٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. عومەر بۆ KDP: حكوومەت دووربین و لێزان بووە لە پەرەپێدانی رێگاكان

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- پسپۆڕێکی بواری جوگرافیای ئابووری پێی وایە، پەرەپێدانی بوارەکانی گەشەپێدانی رێگاوبان، کە یەکێک لە سیاسەتەکانی کابینەی نۆیەم بووە و گرنگیی زۆری پێ داوە، دەبێتە هۆی وەجووڵەخستنی ئابووری و پێکەوەگرێدانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و گەشەسەندنی بازرگانی و گواستنەوە و گەشتیاری.

پ. ی دکتۆر عومەر حەسەن، سەرۆکی بەشی جوگرافیا لە زانکۆی سۆران، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە سیاسەت و پڕۆژە و بەرنامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا رایگەیاند: رێگاوبان لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا بە شادەماری جووڵە و بەرەوپێشچوون و گەشەسەندنی ناوچە شارنشینی و لادێیەکان دادەنرێت، ئەمەش لەبەر ئەو رۆڵەی هەیەتی لە بابەتی بەستنەوەی ناوچەكانی خزمەتگوزاری بە دانیشتووانەوە و لەبەر هاوبەشیكردنی لە كارلێكردنی شوێنی نێوان سەرجەم چالاكییەكان لە هەر ناوچەیەك بێت، بۆیە هەردەم پلاندانەران بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی هەر ناوچەیەك لە سەرجەم رووەكانەوە، بە پلە یەك دوای بەكارهێنانی زەوی بە مەبەستی نیشتەجێبوون، بایەخ بە بەرەوپێشبردنی رێگاوبانەكان دەدەن. هەر بۆیە رێگاوبان بووە بە یەكێک لە خزمەتگوزارییەكانی ژێرخان لە ناوچە شارنشین و لادێنشینەكاندا و رۆڵێكی بەرچاو دەگێڕێت لە بەهێزكردنی گەشەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی، بە شێوەیەك هاوبەشی دەكات لە باشتركردنی جووڵەی ئابووری و بەهێزكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، زیادكردنی كارایی بەرهەمهێنان و تەنانەت بە پێوەرێكی گرینگ دادەنرێت بۆ پێوانەكردنی ئاستی بەرەوپێشچوونی هەر ناوچەیەك.

د. عومەر ئاماژەشی دا: دەكرێت بڵێین سێكتەری گواستنەوە هاوبەشە لە گەشەپێدانی ئابووری لە رێگای بەستنەوەی ناوچەكانی بەرهەمهێنان بە ناوچەكانی بەكاربردن و زامنی گواستنەوەی تاكەكان و كەرەستەی خاو و كەلوپەلەكان لە ناوچەكانی وەبەرهێنان و بە پێچەوانەوە، و بە فاكتەرێكی یارمەتیدەر دادەنرێت بۆ وەبەرهێنانی دەرامەتە سرووشتییەكان كە هەر  دەكەوێتە ناوچە دوورەدەستەكانەوە.

ناوبراو سەبارەت بە سیاسەتەکانی حکوومەتی هەرێم گوتی: دەكرێت بڵێین، كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووربین و لێزان بووە لە پەرەپێدانی رێگاكان و فراوانكردن و نوێكردنەوەی رێگاوبانەکان، لەبەر درکكردنی بە بایەخی ستراتیجی ئەو كەرتە و توانیویەتی لەو ماوەیەدا زیاتر لە سەدان كیلۆمەتر رێگا قیرتاو بكات و نۆژەن بكاتەوە، كە لە ئەنجامدا رەنگدانەوەی بەرچاوی هەبووە لەسەر ئەو لایەنانەی خوارەوە:

1. بەهێزكردنی جووڵە و گواستنەوەی رۆژانەی تاكەكان چی بۆ مەبەستی كار بێت یان فێركردن یان چالاكییە كۆمەڵایەتییەكان، لە ئەنجامدا بووەتە هۆی ساناكردنی جووڵە و هاوبەشیكردنی لە باشتركردنی كوالێتی ژیان.

