سەرۆکی کۆمسیۆن بۆ KDP: سەرۆکی حکوومەت تکای کرد بانگەشەی ھەڵبژاردن توند نەبێت

ھەولێر-KDP.info- لە ماوەی ڕابردوودا، سەرۆک بارزانی و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە، کە پێویستە بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی ھێمن و ئارام و دوور لە ناوزڕاندن و سوکایەتی بەڕێوە بچێت، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، دەستپێشخەریی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی بانگەشەیەکی ھێمن و ئارام، زۆر گرنگە و پێویستە لایەنەکانی دیکەش پابەندی ئەوە بن بانگەشە دوور لە توندوتیژی و یەکترشکاندن و بە ھێمنی و ئارامی بەڕێوە ببەن.
ھەندرێن محەممەد ساڵح، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بانگەشەی ھەڵبژاردن بەشێکی گرنگی پڕۆسەی ھەڵبژاردنە، بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی ھێمن و ئارام و دوور لە توندوتیژی بێت و بە یاساش ئەوە قەدەغە کراوە، لەبەر ئەوە پێویستە پەیامێکی نیشتیمانپەروەرانە بێت و لە خزمەتی خەڵکدا بێت، چونکە ئارامی وا دەکات کەشی ھەڵبژاردن خۆش بێت و بە ھێمنی بەڕێوە بچێت.
ناوبراو ئاماژەشی دا، پێویستە بانگەشە، دوای ھەڵبژاردنیش کاریگەری لەسەر پێکھێنانی حکوومەت نەبێت، چونکە ئەوانەی سەردەکەون، ھەمووان پێکەوە کۆدەبنەوە و خزمەتکردنیش تەنیا بە کەسێک ناکرێت، بەڵکو خزمەتی خەڵک لە ڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە دەکرێت، لەبەر ئەوە ناکرێت بانگەشە بە جۆرێک بێت کاریگەری لەسەر ئەمن و ئاسایشی خەڵک و دەروونی خەڵک ھەبێت و پێویستە بە ھێمنی و ئارامی بێت.
ساڵح گوتیشی: دەستپێشخەریی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی بانگەشەیەکی ئارام، زۆر گرنگە ئەوەش بیردێنێتەوە کە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دەستپێکی یەکێک لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران باسی لەوە کرد، تکایە بانگەشەی ھەڵبژاردن توند نەبێت، بۆ ئەوەی بەیانی شەرم لە یەکتر نەکەین پێکەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشین بۆ پێکھێنانی حکوومەت، چونکە حزبەکان داوا لە خەڵک دەکەن دەنگیان پێ بدرێت و ئەوانیش خزمەتیان بکەن، کە بێگومان خزمەتکردن لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکان دەکرێت، بۆیە پێویستە لایەنەکان لە ئێستادا خۆیان یەکلا بکەنەوە بانگەشە بە ئارامی و بێ یەکترشکاندن و توندوتیژی بەڕێوە بچێت.
دەشڵێت: خەڵکی ھەرێمی کوردستان ھۆشیارە و ئاگاداری ھەموو شتێکن و لە سیاسەتیش ئاگادارن و شت دەخوێننەوە، بۆیە بانگەشەی توندوتیژی کاریگەریی خراپی لێ دروست دەبێت، چونکە ئەنجامیشی نەرێنی دەبێت و بەڵگەش ھەیە ھەر بانگەشەیەک توندوتیژ بووبێت، ڕێژەی بەشداریکردن کەم بووە، لەبەر ئەوەی خەڵک لێی دەڕەوێتەوە و بەشداری لە ھەڵبژاردنێکدا ناکات فەوزا دروست بێت، بەڵام ئەگەر بانگەشە ئارام بێت و نیشتمانپەروەرانە بێت و لە کەشێکی ئارامدا بێت، خەڵک زیاتر بەشدار دەبن، بۆیە گرنگە لایەنەکان ئەو دەستپێشخەرییەی پارتی قبووڵ بکەن و بە شێوەیەکی ئارام بانگەشە بەڕێوە بچێت.
بڵند ئیبراھیم




