٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پێویستە چەند خاڵێک لەسەرژمێری گشتیی بۆ ناوچە کوردستانییەکان لەبەرچاو بگیرێت"

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک -KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: بۆ سەرژمێری گشتیی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان حکوومەتی ھەرێم لیژنەیەکی پێکھێناوە، چەند خاڵێکمان ھەیە لەبەرچاو نەگیرێن ئێمە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان ناچینە ناو پرۆسەی سەرژمێری گشتی.

د.شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: لیژنەیەک لە لایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دروستکراوە و وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی ھەرێم  سەرۆکایەتی دەکات و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتەکانی دیکەی تێدایە، ھەماھەنگی زۆر باشیان لەگەڵ ئێمە ھەیە، تێبینییەکان باسکراون و لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق چەند کۆبوونەوەیەکیش کراوە، پێنج شەش خاڵێک ھەیە لەبارەی ناوچە کێشە لەسەرەکان ڕێککەوتن کراوە، ھەندێک خاڵ ماوە دەمانەوێت ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت، بەبێ ئەوانە ئێمە ناچینە ناو ئەو پرۆسەیە.
د.شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی: لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان خەڵکێکمان ھەیە ئاوارەن و لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان نین، ئاوارەیەکی زۆریش ھاتووەتە ئەو ناوچانە، ئەمە چۆن حیسابیان بۆ دەکرێت؟ ئالیەتی سەرژمێریان چۆن دەبێ؟ ئایە لەسەر شارەکە حیساب دەکرێت؟ بابەتێکی دیکەشمان زیاد کردووە، پێویستە لەسەرژمێری ١٩٥٧ ھەبن و تۆماری ئەوکات ببێتە بنەمایەک بۆ سەرژمێری لەو ناوچانە، سەرژمێری کاریگەری لەسەر ئەوە نەبێت دوای ئەوەی ئەنجام دەدرێت خەڵک بتوانێ پسولە و ناسنامە بۆ کەرکووک بگوازێتەوە، بۆیە پێویستە ئەمانە یەکلایی بکرێنەوە و ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت.

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار