٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.سامان بەرزنجی: خەڵکی عێراق بۆ چارەسەر دێنە ھەرێمی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگی زۆری بە نەخۆشی شێرپەنجە داوە، دوای ئەوەی نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە ھەولێر دروست دەکرێت، لە دھۆکیش بەھەمان شێوە دەکرێتەوە، ئێستاش ئەو چارەسەرییانەی لە نەخۆشخانە حکوومیەکان پێشکەش دەکرێن لە نەخۆشخانەی ئەھلی نینە، ھەر ئەمەش وای کردووە خەڵک لە عێراقیش بۆ چارەسەر بێنە ھەرێمی کوردستان، ئێمەش بەھۆی کاری مرۆییەوە، جیاوازی لە نێوان ھاووڵاتییان ناکەین، بەردەوامیش کاردەکەین بۆ ئەوەی نەخۆشخانەکان لە ھەرێمی کوردستان بکرێنە نموونە، سەرەتاش لە نەخۆشخانەی ڕزگاری لە ھەولێر دەست پێدەکەین. 

 

د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە شاری ھەولێر وەکو شارێکی پزیشکییە و لە سەرجەم پێداویستی نەخۆشی شێرپەنجە پێکدێت، وەکو دەستنیشانکردن، ڕوپێوکردن، تاقیگە، تیشک، چارەسەری کیمیاوی و نەشتەرگەری، بۆیە ئەمە ڕۆتین لەسەر ھاووڵاتی کەمدەکاتەوە و بە کوالێتیی بەرز ھەموو پێداویستییەک لەخۆ دەگرێت و ھیچ پێویست ناکات نەخۆشەکان بۆ چارەسەر بچنە دەرەوەی وڵات، بۆیە ئەمە گرینگی زۆری ھەیە چونکە ئێستا ئەو نەخۆشییە لە جیھان گرفتێکی زۆر گەورەیە، بەھۆی ئەوەی حاڵەتەکان بەردەوام لە زیادبووندان، ھەر چەندە لە ھەرێمی کوردستان حاڵەتەکان بەراورد بەوڵاتان و ستانداردی نێودەوڵەتی کەمترە، بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی فراوانتر کاری بۆ بکەین، ھەرچەندە لە ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجەمان ھەیە، وەکو نەخۆشخانەی نانەکەلی، سەنتەری شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی ڕزگاری و نەخۆشخانەی ھیوا لە سلێمانی و لە داھاتوویەکی نزیکدا نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە دھۆکیش دەکرێتەوە، بەنیازین چارەسەر بە تیشک و ڕووپێکردن لە ڕانیە، ھەڵەبجە، سۆران و زاخۆ دەکەینەوە، ئەمە وەکو ژێرخانە و بەھۆی زیادبوونی ڕێژەی دانیشتووان پێویستی بە زیاتریش ھەیە. 

 د.سامان بەرزنجی گوتیشی: ھۆکاری ئەوەی خەڵکێکی زۆر لە عێراق بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشییە ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن بۆ دوو شت دەگەڕێتەوە، یەکەم، لە ھەرێمی کوردستان یاسای سندوقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە ھەیە، ئەوە لە عێراق نیە و ئەوان وەکو ھەر نەخۆشییەکی دیکە مامەڵە لەگەڵ شێرپەنجە دەکەن، خاڵێکی دیکەش ئەوەیە چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە تێچووی زۆرە و لە عێراق بەردەست نییە، ئێمەش جیاوازی ناکەین لە چارەسەری نەخۆشەکان، ئەوە هاوکارییەی لە عێراقیش بۆ ئێمە دێت نزیکەی ١٠% دەبێت، ئەوەی دیکە لەڕێگەی حکوومەتی ھەرێم و سندوقی کۆمەک دابین دەکرێت، بۆ نموون، مانگانە ئەوانەی سەردانمان دەکەن ٤٥ھەزار کەس دەبن، ھەر یەکێک بۆ مەبەستێک و ڕۆژانە ٢٠٠ حاڵەت بە لێزەر چارەسەر دەکرێن، ئەمە ھەمووی پێداویستی دەوێت، چارەسەری کیمیاوی لە کەرتی تایبەت نییە و تەنیا لە حکومییەکە پێشتر ھەبوو .. لە کابینەی نۆیەم لە شۆڕشی چاکسازی، ئەوە نەماوە، ئێستا ھەرێمی کوردستان لە دەرمانی قاچاغ نەماوە و تەنیا حکوومەت ئەو کارە دەکات، بۆیە لە عێراق بۆ چارەسەر ڕوو لە ھەرێم دەکەن و لێزەر تەنیا لە بەغدا هەیە و لە شارەکانی دیکەی عێڕاق نییە و بۆ چارەسەری لێزەر دێنە ھەرێمی کورستان.  

 دەشڵێت: کار دەکرێت بۆ ئەوەی نەخۆشخانەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێنە نموونەیی، لە یەکەم نەخۆشخانەش لە ڕزگاری لە ھەولێر دەست پێدەکەین و دواتریش دەچینە نەخۆشخانەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان، چونکە ئێستا ئەو چارەسەرییانەی لە نەخۆشخانەی حکومی دەکرێن لە نەخۆشخانەی ئەھلی نین، بۆ نموونە ٩٥%ی شوشتنی گورچیلە لە نەخۆشخانەی حکومی دەکرێت.

 سەنتەری دڵیش بە ھەمان شێوە حکومییە، بۆیە ئەوەی لە نەخۆشخانە حکومییەکان بۆ نەخۆشەکان دەکرێت لە نەخۆشخانەی ئەھلی نییە. 

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار