ئارام شهعبان بۆ KDP: ههژماری من پڕۆژهیهكی نیشتمانیی ستراتیژییه

هەولێر-KDP.info- پسپۆڕ و مامۆستایهكی زانكۆ رایگهیاند، پڕۆژهی ههژماری من، پڕۆژهیهكی نیشتمانیی جیدییه و له چوارچێوهی به ئهلیكترۆنیكردنی سیستهمی پارهداركردن و پاراستنی مافی هاووڵاتی و كهمكردنهوهی رۆتینات زۆر گرنگه و پێویسته هاووڵاتیانی ههرێمی كوردستان به شێوهیهكی جیددی قبووڵی بكهن.
له لێدوانێكی تایبهتدا بۆ ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، مامۆستا ئارام شهعبان گهردی، مامۆستای زانكۆ له زانكۆی سهڵاحهددین و پسپۆڕی بواری وردبینیی بانكی رایگهیاند: "کەرتی بانکی هەردەم پێشەنگ بووە لە خۆگونجاندن و هەنگاونان بەرەو نوێگەری لە چوارچێوەی پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییە خێراکان. لەخۆگرتن و خۆگونجاندنی بانکەکان لەگەڵ نوێگەرییە تەکنۆلۆژییەکان، کۆمەڵێک سوودی فرەلایەن بەدی دەهێنێت و بەشداری دەکات لە دەستەبەرکردنی گەشەی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار و وەبەرهێنان لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا. هەرچەندە بەکارهێنانی تەکنۆلۆژی لە کاروباری بانکیدا مێژوویەکی دوورودرێژی نییە، بەڵام بەقەد چەندین سەدە پیشەسازیی کاری بانکی پێش خستووە".
ئارام شهعبان ههروهها گوتیشی: "بەکارهێنەرانی بانکی ئەلیکترۆنی و پارەدانی ئۆنڵاین بەردەوام لە زیادبووندان، بەگوێرەی توێژینەوەیەکی Juniper Research دەریخستووە کە 53%ی دانیشتووانی جیهان لە ساڵی 2026دا دەستیان بە خزمەتگوزارییەکانی بانکی دیجیتاڵی دەگات؛ واتە تا ساڵی ٢٠٢٦ زیاتر لە 4.2 ملیار بەکارهێنەری بانکی دیجیتاڵی دەبێت و تاکو ساڵی ٢٠٢١ ڕێژەکە دوو ملیار بەکاربەر بووە. هەروەها بەگوێرەی Statista و WorldPay’s بەهای پارەدان بەشێوەی ئەلیکترۆنی لە ساڵی ٢٠١٩دا چوار تڕیلیۆن دۆلار بووە، بەڵام تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ پێشبینی دەکرێت ئەو بڕە دووهێندە بێت و بگاتە نزیکەی یانزدە تڕیڵیۆن دۆلار لە سەرتاسەری جیهاندا. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردارەکانی پارەدان بەشێوەی ئەلیکترۆنی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ -٢٠٢٤ بە ڕێژەی ٣٠٪ زیادی کردووە. ئەمە جگە لە پارەدان بەشێوەی جزدانە ئەلیکترۆنییەکان و پارەی کریپتۆ و تەکنۆلۆژیای بڵۆکچەین. گەر سەیری ئامارەکان بکەین دەبینین کە بەئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی دارایی (بانک و پارەدان) چەندە خێرا لەبڵاوبوونەوە و گەشەسەندندایە و چۆن سەدان هەزار بانک و دامەزراوەی دارایی لە کێبڕکێدان بۆ بەخزمەتگرتن و بەکارهێنانی باشترین و نوێترین سیستەم و نەرمەکاڵا بۆ سەرکەوتن بەسەر ڕکابەرەکانیان و فراوانکردنی تۆڕی خزمەتگوزارییەکانیان".
