٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ماڵپەڕی KDP پڕۆژە ستراتیژییەکانی دھۆک بە داتا و ئامار بڵاو دەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- لە پارێزگای دھۆک، ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژیی وەبەرھێنان مۆڵەتیان پێ دراوە و کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە بە سەرمایەی سەدان ملیار دینار و بە ھەزاران ھەلی کاریشیان ڕەخساندووە، کە زۆرینەشیان  تەواو بوونە و کەوتوونەتە خزمەت ھاووڵاتیانەوە.

بەپێی ئامارێکی پارێزگای دھۆک، کە تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان نێردراوە، پڕۆژەی تێرمیناڵی دھۆک بۆ گواستنەوەی گشتیی نێودەوڵەتی لە ناوچەی سێمێل بە گوژمەی ١٤٥ ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت، کە ھەزار و ١٠٠ هەلی کار دەڕەخسێنێت و ٩٥%ی تەواو بووە، کە ئەو پڕۆژەیە لەسەر ڕووبەری ٢٧٣ ھەزار مەتر دووجا ئەنجام دراوە و پڕۆژەکە پێکدێت لە بینای سەرەکیی تێرمیناڵ بۆ گواستنەوە، کە لە سێ قات پێکدێت لەگەڵ گۆڕەپانی وەستانی ئۆتۆمبێل بە ڕووبەری ٦١ ھەزار مەتر دووجا و ٥٩ پێشانگای ئۆتۆمبێل لەسەر ڕووبەری ٧٢ مەتر دووجا و ٥٢ کۆگا لەسەر ڕووبەری ٨٤ مەتر دووجا و هۆتێلێکی چوار ئەستێرە و بەنزینخانە و شوێنی پشوودانی سەردانیکەران و خواردنگە و شوێنی شوشتنی ئۆتۆمبێل.

بەپێی ئامارەکە، یەکێکی دیکە لە پڕۆژەکان، پڕۆژەی کۆمەڵگای خزمەتگوزاریی پیشەسازی ئۆتۆمبێلە لە ناوچەی ئالۆکا لە ناحیەی فایدە، کە بە گوژمەی ٩٠ ملیار دینار جێبەجێ کراوە و ١٠ هەزار دەرفەتی کار دەڕەخسێنێت و رێژەی تەواوبوونی ٩٠% و لەسەر ڕووبەری ٣٠٠ دۆنم زەوی دروست کراوە، پڕۆژەکەش پێکدێت لە ٢ ھەزار و ٣٧٨ شوێنی پیشەسازی و شەش سەنتەری خزمەتگوزاری و سیستمی ئاگرکوژێنەوەی ژێر زەوی و خواردنگە و کافتریا و شوێنی شوشتنی ئۆتۆمبێل و ٧٥%ی دەستی کاری خۆماڵییە.

هەروەها گەورەترین پڕۆژەی بەرھەمی ماسی لە کوردستان بە گوژمەی ١٤ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار دروست کراوە، کە ٥٠٠ ھەلی کار دەڕەخسێنێت و لەسەر ڕووبەری ٢٢٩ دۆنم زەوی دروست کراوە و قەبارەی بەرھەمی لە قۆناغی یەکەم ٢١ملیۆن ماسییە و پڕۆژەکە پێکدێت لە حەوزی ماسی و تاقیگە و کارگەی عەمبارکردنی گۆشتی ماسی لەناو قۆدی بە قەبارەی ھەزار و ٢٠٠ تۆن.

هەر بە گوێرەی ئامارەکە، پڕۆژەی نیوگۆڵد بۆ بەخێوکردنی گۆلک لە باتێلێ لە دەڤەری سێمێل بە گوژمەی ١٢ ملیار و ٣٢٥ ملیۆن دینار جێبەجێ کراوە، کە ٩٠ دەرفەتی کار دەڕەخسێنێت و پڕۆژەکە بە رێژەی ١٠٠% تەواو بووە لەسەر ڕووبەری ٢ دۆنم زەوی و قەبارەی بەرھەمھێنان ٢١ ھەزار و ٦٠٠ گۆلکە و پڕۆژە پێکدێت لە شوێنی حەوانەوەی گۆلک و سەربڕخانە و شوێنی کارگێڕی و شوێنی فاکسیندان.

