لەبارەی دابەشکردنی نەوت لەناو شار KDP زانیاری ئاشکرا دەکات

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر ڕایگەیاند، بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەوتی سپی بە خێرایی بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش دەکرێت و تا سەرەتای مانگی داھاتوو لەناو شاریش دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
ئاری کاکەشین، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەوتی بۆ دابین کردووین و لەھەر چوار قەزای شەقڵاوە, کۆیە, ھەریر و پیرمام و لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش لە سیدەکان و چۆمان دەستی پێکردووە، کە نزیکەی ١٠ ڕۆژ دەبێت و ھەر خێزانێک ٢٠٠ لیتر نەوتی پێدەدرێت و نرخیشی ١٠٤ ھەزار دینارە.
کاکەشین گوتیشی: سبەی لە دەوروبەری ھەولێریش دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی دەکرێت و لە کۆتایی ئەم مانگە یاخود سەرەتای مانگی داھاتوو، لەناو شاریش دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر ھاووڵاتیاندا دەکرێت و پلان وایە پێش ھاتنی وەرزی سەرما ھەموو ھاووڵاتیان نەوتی سپی وەربگرن، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جدییە لەوەی بە زووترین کات ھەموو خەڵک نەوتی سپی وەربگرێت، لەبەر ئەوەی عێراق تا ئێستا ھیچ بڕە نەوتێکی بۆ نەناردووین و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش پشت بە خۆیان دەبەستن و جارێ ھیچ باسێک نییە بەغدا نەوت ڕەوانە بکات، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەرژەوەندیی ھاووڵاتیان نەوتی دابین کردووە و دەست بە دابەشکردنی کراوە.
بڵند ئیبراھیم




