٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆن بۆ KDP: پێویستە لایەنەکانی دیکەش وەكو پارتی بیربکەنەوە

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- لە ماوەی  ڕابردوودا، سەرۆک بارزانی و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە، کە پێویستە بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی ھێمن و ئارام و دوور لە ناوزڕاندن و سوکایەتی بەڕێوە بچێت، سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای  سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەڵێت، زۆر گرنگە حیزبێکی گەورەی وەکو پارتی ئەو داوایە بکات، بۆیە پێویستە لایەنەکانی دیکەش پابەند بن و بانگەشە بە شێوەیەکی ھێمن بەڕێوە بچێت.

سەربەست مستەفا، سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەو داواکارییەی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت و پارتی وەکو حیزبێکی گەورە سەبارەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەیکەن، زۆر گرنگە و پێویستە ھەر ھەڵبژاردنێک بکرێت لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوە بچێت، چونکە خەڵکی کوردستان چیتر بەرگەی ئەوە ناگرێت بانگەشە بە شێوەیەکی ناسرووشتی بەڕێوە بچێت و خەڵک بێتە سەر شەقامەکان و لە سۆشیال میدیا قسەی ناشیاو بکرێت و ھێرشی سەر یەکتر بکرێت، بۆیە پێویستە ھەر لایەنێک کاندیدەکانی خۆی کۆنتڕۆڵ بکات و رێگە نەدرێت ھێرشی سەر یەکتر بکەن، چونکە رێگای دیکە ھەن بۆ ئەوەی ھەر لایەنێک پەیامی خۆی بگەیەنێت وەکو ئەوەی پارتی داوای دەکات.

مستەفا گوتیشی، لایەنەکان ئەوەی خزمەتی کردووە  دەتوانێت باسی دەستکەوتەکانی خۆی بکات و باسی ئەوە بکات لە داھاتوودا چۆن خزمەتی خەڵک دەکات، کە کۆمەڵێک کێشەمان ھەن و بە ھێرشکردن و یەکترشکاندن چارە ناکرێن، سوکایەتی و ناوزڕاندنیش ھیچ سوودێکی بۆ خەڵک نابێت و خەڵک چاوی لەوەیە خزمەتی بکرێت، لەبەر ئەوە پێویستە باسی چارەنووسی خەڵک بکەین، بۆیە خەڵکی ھەرێمی کوردستان ھۆشیارە و پێویستی بە خزمەتکردن ھەیە نەک بە یەکترشکاندن، حیزبێکی گەورەی وەکو پارتیش گرنگە ئەو داواکارییە بکات و پێویستە لایەنگرانی حزب و لایەنەکانی دیکەش بە ھەمان شێوە بیربکەنەوە و پابەندی ئەوە بن بانگەشەی ھەڵبژاردن بە شێوەیەکی ھێمن و ئارام بەڕێوە بچێت.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار