مامۆستایانی زانکۆ بۆ KDP: بەڵێكانی ڕیفراندۆم سەرفیرازییان بۆ خۆیان تۆمار کرد

سلێمانی-KDP.info- حەوت ساڵ بەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی و دەنگی ٩٣%ی خەڵکی کوردستان تێدەپەڕێت و ھێشتا کاریگەرییە ھزری و نەتەوەییەکەی لە ھەموو ئاستە جیاوازەکانەوە بە تۆکمەیی ماوە، چونکە کردەیەی کوردستانی بوو کە وای کرد ڕیشەکەی بۆ ھەمیشە بە داکوتراوی بمێنێتەوە، مامۆستایانی زانکۆش بەشێکن لەو توێژەی کۆمەڵگە کە پێیان وایە ھێشتا پێویستە قسەی جددی لەسەر ھەموو ئاستە باڵاکان لەسەر بکرێت.
پ. د. کەیوان ئازاد مامۆستا و پسپۆری مێژوو لە زانکۆی سلێمانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بۆ ئێمەی کورد ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ ڕۆژێکی مێژوویی بووە و وەک مێژوو دەمێنێتەوە کە تێیدا بۆ یەکەم جار لە مێژووی سیاسی کوردا زۆرینەی ڕەھای کورد بەڕێژەی %٩٣ دەنگی ئەرێی پێدا، ڕاستە کە پڕۆسەکە ڕووبەڕووی زۆر ئاستەنگ و بەربەست کرایەوە، بەڵام گەلی کورد بوێرانە دەنگی خۆی ھەڵبڕی.
ھەروەھا دەڵێت: لەناو ئەم مێژووە خوێناوی و سەخت و دژوارەی کورددا ٢٥ی ئەیلوول، وەک ڕۆژێکی جوان و زێڕین لە مێژووی ئێمەدا دەمێنێتەوە، ھەموو پشتیوانانی گشتپرسی و دژبەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بوونە تۆماری مێژوو، ھەرکام بە ڕوویەکدا، ئەوانەی دەنگیان بە بەڵێ دا، سەرفیرازییان بۆ خۆیان تۆمار کرد، ئەوانەشی دژی بوون، مێژوو لە لاپەرەکانی خۆیدا تۆماری کردوون و قەزاوەتیان لەسەر دەکا، ھەرچەندە دەیانگوت کاتی نییە و لە دژی خواستی زۆرینەی ڕەھای نەتەوەکەیان وەستانەوە، بەڵام ئەمەش دەبێتە تۆمار لەسەریان و ڕەنگە لە ویژدانی خۆیاندا لەسەر ئەو پرسە قەت ئاسودە نەبن کە دژی خواستی نەتەوەکەیان وەستانەوە.
ھەر لەمەڕ ڕیفراندۆم و ئەو بەروارەی ھەڵبژێردرا، د. ھەوار نێروەیی، سەرۆکی کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی دهۆک، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوتی: ئێمە لە جیھاندا شاھیدی ئەوە بووین کە زۆر نەتەوە ئەو مافەی بەکار ھێناوە و لە وڵاتە دیموکراتییەکاندا ڕێزی لێ گیراوە، بەڵام بەداخەوە لە ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاستدا کە خەڵکێکی مەزڵوومی وەک کورد ویستی مومامرسەی ئەم مافە سروشتییەی خۆی بکات، جیھان پیلانی لە دژ بەکارھێنا، ئەمە ئەوە نیشان دەدات لە ڕۆژھەڵاتی نێوەراست عەقڵیەتی قبووڵکردنی جیاوازییە نەتەوەیی و کولتوورییەکان لاوازە و یان ھەر نییە و ئەو بەرخوردەی بە مافی گەلان بۆ دیاریکردنی چارەنووس دەکرێ عەقڵیەتێکی بە دوورە لە دیموکراسی و پتر بیر لە ھێز و توندوتیژی دەکرێتەوە دژی ئەم مافە سروشتییە و بە عەقڵی ھێز دەیانەوێ پرسی جیاوازییە نەتەوەییەکان سەرکوت بکەن.
ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، بڕیارێکی ھەمەلایەنەی زۆربەی لایەنەکانی کوردستان بوو، دوای ئەوەی پێشمەرگەی کوردستان لەجیاتی ھەموو جیھان ڕووبەڕووی داعش وەستایەوە و ئەو دڕکە گەورەیەی کەوتبووە پێی جیھانەوە ھەڵی کەند و خاکی کوردستانی ھەموو لێ سەندن، بەبێ ئەوەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە ھیچ ھاوکارییەک بکرێت، گەلی کوردستان بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی، بە ھەلێکی مێژوویی زانی لەم کاتەدا ئەو بڕیارە بدەن، چونکە دەیانزانی ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە تا بە ھەموو جیھان بڵێین ئێمەی کورد ئەگەر بژارمان لە بەردەمدا بێت، دەمانەوێت چی ھەڵبژێرین، ئەوە بوو زۆرینەی گەلی کورد سەربەخۆیی کوردستانیان ھەڵبژارد.
د. کەیوان دەڵێت: پڕۆسەیەکی مێژوویی ئەوەندە گەورە بوو کە "نا"ی گوت بە زوڵموزۆری ١٠٠ ساڵەی دەسەڵاتی پاشایەتی و کۆماری و بەعسییەکان و بە ئەوانەی ئێستاشەوە کە دژی نەتەوەی ئێمەن لە عێراقدا و یاری بە قوت و ژیانی خەڵکی کوردستانەوە دەکەن و دژایەتی مافە دەستوورییەکانی دەکەن، لە کاتێکدا کە گەلی کوردستان بەردەوام بانگەشەی ئاشتی دەکات و بە کردەوە باوەشی بۆ لێقەوماوانی ئەوان کردووەتەوە.
سەبارەت بە گرنگیی ڕیفراندۆم بۆ داھاتووی گەلی کورد، د. سانع شەریف، مامۆستا لە کۆلێژی یاسا و زانستە سیاسییەکان و بەڕێوەبردن لە زانکۆی سۆران لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بە ڕێبەرایەتی سەرۆک بارزانی دەستکەوتێکی مەزنی نەتەوەیی و سیاسی گەلی کورد بوو لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دا، ئەم کارە ڕەنگدانەوەی خواستەکانی گەلی کوردستان بوو، ھاوکات مشتومڕی یاسایی و دەستووری سەبارەت بە شەرعیەتییەکەی، چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی جیھانیدا بە دوای خۆیدا ھێنا.
ھەروەھا دەڵێت: لە ڕووی مێژوویی و سیاسیشەوە، وەرچەرخانێکی زێرین بوو لە بزاڤی ڕزگاریخوازی کورددا.
د. کەیوان، مامۆستاکەی زانکۆی سلێمانیش لەسەر گرنگیی ڕیفراندۆم بۆ داھاتوو دەڵێت، ئەنجامی گشتپرسی مافی ئێستا و نەوەکانی داھاتووی ئەم گەلە ستەملێکراوەیە کە کار بە ئەنجامەکەی بکەن وەک مافی شەرعی و یاسایی خۆیان بیخەنە سەر مێزی دانووستان لە پێناو سەربەخۆیی باشوری کوردستان.
د. نێروەییش دەڵێت: دەبێ ڕیفراندۆم بقۆزینەوە بۆ پرسی یەکچارەنووسی و یەکڕیزی لە نێوان ھەموو پێکھاتە و لایەنە سیاسییەکاندا چونکە مافەکە پەیوەستە بە چارەنووسی ھەموو لایەکمانەوە و تەنھا بۆ گروپ و لایەنێک نییە بەڵکو مافی سروشتی ھەموومانە.
دکتۆر سانع، مامۆستاکەی زانکۆی سۆران کە پسپۆڕی یاساییە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە دیباجەی دەستووری بەرکاری عێراقدا ھاتووە کە، مانەوەی پێکھاتەکانی عێراق مانەوەیەکی ئارەزوومەندانەیە نەک ئیجباری، جگە لەوەش تێیدا ھاتووە کە پابەندبوون بە دەستوور بەندە بەجێبەجێکردنی دەستوورەوە، ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە سەیری ڕاپرسی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان بکەین ئەوا پێچەوانەی دەستوور نییە، بەتایبەتی کە داواکارییەکانی کورد لە دەستووردا تاوەکو ئەمرۆش جێبەجێ نەکراوە، بەتایبەتی تر مادەی ١٤٠، جیا لە دەستووری عێراق، لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی پرەنسیپێکە لە چەندین ئامرازی یاسایی نێودەوڵەتیدا چەسپاوە، دیارترینیان میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیمانی نێودەوڵەتیی بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەکان کە لە مادەی یەکدا ھاتووە دەڵێ گەلان دەتوانن "بە ئازادی پێگەی سیاسی خۆیان دیاری بکەن و ئازادانە بەدوای گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری خۆیاندا بگەڕێن.
سەلاح جەلال




