نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ڕێکخستنەکانی پارتی لە سۆران کۆبووەوە

سۆران-KDP.info- لە بەردەوامیی بەرنامەکەیدا بۆ بەسەرکردنەوەی ڕێکخستنەکانی پارتی، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٤/٩/٢٣ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ بەرپرس و ستافی ھەردوو لقی ١٠ی سۆران و ٢٦ی گوڵان و ڕێکخستنەکانی پارتی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئامادەی بوون، باس لە کاری ڕێکخراوەیی و ئەرکی ڕێکخستنەکانی پارتی لەو سنوورەدا کرا، ھەروەھا ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ڕۆڵی کادیران و ئەندامان و جەماوەری پارتی بۆ سەرخستنی ھەڵبژاردن، خرایە بەر باس.
لەمبارەیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە ئەرکی ڕێکخستنەکان و جەماوەری پارتییە بە ھەموو شێوەیەک کار بۆ سەرخستنی ھەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان بە ڕێکوپێکی بکەن. ھەروەھا جەختی لە پابەندیی ھەموو لایەک بە بانگەشەیەکی ئارام لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکاندا، کردەوە.
لە دوا تەوەری کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان دەربارەی چەند پرسێکی پەیوەست بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەوە، سەرنج و تێبینییەکانیان، خستە ڕوو.





