مامۆستایانی وانەبێژ: حکوومەتی ھەرێم خەونی وانەبێژانی بەدی ھێنا

ھەولێر-KDP.info- نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە ھەرێمی کوردستان گوتی: ئەمساڵ بۆ مامۆستایانی وانەبێژ جیاواز بوو، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرجەمیانی کردە گرێبەستی ھەمیشەیی، ئەوەش بۆتە جێگەی خۆشحاڵی ئێمە و حکوومەت ماندووبوونی ئێمەی لەبەرچاوگرت.
نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ، ماموستا عەلی ڕەئوف، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەمساڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن جیاوازبوو لە ساڵانی ڕابردوو، چونکە ٣٧ھەزار و ٩٣٣ مامۆستای وانەبێژ بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرانە گرێبەست، ئەمە جێگەی دڵخۆشی ھەموو مامۆستایانی وانەبێژە چونکە ھەوڵ و ماندووبوونی مامۆستایانی وانەبێژ لەبەرچاو گیرا و کرانە گرێبەستی ھەمیشەیی.
مامۆستا عەلی ڕەئوف گوتیشی: ئەوەی زیاتر بۆ ئێمە جێگەی خۆشحاڵییە ئەوەیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە، لە مانگی نۆ وانەبێژان وەکو گرێبەست مووچە وەربگرن، ھەر فەرمانبەرێک ببێتە گرێبەست پێویستە سێ فەرمانی ھەبێت ئەوانیش فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران، فەرمانی وەزارەتی دارایی و فەرمانی وەزاریی، فەرمانی ئەنجوومەن و وەزارەتی دارایی ھەیە، تەنیا ماوە فەرمانی وەزاریی بگاتە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، مامۆستایانی وانەبێژ بوونەتە گرێبەست، کارەکان تەواو دەبن و ئەوانیش وەکو فەرمانبەرانی دیکە مووچەی خۆیان وەکو مامۆستای گرێبەستی ھەمیشەیی وەردەگرن.
بڵند ئیبراھیم




