وەزیری بازرگانی ھەرێم ئەم داواکارییەی لە فەرەنسا کرد

پاریس -KDP.info- وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: دەمانەوێت ئاڵوگۆڕی کەلوپەلی بازرگانی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و فەرەنسا ھەبێت و ھەرێمی کوردستان ببێتە بازاڕێکی گەورە بۆ فەرەنسا، فەرنساش ببێتە بازاڕێک بۆ ساخکردنەوەی کەلوپەلی ھەرێمی کوردستان، چونکە فەرەنسا ئەزموونێکی باشی لە کەرتی پیشەسازی و بازرگانی هەیە.
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکەم کۆڕبەندی ئابووری نێوان ھەرێمی کوردستان و فەرەنسا لە پاریس، لە لێداوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی ئابووری ھەرێمی کوردستان و فەرەنسا زۆر گرینگە، چونکە لەو کۆڕبەندە ڕوونکردنەوەیەکی باشمان لەبارەی گرینگی ھەرێمی کوردستان بۆ وەبەرھێنان و دەرفەتی کار و لەباری ژینگەی ھەرێمی کوردستان بۆ کاری وەبەرھێنان پێداون و داوامان لە فەرەنسا کرد وەبەرھێنەرەکانیان بێنە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان بکەن.
کەمال موسلیم گوتیشی: ھەرێمی کوردستان و فەرەنسا پەیوەندی باشی سیاسییان ھەیە، لەبەر ئەوە گرینگە پەیوەندییە ئابوورییەکانیش باش بن، بۆیە ئەو کۆڕبەندە گرینگ بوو، چونکە وەبەرھێنەرانی فەرەنسا وا تێگەیشتبوون ھەرێمی کوردستان وەکو ناوچەکانی دیکەی عێراق ئارام نییە، بۆیە داوامان کردووە سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ھەرێمی کوردستان ببینن، ئەوکات دەتوانن کارگە دامەزرێنن، ئێمەش وەکو ھەرێمی کوردستان تەواوی ئاسانکاریان بۆ دەکەین.
وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: دەمانەوێت ئاڵوگۆڕی کەلوپەلی بازرگانی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و فەرەنسا ھەبێت و ھەرێمی کوردستان ببێتە بازاڕێکی گەورە بۆ فەرەنسا، فەرنساش ببێتە بازاڕێک بۆ ساخکردنەوەی کەلوپەلی ھەرێمی کوردستان، چونکە فەرەنسا ئەزموونێکی باشی لە کەرتی پیشەسازی و بازرگانی هەیە.
بڵند ئیبراھیم




