نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی ھەولێر شەوانەش کاری تێدا دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- جێگری پارێزگاری ھەولێر ڕایگەیاند، نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی ھەولێر زۆر بە خێرایی کاری تێدا دەکرێت و رێژەی نۆژەنکردنەوە گەیشتووەتە نزیکەی ٥٠% کە زۆر جار شەوانەش کارکردن تێیدا بەردەوامە. دەشڵێ، ھەوڵ دەدەین ئەمساڵ کاری نۆژەنکردنەوە تەواو بێت و کاسبکاران جارێکی دیکە لەو بازاڕە دەست بە کاسبیی خۆیان بکەنەوە.
مەسعوود کاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دوای سووتاندنی بازاڕی قەیسەری و لەنگە، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرجەمیان قەرەبوو کرانەوە و قەرەبووکردنەوەکەشیان وەرگرتووە، چونکە سەرۆکی حکوومەت ٥ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دیناری تەرخان کرد بۆ ئەوەی بازاڕی قەیسەری نۆژەن بکرێتەوە، ئێستاش بەردەوام دوو شەفت و ھەندێک جار شەوانەش کاری تێدا دەکەن، بۆ ئەوەی نۆژەن بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی کارەکە وا ئاسان نییە و پێویستی بە کارکردنێکی زۆر ھەیە، بۆیە زۆر بە خێرایی کاری تێدا دەکرێت، تا بە زوویی تەواو بکرێت و جارێکی دیکە کاسبکارانی ئەو بازاڕە بگەڕێنەوە و دەست بە کەسابەتی خۆیان بکەنەوە.
جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتیشی، نۆژەنکردنەوەکە ١٨ مانگی بۆ دانرابوو، ئێمە دامانناوە بە ١٠ مانگ تەواوی بکەین و ھەوڵ دەدەین ھەر ئەمساڵ تەواو بکرێت، چونکە ٥٠%ی کاری نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی ھەولێر تەواو بووە، بۆیە گرفتی بودجەمان نییە و سەرۆکی حکوومەت پارەی تەرخان کردووە و کاری بەردەوامیشی تێدا دەکرێت، بۆ ئەوەی بە زووترین کات تەواو بێت و بکەوێتەوە خزمەت خاوەن دوکانەکانی ئەو بازاڕە.
لە ماوەی ڕابردوودا هەردوو بازاڕی قەیسەریی ھەولێر و لەنگە سووتێندران و دواتریش تۆمەتباران دەستگیر کران، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بڕیاری دا خاوەن دوکانەکان قەرەبوو بکرێنەوە و بازاڕەکانیش لەسەر ئەرکی حکوومەت نۆژەن بکرێنەوە.
بڵند ئیبراھیم




