٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی جەخت لە سەرخستنی ھەڵبژاردن دەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- لە ‌بەردەوامیی دیدار و چالاکییەکانیدا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٤/٩/٢٢ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەکی دیکەی بەرپرسان و کادیرانی پارتی لە سنووری پارێزگای ھەولێر کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئامادەی بوون، بەڕێزیان باسی لە گرنگیی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بۆ ھەرێمی کوردستان کرد و تیشکی خستە سەر ئامادەکارییەکانی پارتی بۆ ھەڵبژاردن. لەمبارەیەوە جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ھەموو ھەوڵێک بدرێت و لە ھەموو ئاستەکاندا کار بکرێت بۆ ئەوەی پرۆسەی دەنگدان بە ڕێکوپێکی بەڕێوە بچێت و ھەڵبژاردن سەربکەوێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە پێویستە بانگەشەی ھەڵبژاردن بە شێوەیەکی شارستانی ئەنجام بدرێت و بەرپرس و کادیران و جەماوەری پارتی لە ھەموو ڕوویەکەوە پابەندی یاساکان و ڕێنماییی کۆمسیۆن و لایەنە پەیوەندیدارەکان بن. 

لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک لە بەرپرسان و کادیران، چەندین سەرنج و تێبینی و پێشنیاریان دەربارەی ئەرک و کارەکان، بۆ سەرخستنی ھەڵبژاردن و پرۆسەی دەنگدان و بانگەشەی ھەڵبژاردن خستەڕوو.

هەواڵی پەیوەندیدار