چاوەڕێ دەکرێت سبەی سەرۆکی حکوومەت خۆی زەنگی ساڵی تازەی خوێندن لێبدات

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سبەی زەنگی یەکەم رۆژی دەستپێکی ساڵی تازەی خوێندن لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان لێدەدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاریی تەواو کراوە و پێداویستیش بۆ سەرجەم قوتابخانەکان دابین کراوە و ھەموو پەروەردەکانیش ئاگادار کراونەتەوە.
دکتۆر سەیوان عەلی فەرەج، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، سبەی ٢٥/٩/٢٠٢٤ زەنگی یەکەم رۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان لێدەدرێت و چاوەڕێش دەکرێت سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی ئامادەی مەراسیمی لێدانی زەنگی دەستپێکردنی ساڵی تازەی خوێندن بێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاریی تەواو کراوە و وەزارەت ھەرچی پێویستە ئەنجامی داوە و کەلوپەل و پێداویستیی خوێندن دابین کراوە، تا ئێستاش ھیچ گرفتێک لە بەردەم دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن نییە.
بریکاری وەزارەتی پەروەردە گوتیشی، ئەمساڵ جیاوازترە لە ساڵانی ڕابردوو، بەوپێیەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرجەم وانەبێژانی کردووە بە گرێبەست، ئەمەش گوڕوتینێکی دیکە بە مامۆستایان دەدات و ھەنگاوێکی زۆر گرنگە، بۆیە ئومێد دەکەین ساڵێک بێت کە خزمەتی زیاتری پەروەردە و قوتابیان بکرێت لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستاندا. ئێمەش سەرجەم پەروەردەکانمان ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەوەی سبەی ساڵی نوێی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان دەست پێبکات.
دەشڵێت، ئەمساڵ بە بەشداریی زیاتر لە ملیۆنێک و ٧٠٠ ھەزار قوتابی ساڵی نوێی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان دەست پێدەکات.
بڵند ئیبراھیم




