆم کێشانی ھێڵێکی ڕاست بوو لە نێوان کۆمەڵگای کوردی و کۆمەڵگای عێراقیدا بە گشتی. ھەوڵێک بوو بۆ دەستگرتن بەو پێشڤەچوونە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی کە چەندین ساڵە ھەوڵمان بۆیداوە. وەک پرسی ژن، ئازادییە کەسیی و گشتییەکان، پلورالیزمی سیاسی، مافی مرۆڤ، ئازادی ئایینی و پێکەوەژیانی نێوان گرووپە ئیتنی و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان و ئازادی ڕادەربڕین.

پەیام و ئەنجامی ڕیفراندۆم

کوردۆ شابان دەڵێت: ڕیفراندۆم یەکێکە لەو کردە مێژووییە گەورانەی لەسەر ئاستی جیھاندا کەم وێنەیە و لەسەر ئاستی کوردستانیش توانی مێژووی خەباتی سەد ساڵی ڕابردووی ئەم گەلە بچەسپێنێت و چیتر خەباتی کورد بە تەواوی ڕوون بووەوە کە ئامانجە باڵاکە بریتییە لە سەربەخۆیی کوردستان، ڕیفراندۆم ھەنگاوێکی بێ گەڕانەوەیە و چیتر بزاڤی نەتەوەی کورد ناگەڕێتەوە دواوە.

لەبارەی پەیامی ڕیفراندۆم، ئاسۆ کەریم گوتی: ڕیفراندۆم پەیامێکی دیموکراتی و ئاشتیخوازانە بوو. کورد چاوی لە خاکی ھیچ نەتەوەیەکی دیکە نییە. داوای مافەکانی خۆی دەکا بە پشتبەستن بە مافی چارەی خۆنووسین کە لە ماددە ١ی  پەیماننامەی نێودەوڵەتیی بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەکان، پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان دا ھاتووە: ھەموو گەلان مافی چارەی خۆنووسینیان ھەیە و بە پشتبەستن بەم مافە بە ئازادانە بڕیار لە ستاتۆی سیاسیی خۆیان دەدەن، ڕیفراندۆمیش وەک گوتمان ڕێوشوێنێکی دیموکراتیی ڕاستەوخۆیە و لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ و دۆکیومێنتە نێودەوڵەتییەکانیش ناتەبا نییە.

مەعرووف بارزانییش لەوبارەیەوە بۆچوونی خۆی بەم شێوەیە دەربڕی: بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ جیابوونەوە لە عێراق، کۆمەڵگای ئێمە ویستی ئاشتیخوازانە نیشانی جیھان و وڵاتانی ناوچەکە بدات. کۆمەڵگەی ئێمە سەلماندی ئەگەر بواری پێبدرێت، کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخوازە و سەرباری سەدەیەک خەباتی چەکداری لەپێناو مافەکانی، دەتوانێت ئاشتی بۆ ناوچەکە بھێنێت و ھۆکاری خۆشگوزەرانی و بەھاناوەچوونی ئەوانیتریش بێت.

عەزیز ڕەسوڵ

هەواڵی پەیوەندیدار