ئەنجوومەنی وەزیران بە ھەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەسەند کرد

ھەولێر-KDP.info- ئەنجوومەنی وەزیران بە ھەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست وەک ھەنگاوێکی سەرەتایی پەسەند دەکات و داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات ڕەزامەندی لەسەر بدات، هاوکات ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانی سەرژمێریی گشتیە، بەڵام نابێت بۆ ھیچ مەبەستێکی سیاسی بەکار بھێنرێت و نابێت ببێتە جێگرەوەی ھیچ ڕێکارێکی دەستووریی کە لە ماددەی ١٤٠ دا ھاتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە ساڵیادی ڕیفراندۆم کرد وەک پڕۆسەیەکی دیموکراتیانە و بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان کرد.
سەرۆکوەزیران ھەروەھا بە بۆنەی دەستپێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دووپاتیکردەوە کە پێویستە لە چوارچێوەی ڕێنماییەکان، بانگەشەیەکی ئارام و شارستانیانە و لەسەرخۆ بکرێت، سەرۆکوەزیران ھیوای خواست کە ئەنجامی ھەڵبژاردن لە خزمەتی دەستکەوت و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی زیاتری دیموکراسیی بێت.
بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی (فەرمانبەرانی گرێبەست و دەرچووانی سێ یەکەمی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێم و ھەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و ئەوانەی کە یاسای پلەبەندی خاوەن پیشەی تەندروستی و پزیشکی دەیانگرێتەوە)، بۆ ئەم مەبەستە ھەریەک لە سیراج بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژە و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران وردەکاریی ئەو بڕگەیەیان بە زانیاریی و ژمارەی پێویست و چوارچێوەی یاسایی و دارایی بابەتەکە خستەڕوو و ئاماژەیان دا بە ڕۆڵی بەرچاوی ھێزی کاری فەرمانبەرانی گرێبەست لە ناو دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێم کە خاوەنی ساڵانێکی زۆری خزمەتن و ھەندێکیان بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنیشیان پێدراوە، ھەروەھا ئاماژە بە ڕەوایی داوایان بۆ بەھەمیشەییبوون لەسەر میلاکی گشتی کرا، بە تایبەتی کە ھەموویان تۆماری بایۆمەتریان بۆ ئەنجامدراوە و خاوەنی ژمارەی وەزیفیی خۆیانن و لیستی مووچە و تەرخانکراویی مانگانەیان لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە پەسەندکراوە.
سەبارەت بە بەشەکانی دیکەی وەک سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکومیەکان و ھەڵگرانی بڕوانامەی باڵای دانەمەزراو و ئەوانەی کە یاسای پلە بەندیی پزیشکی دەیانگرێتەوە، ئاماژە بەوە درا کە ھاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ بە یاسای تایبەت بە خۆیان، دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ ڕەخساوە کە پێویستە ئەوانەی ھەرێمیش وەک ھاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕآڵ، مامەڵە بکرێن و بە گوێرەی ھەمان یاسا . بۆ ئەو مەبەستەش ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە کە پلەی وەزیفی پێویست و تەرخانکراوی داراییان بۆ دابین بکات لە چوارچێوەی خشتەی میلاکاتی ھەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بە ڕەچاوکردنی بنەمای ھێنانەدی یەکسانی لە نێوان ھەرێم و بەغدا کە ھەم دەستوور و ھەم دادگای باڵای فیدڕاڵیش جەختی لێ کردۆتەوە، بە تایبەتیش لەم قۆناغە کە پەیوەندی دارایی نێوان ھەرێم و بەغدا چووەتە ئاستێکی بەرز بە ئاراستەی یەکخستنی ڕێکارە داراییەکان و یەکخستنی شایستەی دارایی و مووچە و دەرفەتی دامەزراندن بۆ ھەمووان لەسەرتاسەری عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە.
ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بە شێوەیەکی مەبدەئی بابەتی بەھەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەسەند کرد بە ھەمان ئەو مەرج و میکانیزم و ڕێکارانەی کە حکومەتی فیدڕاڵ لەمبارەیەوە پەیڕەویان دەکات و بەگوێرەی پێداویستی و تایبەتمەندیی دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش، وەزارەتی دارایی وئابووری و ئەنجوومەنی گشتی ڕاژەی ھەرێمی کوردستان ڕاسپێردران کە ڕێکاریی پێویست بگرنەبەر بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ و لە چوارچێوەی ھەمان تەرخانکراویی ئێستای مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست کە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە خەرج دەکرێت.
سەبارەت بە سێ یەکەمی زانکۆ و پەیمانگاکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکانی دانەمەزراو و ئەوانەی کە یاسای پلەبەندیی پزیشکی دەیانگرێتەوە لە ھەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدڕاڵ پلەی وەزیفی و تەرخانکراویی دارایی پێویست دابین بکات بە گوێرەی ئەو یاسایانەی کە ھاوەڵەکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵیی پێ دامەزراوەن بە ھەمان میکانیزم و ڕێکار و مەرجە بەرکارەکان و بەگوێرەی پێداویستی وەزارەت و دامەزراوەکانی ھەرێم، ئەویش لە چوارچێوەی خشتەی میلاکاتی ھەرێم بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٥ کە بە داخەوە لە دوای ساڵی ٢٠١٣ەوە ھیچ پلەیەکی وەزیفی نوێ بۆ ھەرێمی کوردستان دروست نەکراوە و ژمارەی میلاکی ھەرێم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە گۆڕانکاری بەسەردا نەھاتووە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجوومەنی گشتی ڕاژە لە ھەرێم ڕاسپێردران کە بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و ئەنجوومەنی گشتی ڕاژەی فیدڕاڵ، ڕێکاریی پێویست بگرنەبەر.
لە بڕگەی دووەمدا دوا پێشھاتەکانی پەیوەندیدار بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق خرایەڕوو کە بڕیارە لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت.
دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان و فەھمی بورھان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم، تیشکیان خستە سەر دوایین ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی سەرژمێری و تێبینی و سەرنج و نیگەرانی و مەترسیی خۆیان لە بارەی شێواز و ئامانجی پڕۆسەکە دەربڕی.
ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، دووپاتی کردەوە کە دژی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی نین، بەڵام نابێت ئەم سەرژمێرییە بۆ ھیچ مەبەستێکی سیاسی بەکار بھێنرێت و نابێت ببێتە جێگرەوەی ھیچ ڕێکارێکی دەستووریی کە لە ماددەی ١٤٠ی دەستووردا ھاتووە. بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی پلاندانان و دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ڕاسپێردران کە تێبینی و سەرنج و نیگەرانی و پێشنیار و ڕاسپاردەکانی ھەرێمی کوردستان بگەیەننە لایەنی پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ.




