به‌هۆی پڕۆژه‌ی ئاو‌ی قوشته‌په 73 بیر قه‌پات ده‌كرێن

هه‌ولێر - kdp.info- دوێنێ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی ستراتیژی ئاو‌ی قوشته‌په‌ی دانا، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاو‌ی قه‌زاكه‌ش ده‌ڵێ: به‌هۆی پڕۆژه‌كه‌وه كێشه‌ی ئاو له سه‌نته‌ری قه‌زای قوشته‌په و 28 گوندی ده‌وروبه‌ری چاره ده‌كرێت و 73 بیر قه‌پات ده‌كرێن.
مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت: مه‌ترسی كه‌م ئاو‌ی له سنووری قوشته‌په ئه‌وه‌نده زیادی كردبوو مه‌ترسی چۆلكردنی هه‌بوو، به ته‌واوبوونی پڕۆژه‌كه و پۆنده‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه جارێكی دیكه ئاو‌ی ژێر زه‌وی له سنوورەکە ده‌بوژێته‌وه، ده‌ڤه‌ری قوشته‌په و خه‌ڵكی نیشتمانپه‌روه‌ری ئه‌و ناوچه‌یه شایسته‌ی هه‌موو خزمه‌تێكن.
له كاتی دانانی به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی ئاو‌ی قوشته‌په ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی ڕایگه‌یاند: پڕۆژه‌ی ئاو‌ی قوشته‌په یه‌كێكه له پڕۆژه ستراتیژییه‌كانی ئاو و به‌و هۆیه‌وه 51 هه‌زار هاووڵاتیی قوشتەپە و ده‌وروبه‌ری سوودمه‌ند ده‌بن، سه‌رچاوه‌ی ئاو‌ی پڕۆژه‌كه ده‌كه‌وێته سنووری گوندی قه‌شقه و ئاو له زێی بچووكه‌وه ده‌گه‌یه‌ندرێته سه‌نته‌ری قه‌زای قوشته‌په و ده‌وروبه‌ری، زیاتر له 60 گوند له پڕۆژه‌كه سوودمه‌ند ده‌بن و سه‌دان كارگه و پڕۆژه‌ی سنووره‌كه له داهاتوو سوود له ئاو‌ی پڕۆژه‌كه وه‌رده‌گرن و ناوچەی قوشته‌په ده‌بێته ناوچه‌یه‌كی پیشه‌سازی.
پشتیوان ڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی ئاو‌ی قوشته‌په به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: زۆنی قوشته‌په له هه‌ولێر بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو‌ی ژێر زه‌وی خراپترین زۆنە، چونكه كۆتا بیر كه له قوشته‌په لێدراوە گه‌یشتووەته 730 مه‌تر، گوژمه‌ی ته‌رخانكراو بۆ پڕۆژه‌کە 189 ملیار دیناره و له ماوه‌ی ساڵ و نیوێک ته‌واو ده‌كرێت، پڕۆژه‌كه ئاو به درێژایی 28 كم له گوندی قه‌شقه ده‌گه‌یەنێته سه‌نته‌ری قه‌زاکە و حه‌وت گه‌ڕه‌كی قوشته‌په و 28 گوندی ده‌وروبه‌ری كێشه‌ی ئاویان چاره ده‌بێت.
پشتیوان ڕه‌حمان گوتیشی: به‌ته‌وابوونی پڕۆژه‌كه كۆتایی به كێشه‌ی كه‌م ئاو‌ی دێت له قوشته‌په و 73 بیری ئاومان هه‌یه به گه‌یشتنی ئاو‌ی پڕۆژه‌كه هه‌موو بیره‌كان به یه‌كجاری قه‌پات ده‌كرێن و چیتر پێویستمان به ئاو‌ی بیر و ژێر زه‌وی نابێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه ڕۆژانه توانای به‌رهه‌مهێنانی 72 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو‌ی هه‌یه، پڕۆژه‌كه ستراتیژییه و یه‌كێكه له ده‌ستكه‌وته‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ خه‌ڵكی سنووری قوشته‌په.
قائید میرۆ




