سەرۆکی یەکێتی زانایان بۆ KDP: سەرۆک بارزانی پشتیوانی ھەنگاوەکانی یەکێتیی زانایانە

ھەولێر-KDP.info- مەلا عەبدوڵڵا وەیسی ڕایدەگەیەنێت: یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان بە سەرپەرشتی بارزانی نەمر ٥٤ ساڵ پێش ئێستا دامەزرا، ناوبراو ھەمیشە پاڵپشت و پشتگیریەکی سەرسەختی زانایان بوو، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا سەرۆک بارزانی پاڵپشت و ھاوکاری زانایانە و تێبینیی مامۆستایانی ئایینی بەھەند وەردەگرێت.
لە لێدوانێکی تایبەتدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەلا عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان گوتی: پێش ٥٤ ساڵ لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، زانایانی ئایینی بە ڕێنوێنی و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی بارزانی نەمر، لە شارۆچکەی گەڵاڵە، لە ٢١ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧٠ توانییان ئەم ڕێکخراوە بە ناوی "یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان" بە ئامانجی خزمەتکردن و ئاوێتەکردنی ڕووحی نیشتمانپەروەری و ئایینپەروەری دابمەزرێنن.
بارزانیی نەمر، لە ڕۆژی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینیدا گوتارێک پێشکەش دەکات و تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە: "دووبەرەکی نەکەوێتە نێوانمان، چونکی خوای گەورە فەرموویەتی: ھەمووتان دەست بگرن بە ئایینی ئیسلامەوە و پارچە پارچە مەبن، دەبێ ئەوەش بزانین جگە لە کرداری خۆمان، ھیچ سوودی نییە بۆمان، چونکە خوا فەرموویەتی: بنیادەم جگە لە بەرھەمی تەقەلای خۆی ھیچی دەستگیر نابێت."
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی بە پشتبەستنی زانایان بە گوتار و ڕێنمایی بارزانیی نەمر دەڵێت: خۆشبەختانە لەو ڕۆژەوە تا ئێستا، بەھۆی ئەو بارودۆخانەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان پێیدا تێپەریوە، یەکێتیی زانایان لە ھەموو قۆناغەکاندا بە ئەرکی خۆی ھەڵساوە و خزمەتی ئایینی ئیسلام، زانایان، بواری پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە ھەرێمی کوردستان کردووە، بۆیە تا ئەمڕۆ زانایان ڕۆڵی پێشەنگیان ھەیە لە بڵاوکردنەوەی تەبایی و ئاشتی و یەکتر قبووڵکردن، ئەو ئامانجە بوو یەکێتیی زانایان لەپێناوی دامەزرا و خەباتی بۆی کردووە.
بارزانیی نەمر لە گوتارەکەیدا، چاوەڕوانیی ئەوەی لە زانایانی کورد ھەیە کە نەوەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکوو لەسەر ئاستی ھەموو جیھان بدرەوشێنەوە، بۆیە لە کۆتایی گوتارەکەیدا ئاوا دەڵێت: "لە کۆتایی وتەکەمدا، ھیوام وایە کۆنگرەکەتان سەرکەوتوو بێت بۆ خزمەتی گەلی عێراق و تێکڕای جیھانی ئیسلامەتی و ئایینی پیرۆزی ئیسلام."
مەلا عەبدوڵڵا لە لێدوانەکەیدا ڕوونیشی کردەوە: لەم بارودۆخەدا، یەکێتی زانایان، ھەموو ھەوڵی بۆ ئەوەیە کوردستان لە پیلانی ناحەزان و دوژمنان پارێزراو بێت و ھەستی نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەری لای تاکی کورد لەبرەودابێت، چونکە پێمان وایە مرۆڤی ئاینپەروەر پێویستە نیشتمانپەروەریش بێت.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی یەکێتیی زانایان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بارزانی نەمر ھەمیشە پشتگیری مامۆستایانی ئایینی دەکرد، ئەو ڕێکخراوەش بە پشتگیریی جەنابیان دامەزرا، ھەمیشە پشتگیرییەکی سەرسەختی مامۆستایانی ئایینی بوو، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا سەرۆک بارزانی بە ھەمان شێوە پشتیوان و پاڵپشتی مامۆستایانی ئایینییە، ھەموو کاتێک تێبینی مامۆستایانی ئایینی بە ھەند وەرگرتووە و پشتیوان بووە لە ھەنگاوەکانی یەکێتیی زانایاندا.
بڵند ئیبراھیم




