٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەکتەبی سیاسی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایان پیرۆز دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی (٥٤)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان..

ئەمڕۆ (٥٤) ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت. ئەو ڕێکخراوە گرنگ و کاریگەرەی بە بڕیار و ڕێنمایی (بارزانیی نەمر) دامەزرا. دامەزراندنی ئەو یەکێتییە دەستکەوتێکی تری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان بوو بۆ توێژی مامۆستایانی ئایینی بە تایبەتی و کۆمەڵگەی کوردی بە گشتی.

یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە ماوەی تەمەنی پڕ بەخششی ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە قۆناخە جیاجیاکانی تێکۆشانی نیشتمانی و نەتەوەییماندا. لە لایەکی دیکەوە ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە پەروەردە و پێگەیاندنی کەسایەتیی تێکۆشەر و دڵسۆز و سەرکردە.

یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان لە کاروانی تەمەنی خۆیدا بە پەیامی ڕاست و دروستی خۆی توانیویەتی بێ سرەوتن برەو بە هزر و هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی و گەشەپێدانی هۆشیاریی بدات و جەخت لەسەر بنەما ڕەسەنەکانی کولتووری، نەتەوەیی و پێکڤەژیان و لێبووردەیی بکات، لەم ڕێگەیەشدا قوربانیی زۆری بەخشیوە، بۆیە هەمیشە جێگەی شانازیی گەلەکەمانن.

ئەمڕۆیش لەم هەلومەرجە هەستیارەی هەرێمی کوردستان و ئەو بارودۆخەی لە ئارادایە بە تایبەتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە (٢٠/١٠/٢٠٢٤)، پێویستە بە هەموو لایەک و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەکەمان لەسەر ئاستی سیاسی و مەدەنی، بەرپرسانە و دڵسۆزانە هەوڵ بۆ پاراستنی شەرعیەتی ئەو ئەزموونە و سەقامگیری و ئارامی و دەستکەوتەکانی بدەن.

لەم بۆنەیەدا پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی ئێوە و ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندیی  یەکێتییەکەتان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەکەین و خەبات و تێكۆشانتان بەرز دەنرخێنین. ھاوکات بە بایەخەوە لە ڕۆڵی گرنگ و هەستیاری بەڕێزتان دەڕوانین و هیوادارین وەك هەمیشە دڵسۆزانە و بەرپرسانە پتر برەو بە كارنامە و چالاكییەكانتان بدەن.

  

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

٢١ی ئەیلوولی٢٠٢٤

 

هەواڵی پەیوەندیدار