فوئاد حوسێن: ھەردوو لایەنی ئەمەریکی و عێراق لەسەر چەند خاڵێک مشتومڕیانە

نیویۆرک-KDP.info- فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە نیویۆرک بە میدیاکانی ڕاگەیاند، پێدانی چەکی قورس بە پێشمەرگە بە ڕەزامەندی حکوومەتی عێراق بووە و ھیچ کێشەیەکی نییە و وەزارەتی بەرگری عێراقیش ڕوونکردنەوەی داوە کە ھیچ گرفتێک نییە.
وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی ڕێککەوتنی ئەمەریکا و عێراق گوتی: کۆبوونەوەی ھاوبەشی حکوومەتی فیدراڵ و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەردەوامە لەسەر ڕێککەوتنی ئەمنی و لەسەر چەند خاڵێک ماوە بگەنە ڕێککەوتن، ئەگەر گەیشتینە ڕێککەوتن ئەوا ھەفتەی داھاتوو بەیاننامەی ڕێککەوتنەکە بڵاو دەکرێتەوە، بەڵام ئێستا ھەردوو لایەنی ئەمەریکا و عێراق لەسەر چەند خاڵێک مشتومڕیانە.
لەسەر پرسی دارایی نێوان عێراق و ھەرێمی کوردستان، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروبارەی دارایی گوتی: لە سەردانەکەی شاندی دارایی عێراق بۆ ھەولێر و بەشداربوون لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ئابووری، پرسی مووچە و بوودجە چارە بوون، ھۆکاری دواکەوتنی مووچە پەیوەندیی بەو بیرۆکراتییەوە ھەیە کە لە بەغدا ھەیە.




