کوردانی تاراوگە بۆ KDP: بە منداڵەکان دەڵێین سەیرکەن کوردستان لە پێشکەوتندایە

ھەولێر-KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، بەردەوام لە ھەموو سێکتەرەکان لە پێشکەوتندایە، ئەوەش وای کردووە ببێتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری و بازرگانی، کوردانی تاراوگە باس لەوە دەکەن کە دڵخۆشن دەبینن وڵاتەکەیان بەردەوام لە پێشکەوتن و گەشەکردندایە.
بەیان عەبدوڵڵا نووری، دانیشتووی دەوڵەتی دانیمارک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە وردی چاودێریی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەکەم لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەرباری ئەو فشارەی لە بەغداوە بۆسەر حکوومەت دروست دەکرێت و قەیرانی ئابووریمان بۆ دەخوڵقێنن، بەڵام دەبینین لە سێکتەرەکانی تەندروستی و پەروەردە و ڕێگاوبان، بەردەوام کوردستان لە پێشکەوتندایە".
بەیان دەڵێ: "بەراوردی ڕێگاوبانی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتانی تردا بیکەی، جیاوازیی گەورەی ھەیە، دڵخۆش دەبم قوتابخانەیەک دەکرێتەوە وادەزانم کۆشکێک بۆ من کراوەتەوە، پێشانی منداڵەکانمی دەدەم و دەڵێم سەیری بکەن کوردستان لە پێشکەوتندایە، دەتوانم بڵێم منداڵەکانم لە گەنجانی کوردستان زیاتر ئاگایان لە دۆخی پێشکەوتنەکانی کوردستانە".
موحسین جوامێر، نووسەر لە وڵاتی سوید، قسەی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: "زۆر چاودێریی گۆڕانکارییەکانی کوردستان دەکەم، بەڕاستی بەردەوام لە ھەموو سێکتەرەکان پێشکەوتووە و بڕوامان وایە پێشکەوتووتر دەبێت، ئەگەر ئەو شەڕەی بە کوردستان دەفرۆشرێت لە بەغداوە نەبێت، ئەوە من گوتوومە خۆشگوزەرانیی سوید لە کوردستان بەدی دەکرێت".
جوامێر گوتی: "کوردستان لە چاو دەوڵەتانی دەوروبەر پێشکەوتووترینە، ھیوای ئێمە ئەوەیە پاش ھەڵبژاردن وڵاتەکەمان ھەنگاوی گەورەتریش بنێت، کاک مەسروور سەرۆکوەزیرانێکی دەوڵەتمەدارە، دڵنیام دوای ھەڵبژاردن زیاتر خزمەت گوزارییەکان پێشدەکەوێت و چاومان لە کوردستانە".
عەزیز ڕەسووڵ





