وەزارەت بۆ KDP باسی ئامادەکاریی ساڵی نوێی خوێندن و مووچەی وانەبێژان دەکات

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان ئامادەکاریی تەواو بۆ ساڵی نوێی خوێندن کراوە و ھەموو پێداویستییەکیان بۆ دابین کراوە، مانگی داھاتووش مامۆستایانی وانەبێژ یەکەم مووچە وەکو گرێبەست لەگەڵ مووچەخۆران وەردەگرن.
دکتۆر سەیوان فەرەج، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئامادەکاریی تەواو بۆ دەستپێکردنی ساڵی تازەی خوێندن کراوە و خشتەی ساڵی تازەی خوێندن دانراوە و پەرتووک بەسەر پەروەردەکاندا دابەش کراوە، ئەوانیش بەسەر قوتابخانەکاندا دابەشی دەکەن، بۆیە تا ئێستا ھیچ گرفتێک نییە بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن دەست پێبکات و ھەموو پێداویستییەک دابین کراوە.
فەرەج گوتیشی، وەکو چۆن ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی ساڵی تازەی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان کراوە و پێداویستییان بۆ دابین کراوە، بۆ ناوچە کوردستانییەکانیش بۆ خوێندنی کوردی بە ھەمان شێوە ئامادەکاری کراوە و ھەموو پێداویستییەکیان بۆ دابین کراوە، بۆ ئەمساڵ خۆمان زۆر باش بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئامادە کردووە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، دوای بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەگرێبەستکردنی وانەبێژان لە ھەرێمی کوردستان، کاری وردبینیکردن لە ناوی وانەبێژان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بەردەوامە و بەھۆی ئەوەی ژمارەیان زۆرە، بۆیە ھەندێک کاتی پێویستە و تەواو بێت دەچێتە ئەنجوومەنی وەزیران و کۆتایی پێدێت، بۆیە لە مانگی داھاتوودا ئەوانیش ھاوشێوەی مووچەخۆران مووچەیان وەکو مامۆستای گرێبەست وەردەگرن.
بڵند ئیبراھیم