جگە لەوانەش، پڕۆژەی کارگەی چەم بۆ بەرھەمھێنانی ئاوی تەماتە و مرەبا و جۆری سۆسەکان و چاندنی شتڵی تەماتە بە گوژمەی ٧ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینار جێبەجێ کراوە و ٥٦ هەلی کاری رەخساندووە و رێژەی ئەنجامدانی ١٠٠% تەواو بووە لەسەر ڕووبەری ٦٢ ھەزار و ٥٠٠ مەتر دووجا دروست کراوە، پڕۆژەکەش پێکدێت لە ھۆڵ و کۆگای سەرەکیی وەرگرتنی کەرستەی سەرەکی و شوێنی شوشتنی میوە و کۆگای ساردکەرەوەی میوە و زۆنی بارکردنی بەرھەم و شوێنی پڕکردنی بەرھەم و شوێنی دروستکردنی کەچەب و ماینۆز و تاقیگە و قەپان و ژووری کارگێڕی و پارک و سەوزایی.

هەروەها پڕۆژەی پیشەسازیی خۆراک لە کانی سپی لە ناوچەی سێمێل بە گوژمەی ٧٠ ملیار و ١٠٧ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دینار جێبەجێ کراوە، کە ١٠ ھەزار ھەلی کار دەڕەخسێنێت و پڕۆژەکە پێکھاتووە لە ٥٧ کۆگای بەفرگر و ٩٢ کۆگای ساردکەرەوە و ٨٠ کۆگای نۆڕماڵ و بانک و پەیمانگای پیشەسازی و شوێنی حەواندنەوەی کرێکار و خواردنگە و ئۆفیس و سەنتەری وەرزشی و پێشانگای بەرھەمی خواردن و ھەموو خزمەتگوزارییەکی دیکە، کە ژمارەیان بە گشتی ٢٧٥ کارگەی پیشەسازی و ٢٢٩ کۆگای جۆراوجۆرن.

بەپێی هەمان ئامار، پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی هۆتێلی پێشووی سەرسنگ لە قەزای ئامێدی بە گوژمەی ٦ ملیار و ٧٦٥ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار دینار جێبەجێ کراوە، کە ٣٥ هەلی کار دەڕەخسێنێت و پڕۆژەکە ڕووبەرەکەی ١٤ ھەزار و ٩٢٠ مەتر دووجایە و پێکدێت لە ٢ قات و ١٨ ژووری نووستن و خواردنگە و کافتریا و شوێنی نووستنی کارمەندان.

هەروەها پڕۆژەی کارگەی جووتیار بۆ بەرھەمھێنانی فینگەر لە پەتاتە لە روڤیا بە گوژمەی ١٤ ملیار و ٢١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار جێبەجێ دەکرێت، کە رێژەی تەواوبوونی ٨٠%یە کە لەسەر ڕووبەری ٣٧ھەزار و ٥٠٠ مەتر دروست کراوە و پڕۆژەکە پێکدێت لە ھۆڵی بەرھەمھێنان و ١٠ هۆڵی ساردکەرەوەی بەرھەم و پێشانگا و ژووری کارگێڕی و پارک و سەوزایی.

لەگەڵ پڕۆژەی کارگەی بەرھەمھێنانی بۆن و کلێنکس و شامپۆ و سابوون و دایبی، کە بە گوژمەی ٥٣ ملیار و ٦٥٠ ملیۆن دینار ئەنجام دراوە و ٥٠٠ هەلی کار دەڕەخسێنێت و رێژەی ئەنجامدانی ٨٥%یە و لەسەر ڕووبەری ١٣٠ هەزار مەتر دووجا دروست کراوە، پڕۆژەکەش پێکدێت لە کۆگای کەلوپەلی خاو بۆ بەرھەم و ئامێرەکان و کۆگای شامپۆ و بۆن و شوێنی چارەسەرکردنی ئاوی گران و ژووری کارگێڕی و پارک و سەوزایی.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار