لیوا حه‌سه‌ن نووری بۆ KDP: پڕچه‌ككردنی هێزی پێشمه‌رگه یه‌كێكه له مافە ده‌ستوورییه‌كان

هەولێر-KDP.info- ئه‌ندامێكی فه‌رمانده‌یی له‌شكری كوردستان ڕایگه‌یاند، ده‌نگێكی نه‌شاز له‌ناو عێراق دژی پڕچه‌ككردنی هێزی پێشمه‌رگه‌یە، لە کاتێکدا پێشمەرگە شه‌ڕی داعشی كرد و بەپێی دەستووریش به‌شێكه له مه‌نزوومه‌ی به‌رگریی عێراق. دەشڵێ، ئه‌م ده‌نگانه جێگه‌ی سه‌رنج و سه‌رسووڕمان و هه‌ڵوەسته‌له‌سه‌ركردنن.
له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لیوا حه‌سه‌ن نووری، ئه‌ندامی فه‌رمانده‌یی له‌شكری كوردستان گوتی، سه‌باره‌ت به‌و ئاخاوتنانه‌ی دوایی كه له‌سه‌ر پرسی پڕچه‌ككردنی هێزی پێشمه‌رگه هاتنه ئاراوه، ئێمه ده‌زانین ئه‌وه ده‌نگێكی نه‌شاز و شۆڤێنییه له‌ناو هه‌ندێك به‌رپرسی سیاسی و سه‌ربازی له عێراق دژی پێشمه‌رگه به‌رز ده‌بنه‌وه، ئه‌م بابه‌تە جێگای سه‌رنج و سه‌رسووڕمانە، چونكه هه‌رێمی كوردستان هیچ شتێكی له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستوور نه داوا كردووه و نه بۆیشی هاتووه.
لیوا حه‌سه‌ن گوتیشی، به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام داوا له عێراق ده‌كه‌ن ده‌ستوور جێبه‌جێ بكرێت و ده‌ستوور سەنگی مەحەک و گرێده‌ری نێوان هه‌ردوولا بێت سه‌باره‌ت به پرس و كێشه‌كان، پێویستە خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان له سه‌رجه‌م سێكته‌ره سیاسی، ئابووری و سه‌ربازییه‌كاندا مافە ده‌ستوورییه‌كانیان پارێزراو بێت، پێشمه‌رگه و پرسی پڕچه‌ككردنی یه‌كێكه له‌و مافانه، به‌ڵام ئێمه ده‌زانین عێراق له 2003وه تا ئێستا به‌هۆی ئه‌وه‌ی وەکو پێویست سه‌قامگیر نه‌بووه، هه‌روه‌ها هه‌ندێك جار كاتی نزیكبوونه‌وه له واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به تایبه‌تی كاتێك هه‌ندێك كاراكته‌ری سیاسی له دۆخێك‌دا و له شوێنی خۆی له كاره‌كه‌یدا شکست دەهێنێت، هه‌وڵ ده‌دات بە لێدوان دژی هەرێمی کوردستان شتێك بورووژێنێ بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر جێگای خۆی له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا بکاتەوە، ده‌یانه‌وێ له‌و ڕێگه‌یه‌وه قه‌ره‌بووی ئیفلاسی جه‌ماوه‌ریی خۆیان بكه‌نه‌وه.
ناوبراو ئاماژەش دەدات، عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت بەردەوام له ژێر پرسیاردایه و ئه‌م عه‌قڵیه‌ته بووەته مایه‌ی نه‌بوونی سه‌قامگیری و ڕێگر بووه له به‌رده‌م پرۆسه‌ی ئیداره‌دانی ڕاسته‌قینه و عێراقی وەک دەوڵەت له مكه‌وناته‌كانی سه‌قامگیری دوور خستووته‌وه، بۆیه له به‌رامبه‌ر ئه‌م ناڕه‌واییه‌ی به‌رامبه‌ر به كوردستان ده‌كرێ، پێویسته ئێمه وه‌ك كوردستانی هاوده‌نگ بین له‌سه‌ر مافه ده‌ستوورییه‌كانمان، له نێوانیشیاندا مافه سه‌ربازییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان وه‌ك به‌شێك له مه‌نزوومه‌ی به‌رگری له عێراق، هێزی پێشمه‌رگه به‌ره‌نجامی ده‌یان ساڵ شۆڕشی نه‌ته‌وه‌یی كورده دژی سته‌م و داگیركاری و قۆرخكاری، نه‌ته‌وه‌ی ئێمه به‌رگری له مافه ڕه‌واكانی خۆی ده‌كات و ده‌ستوور سه‌نگی مه‌حه‌كی به‌شێك له‌و مافانه‌یه و ئێمه له مافی خۆمان زیاترمان داوا نەكردووه، ئه‌وه‌ی دراوه و داوا كراوه، هه‌مووی له چوارچێوه‌ی ده‌ستووردایه.
سه‌ڵاح جه‌لال