2. پاڵپشتیكردنی ئابووری، لە رێگای ئاسانكردنی گواستنەوەی كەلوپەل و خزمەتگوزارییەكان، چونكە رێگاوبان بازرگانیی ناوخۆیی و دەرەكی بەهێز دەكات و لە ئەنجامدا دەبێتە مایەی گەشەی ئابووری و زیادكردنی داهات.

3. باشتركردنی گەیشتن بە خزمەتگوزارییەكان، کە رێگاوبانەكان گەیشتن بە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان وەك نەخۆشخانە و قوتابخانە و دامەزراوە میرییەكان ئاسان دەكات، بەو شێوەیە هاوبەشی دەكات لە باشتركردنی ئاستی ژیان.

4. بەرەوپێشبردنی ناوچە لادێنشینەكان، رێگاكان ناوچە دوورەدەستەكان و لادێکان بە سەنتەرە شارنشینییەكان دەبەستێتەوە، هەر بۆیە هاوكار دەبێت لە دابەشكردنی هەلە ئابوورییەكان بە شێوەیەكی هاوسەنگتر.

5. کەمكردنەوەی تێچووی گواستنەوە، رێگا باشەكان كاتی گواستنەوە و تێچووی سووتەمەنی و چاككردنەوە كەم دەكەنەوە، ئەمانەش بە شێوەیەكی ئەرێنی رەنگ دەدەنەوە لەسەر كارە بازرگانی و بەكاربەرەكان.

6. بەهێزكردنی گەشتوگوزار، ژێرخانی رێگا باشەكان گەیشتنی گەشتیاران بە ناوچە گەشتوگوزارییە جیاوازەكان ئاسان دەكات، هەر بۆیە چالاكیی سێكتەری گەشتوگوزار دەبووژێتەوە و دەبێتە پاڵپشت بۆ ئابووریی لۆكاڵی.

7. رێگا دیزاینكراوەكان بە شێوەیەكی باش روداوەكانی هاتوچۆ كەم دەكەنەوە، گەیشتنی خزمەتگوزارییەكانی فریاكەوتن ئاسانتر دەكەن بۆ رزگاركردن لە دۆخە لەناكاوەكان.

8. پاڵپشتیكردنی گەشەپێدانی شارنشینی، چونكە رێگاكان هاوبەشی دەكەن لە رێكخستن و فراوانبونی شار و ناوچە شارنشینییەكان و دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوونی ناوچە نوێ و پرۆسەی بنیاتنانی كۆمەڵگاكانی نیشتەجێبوون و سەنتەرە بازرگانییەكان ئاسانتر دەكات.

9. دابەزاندنی تێچووی بەرهەمهێنان، رێگای هاتوچۆی كاریگەر دەبێتە مایەی كەمكردنەوەی تێچووی گواستنەوەی كەلوپەلەكان لە ئەنجامدا دەبێتە مایەی دابەزاندنی تێچووی بەرهەمهێنان و دابەشكردن، هەر بۆیە توانای كەلوپەلی خۆماڵی بۆ کێبەرکێی بەرهەمی دەرەكی زیاتر دەكات.

دەشڵێ، جگە لەوانەی باس كرا، ریگاوبان و گواستنەوە و گەیاندن دەبێتە مایەی راكێشانی وەبەرهینانی زیاتر بۆ ناوچەكان و رەخساندنی هەلی كاری زیاتر بۆ ئەوانەی لە چاككردنەوەی رێگاكان كار دەكەن، هەروەها كەرتی كشتوكاڵ دەبووژێنێتەوە لە رێگای بەستەوەی بە بازاڕەكان و پاڵپشتی گەشەپێدانی بەردەوام دەبێت، کە بە شێوەیەكی گشتی رێگاکانی گواستنەوە بە بڕبڕەی پشتی چالاكیی ئابووری دادەنرێن و بەرەوپێشبردنی بە شێوەیەكی بەردەوام، دەبێتە هۆی گەشە و بووژانەوەی ئابووری لە مەودای دووردا.

 

سەلاح جەلال

 

هەواڵی پەیوەندیدار