شهعبان ههروهها روونی كردهوه: بەئەلیکترۆنیکردنی کار و چالاکییە بانکییەکان بە بەراورد بە وڵاتانی جیهانی یەکەم بە شێوەیەکی هێواشتر لەلایەن سێکتەری بانکیی وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە وڵاتێکی وەکو عێراق تاکو ئێستاش ڕێژەی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە دارایی و بانکییەکان زۆر نزمە. تەنانەت پێش ڕێکخستن و چاودێری و سزا سەپێنراوەکانی بانکی ناوەدیی ئەمریکا و وەزارەتی گەنجینە لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە وەکو پلانێک یاخود ئامانجێکی ستراتیژی سەیری ئاستی هۆشیاریی دارایی تاکەکانی کۆمەڵگا و ڕێژەی گشتگیری دارایی Financial Inclusion نەکرابوو. تەنانەت دوای ئەو کەمپینە گشتگیرە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی دارایی و فراوانکردنی تۆڕی بانکی و بەرزکردنەوەی ڕێژەی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە دارایی و بانکییەکان، هەرێمی کوردستان پشتگوێ خرابوو لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە.
سهبارهت به ههوڵهكانی حكوومهتی ههرێم له بواری بهئهلكترۆنیكردنی سیستهمی بانكی و چاكسازییهكان گوتی: ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە کە لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵ لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە پلان و ئامانجە ستراتیژییانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا بەمەبەستی چاکسازی و ڕۆشنسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و بەرزکردنەوە و باشترکردنی شەفافییەت، کابینەی نۆیەم زۆر کاریگەرانە و بە ڕژدی کاری لەسەر بەئەلیکترۆنیکردنی کاروباری حکوومی و فەرمانگەکانی کردووە. بەئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی مووچەی فەرمانبەرانی میری و بەستنەوەی بە سیستەمی بانکی، یەکێکە لە هەنگاوە هەرە ستراتیژی و سەرکەوتووەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی کارکردنی کابینەی نۆیەمدا. بەم هەنگاوەیان کۆمەڵێک ئامانج دەپێکێت و کۆمەڵێک سوود و تایبەتمەندیی باشی فرەلایەنە دەخوڵقێنێت.
سەرەڕای ڕێگری و ناهەماهەنگیی حکوومەتی ناوەندی و لایەنەکان و دروستکردنی ئاستەنگ، بەڵام لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک 500 هەزار مووچەخۆر لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار کراون و ئامانجەکەش کردنەوەی هەژماری بانکییە بۆ زیاد لە 1 ملیۆن مووچەخۆری کەرتی گشتی لە داهاتوویەکی نزیکدا. هەروەها ٢٨٠ هەزار کارتی بانکی بەسەر مووچەخۆراندا دابەش کراون و سەرجەم کارتەکان چالاک کراون، بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگی هەشت لە 67 شوێنی هەرێمی کوردستان ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) دادەنرێ و لە ڕێگەی بانکە بەشداربووەکان ژمارەی ئامێرەکان زیاتریش دەکرێت و ئاسانکاریی زیاتر بۆ مووچەخۆران دەکرێت. ئەم خێراییە لە کارکردن و بڵاوکردنەوەی تۆڕی بانکیی ئەلیکترۆنی، جێگەی دڵخۆشییە، چونکە بە بەروارد بە وڵاتانی تر کە بە هەمان ئەزموونی ئێمەدا ڕۆیشتوون، ماوەیەکی زۆر زیاتر و دوورودرێژتریان پێویست بووە بۆ گەیشتن بە ئامانجی پڕۆژەکە.
ناوبراو روونی كردهوه كه، دەتوانین سوودەکانی بەئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی بانکی و هاندانی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە چەند ڕەهەندێکەوە شرۆڤە بکەین، وەکو: سوودەکانی سیستەمەکە بۆ هاووڵاتی، بزنس و بازرگانی، حکوومەت، کەرتی بانکی و دارایی هەروەها کاریگەری لەسەر ئابووری وڵات.
هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە هەنگاوە گرنگ و کارە لەپێشینەکانی، بریتی بووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ئەویش لە ڕێگەی بەئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوە میرییەکان و بەسیستەمکردنی گشت وەزارەت و دامەزراوە حکوومییەکان. بۆ نەهێشتنی بوار بۆ گەندەڵکاران و دەستەبەرکردنی شەفافیەت و دیاریکردنی سەرچاوەی پارەکان، دەست کرا بە بەسیستەمکردن و بەئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان، لە درێژەی ئەو هەوڵانەش پڕۆژەی نیشتمانیی (هەژماری من) لەدایک بوو.
ئارام شهعبان ئاماژەشی دا، یەکەم سوودی سیستەمەکە بۆ تاکەکان، سیستەمی بانکی دیجیتاڵی و پارەدانی ئەلیکترۆنی، ئاسانکاری و ئاسایش و دەستڕاگەیشتن پێشکەش بە مووچەخۆران و هاووڵاتیان دەکات. سیستەمی بانکی ئەلیکترۆنی ڕێگە بە هاووڵاتیان دەدات کە بیستوچوار کاتژمێر و هەموو ڕۆژەکانی هەفتە بەبێ بوونی پشوو مامەڵە داراییە بانکییەکان ئەنجام بدەن بەبێ ئەوەی پێویست بکات سەردانی بانکەکە و سەردانی دووکان و بازاڕەکەش بکەن. بۆ نموونە کاتژمێر ١٢ی شەو دەتوانیت لە ڕێگەی لاپتۆپ یانیش مۆبایلەکەتەوە بە کەمترین تێچوون و ماندووبوون پارە حەواڵە بکەیت بۆ هاوڕێیەکت یان شتێک بەشێوەی ئۆنڵاین بکڕیت و پارەکەشی بدەیت. هەروەها دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ڕێژەی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە دارایی و بانکییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان و بەبێ هیچ سنوورێک لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات. هاووڵاتی دەتوانێت بەشێوەی ئۆنڵاین لە هار کاتژمێرێک بێت یاخود لە هەر شار و شارۆچکە و گوندێک بێت داوای قەرزی بەکاربردن بکات بۆ کڕینی شتێک یان پارەدانێکی خێرا بەبێ ئەوەی خۆی پارەی لە هەژمارەکەیدا هەبێت.
هەروەها فەرمانبەر سوودمەند دەبێت لە ئەپڵیکەیشنی مۆبایل یان ماڵپەڕی بانکەکە بۆ ئەنجامدانی کردارە بانکییەکان بە شێوەی ئۆنڵاین لە ماڵەوە یانیش لە کاتی دەوام بەبێ ئەوەی پێویست بکات لە سەرەی بانک بوەستیت و کات و وزە و بەنزین سەرف بکەیت. لە ڕێگەی ئەو بەرنامانەوە دەتوانیت پارە حەواڵە بکەیت، شتی دڵخوازت داوا بکەیت و بکڕیت. هەروەها دەتوانیت لە ڕێگەی ئامێرەکانی بژمێری ئەلیکترۆنی ATM پارە ڕابکێشیت و چەندین کرداری تر ئەنجام بدەیت.
ناوبراو سهبارهت به كارتی بانكی گوتی: بوونی کارتی بانکی دەمانپارێزێت لە وەرگرتنی پارەی ساختە یا کۆن و دڕاو. لەبەر ئەوەی مووچەکەمان ڕاستەوخۆ دێتە سەر هەژمارە بانکییەکەمان، کەواتە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر پاراستنی ئەو بانکە و پارەی دڕاو و کۆن و ساختەشمان تووش نابێت.
لە کاتی سەفەرکردن بۆ شارێکی تر یانیش وڵاتێکی تر، ئیتر نیگەرانی پارەکانت نابیت و ناچار نابیت بڕەپارەیەکی زۆر بەشێوەی کاش لای خۆت هەڵگریت، بە تایبەت لە کاتی سەفەرکردن بۆ وڵاتێکی تر هەڵگرتنی بڕەپارەیەکی زۆر، مەترسی لەسەر ژیانیشمان دروست دەکات بەهۆی دز و ڕێگرەکانەوە.
کارتەکان دەرفەتی ئەوە بە خاوەنەکانیان دەبەخشن کە بتوانن کەلوپەل و پێداویستییەکانیان بەشێوەی قیستی مانگانە بکڕن و بە یەک جار پارەکەی نەدەن. بە گوێرەی ڕێککەوتن و هەماهەنگیی بانکەکەت لەگەڵ بازاڕ و مۆڵ و سایت و پەیجەکان؛ مافی ئەوەت پێ دەدرێت کە پێداویستییەکانت لە ڕێگەی قیستی جۆراوجۆر (بۆ ماوەی دوو مانگ، سێ مانگ، شەش مانگ...هتد) بکڕیت و بە یەک جار تەواوی پارەکە نەدەیت.
زۆر جار بانکەکەت لەگەڵ مۆڵ و بازاڕ و پەیجە جۆراوجۆرەکان ڕێک دەکەوێت بۆ ئەوەی داشکاندنێکی تایبەت پێشکەش بە هەڵگرانی کارتەکەیان بکەن. هەروەها بانکەکان سیستەمی کۆکردنەوەی خاڵیش چالاک دەکەن کە بە بەکارهێنانی کارتی بانکی بۆ کردارەکانی کڕین و پارەدان خاڵ بەدەست دەهێنیت و خاڵەکانت بۆ کۆدەکرێتەوە دواتر دەتوانیت وەکو کاش یان وەکو داشکاندن بەکاری بهێنیتەوە.
قبووڵکردنی سیستەمی بانکی و پاردانی ئەلیکترۆنی لەلایەن هاووڵاتییانەوە، وادەکات کە حکوومەت و تەنانەت بازاڕیش بە کەمترین بڕەپارەی نەقدی زۆرترین چالاکیی ئابووری ئەنجام بدات و بواری بەردەم بانکەکان فراوانتر دەکات بۆ دابینکردنی قەرزی جۆراوجۆر بۆ بووژانەوەی کەرتی جۆراوجۆر و بەجێگەیاندنی داواکاری بۆ پارە. بۆ نموونە فەرمانبەرێکی حکوومەت بەهۆی بوونی هەژماری بانکی و ڕابردووە باشەکەی لەگەڵ بانکدا، ئەوا بانکەکە هان دەدات کە لە کاتی پێویستی ئەو فەرمانبەرە بە بڕە پارەیەک وەکو قەرز (قەرزی خانووبەرە، خوێندن، چارەسەری، سەفەر، ئۆتۆمۆبیل...هتد) بە مەرجی ئاسانتر و لە ماوەیەکی کەمدا بەبێ مەرجی زۆر قورس ئەو قەرزەی پێ بدات.
لە ڕووی سوودەکانی بۆ حکوومەت، ئارام شهعبان دەڵێ، سیستەمەکە یارمەتیدەر دەبێت لە کرداری زیادکردنی شەفافیەت و کەمکردنەوەی گەندەڵی: سیستەمی بانکی ئەلیکترۆنی و پارەدانی دیجیتاڵی ڕێگە بە حکوومەتەکان دەدات بەدواداچوون بۆ مامەڵە داراییەکان بکەن، ئەمەش هەلی بەردەم ساختەکاری و خۆدزینەوە لە باج و گەندەڵی کەم دەکاتەوە. هەروەها بە جێبەجێکردنی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی، حکوومەتەکان دەتوانن بە شێوەیەکی ئاسانتر و ڕوونتر چاودێریی چالاکییە بازرگانییەکان و داهاتی کەسی بکەن، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە ڕێکخستنەوەی سیستەمی باج و بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی بۆشایی نێوان چینەکانی کۆمەڵگا و دووبارە دابەشکردنەوەی داهات بە شێوەیەکی دادپەروەرانە. هەورەها پارەدانی ئەلیکترۆنی تێچووی کارگێڕی کەم دەکاتەوە و کارایی خزمەتگوزارییە حکوومییەکان باشتر دەکات. حکوومەت دەتوانێت پارەی وەک خانەنشینی و مووچە ڕاستەوخۆ بخاتە سەر حسابی بانکیی هاووڵاتیان، ئەمەش تێچووی لۆجستی و ناکارایی کەم دەکاتەوە.
