سیروان بارزانی پێشوازی لە وەزیری پێشمەرگە دەکات

ھەولێر-KDP.info- وەزیری پێشمەرگە لە میحوەری گوێر-مەخموور دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، پێشمەرگە ھەمیشە بەوپەڕی توانا و ھێزی سەربازییەوە ساز و ئامادەیە بۆ ڕووبەرووبوونەوە و تێکشکاندنی داعش و تیرۆر لە ناوچەکەدا و پاراستنی ئارامیی و سەقامگیریی عێراق و ھەرێمی کوردستان.
چوارشەممە ١٨ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە بە یاوەری عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت و ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەت، بارەگای میحوەری ٦ـی ھێزەکانی پێشمەرگەیان لە ناوچەی گوێڕ- مەخموور بەسەر کردەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری گوێڕ-مەخموور و ئەندام و ئەفسەران و پلەدارانی میحوەرەکە کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ئەمنیی سنووری میحوەری گوێڕ-مەخموور و جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچەیە کرا، وەزیری پێشمەرگە جەختی کردەوە لەوەی، پێشمەرگە ھەمیشە بەوپەڕی توانا و ھێزی سەربازییەوە ساز و ئامادەیە بۆ ڕووبەرووبوونەوە و تێکشکاندنی داعش و تیرۆر لە ناوچەکەدا، ھەروەھا پاراستنی ئارامیی و سەقامگیریی عێراق و ھەرێمی کوردستان.
وەزیری پێشمەرگە پاڵپشتیی و پشتیوانیی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ بەرپرسی میحوەرەکە و ئەفسەران دووپات کردەوە.
لەلای خۆیەوە، سیروان بارزانی بەرپرسی میحوەری گوێڕ-مەخموور ستایشی پاڵپشتی و پشتیوانی وەزیری پێشمەرگەی کرد و رایگەیاند: بەردەوامین لە پاراستنی ئارامی کوردستان، بە تایبەت لە سنووری میحوەری گوێڕ-مەخموور، گوتیشی: ھەمیشە پێشمەرگە دڵسۆزانە و لەخۆبووردوانە لە سەنگەری بەرگریی و پارێزگاریی خاکی کوردستاندایە.





