سەرۆکی حکوومەت لە قوتابخانەی "نەجیبەخانی جەلی زادە"ـی کۆیە زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێ دا

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2024، پرۆسەی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت لە قوتابخانەی "نەجیبەخانی جەلی زادە"ـی کۆیە زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025ـی لێ دا.
سەرۆکی حکوومەت لە گوتاری ڕێوڕەسمەکەدا، دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025، لە هەموو قوتابی و مامۆستایانی هەرێمی کوردستان پیرۆز کرد و جەختی لەوە کردەوە، مامۆستایان "هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی خزمەتکردنی گەل و وڵاتەکەمان بوون بەوەی کە نەوەیەکی نوێ پەروەردە دەکەن".
سەرۆکی حکوومەت هیوای خواست ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025، "ساڵی ئارامی و سەرکەوتن و خۆشی بێت بۆ هەموو قوتابییان و لە ئێستاوە ئارەزووی سەرکەوتن بۆ هەموو قوتابییانی خۆشەویست لەم قوتابخانەیە و لە سەرتاسەری کوردستان دەکەم".
مەسروور بارزانی لە بەشێکی گوتارەکەیدا باسی لە قوتابخانەی "نەجیبەخانی جەلی زادە" کرد و گوتی، "نەجیبەخان پێش 100 ساڵ وەکوو یەکەمین کچ بۆ قوتابخانەیەکی تێکەڵاو نێردرا کە لەو سەردەمە بابەتی جیاوازیی ڕەگەزیی نەک تەنیا لە کوردستان، لەسەر ئاستی دونیا شتێکی زۆر دیار بوو، بەڵام بە ناردنی نەجیبەخان بۆ قوتابخانەیەکی تێکەڵاو، سەردەمێکی نوێ دەستی پێ کرد".
بە گوتەی سەرۆکی حکوومەت، "کۆیە هەر لە دێرزەمانەوە مەڵبەندی زانست و مەعریفە و شیعر و پێگەیشتن وشوێنی پێشکەوتن بووە و خەڵکی زۆر زانا و گەورەی لێ هەڵکەوتووە".