مامۆستا ئارام باسی لهوه كرد كه: هەروەها سیستەمی بانکی ئەلیکترۆنی و تۆڕی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە ڕووی کارامەیی، دەستگەیشتن بە زۆرترین کڕیار و فراوانکردنی چالاکییەکانی پێشکەش بە کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان دەگەیەنێت کە بە SMEs ناسراون. واتە کۆمپانیا و بزنسە بچووک و نێوخۆییەکان چیتر سنوردار نابن بە فرۆشتنی کاڵا و بەرهەمەکانیان بە تەنیا بە كڕیارەکانی ئەو شارەی کە بنکەیان لێی هەیە. بەڵکو بەهۆی سیستەمەکەوە پارەکانیان پارێزراو دەبێت و دڵنیا دەبن لەوەی کە ئەو بەرهەمەی کە لە شارۆچکەیەکی کوردستانەوە دەفرۆشنە شارێکی وەکو بەسڕە، ئەوا پارەی ئەو شتومەکە بەبێ ئەوەی بەشێوەی کاش بگوازرێتەوە، دێتە سەر هەژمارەکانیان هەروەها پارێزراو دەبن لە مەترسیی وەڵامنەدانەوەی کڕیار و گەڕاندنەوەی بەرهەمەکەی دوای ئەوەی کاڵاکەی دەنێرێتە شارێکی دوور و کرێی گواستنەوەکەشی داوە.
هەروەها لە ڕووی ئابووریشەوە گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی و کارایی ئابووری بەرز دەکاتەوە، سیستەمی بانکی دیجیتاڵی کارایی ئابووری زیاد دەکات لە ڕێگەی کەمکردنەوەی تێچووی مامەڵەکان و خێراکردنی کرداری پارەدان و باشترکردنی خێراتری سووڕانەوەی سەرمایە لەناو بازاڕدا. گەشە و بەربڵاوبوونەوەی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی کاریگەریی ئەرێنی لە گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی دەکات، ئەمەش لە ڕێگەی هاندانی بەکاربردن، باشترکردنی بەرهەمهێنان و زیادکردنی بەشداریکردنی ئابووری. بۆ نموونە بەپێی ڕاپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی، بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا لە گەیاندنی خزمەتگوزارییە داراییەکان لە کینیا، بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکەی بەرز کردووەتەوە، ئەمەش لە ڕێگەی فراوانکردنی دەستڕاگەیشتن بە قەرز و باشترکردنی ئەدای بازرگانی. هەروەها سیستەمی بانکیی ئەلیکترۆنی چالاکییە ئابوورییەکان کەم دەکاتەوە و بواری بەردەم قاچاخچێتی کەم دەکاتەوە و بە باشترکردنی شەفافیەت و کەمکردنەوەی ساختەکاری، سەقامگیریی دارایی و خۆڕاگریی سیستەمی ئابووریی وڵات دەپارێزێت. هەروەها بەهۆی پێویستی بۆ ئامێر و نەرمەکاڵای تایبەت بە چارەسەرکردن و بەڕێوەبردنی سیستەمی بانکیی ئەلیکترۆنی، بوار بۆ دروستبوونی چەندین کۆمپانیای بەرنامەسازی و تەکنۆلۆژی دروست دەبێت کە ئەمانە دەتوانن ببنە هۆی ڕەخساندنی ژمارەیەکی زۆری هەلی کار و کەمکردنەوەی بێکاری و سوودوەرگرتن لە توانای گەنجان و خاوەن بیرۆکەکان.
سهلاح جهلال




