وەزیری پەروەردە: لە پێنج ساڵی کابینەی نۆیەمدا ١٩٤ قوتابخانە دروست کراون

ھەولێر-KDP.info- وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند، سەرۆکی حکوومەت لە کارنامەی کابینەی نۆیەم، بەڵێنی دا کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان قوتابخانەی نوێ دروست دەکات و سەرمایەدار و وەبەرھێنەرەکانیش ھان بدات بۆ ئەوەی ھاوکاریی حکوومەت بن، هاوکات لەم پێنج ساڵەدا ١٩٤ قوتابخانە دروست کراون.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٧ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی ١٥ قوتابخانە و باخچەی منداڵان بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت ڕایگەیاند: "تەنگەژەی کۆرۆنا لێکەوتەی دارایی و ئابووری و تەندروستیی لەگەڵ ئەو فشار و گەمارۆیانەی کە ڕووبەڕووی کوردستان دەبوونەوە، کابینەی نۆیەم بەسەرۆکایەتی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتیان ڕانەگرت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان.
وەزیری پەروەردە دەڵێت: پێش پێنج ساڵ و دوو مانگ و حەوت ڕۆژ، سەرۆکی حکوومەت لە کارنامەی کابینەی نۆیەم، بەڵێنی دا کە حکوومەتی ھەرێم قوتابخانەی نوێ دروست دەکات و سەرمایەدار و وەبەرھێنەرەکانیش ھان بدات بۆ ئەوەی ھاوکاری حکوومەت بن.
وەزیری پەروەردە گوتیشی: ئەمڕۆ ئەو بەڵێنانە جێبەجێ کراون و ١٥٢ قوتابخانە دروست کراون ٤٢ قوتابخانەی دیکەش لە مانگی نۆ و ١٠ تەواو دەکرێن، کۆی گشتیی دەکاتە ١٩٤ قوتابخانە.
دەشڵێت: سەرۆکی حکوومەت لە بوودجەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھاندان لەگەڵ دەستەی وەبەرھێنان و لایەنەکانی دیکە و خۆبەخشەرەکانیش ھەزار و ٦٧٠ قوتابخانە نۆژەن کراوەتەوە لەگەڵ ٦٢٩ ژووری نوێی خوێندن بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت، لەسەر بوودجەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ قوتابیان و منداڵانی ئێمە دروست کراوە.
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەش دا، بەڵێنمان دابوو زیاتر لە ٦٠٠ ھەزار منداڵ شوێنی نوێیان بۆ دابین کەین، تاکوو ئێستە ١٠٦ ھەزار شوێنی نوێیمان بۆ منداڵان و قوتابیانی کوردستان دابین کردووە. لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا دەیان پرۆژەی دیکەش ئێستا کارەکانیان تەواو دەبێت.
باسی لەوەش کرد: "سەرنجی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم لەسەر ئەو شوێنانە بووە کە پیویستییان بە قوتابخانە ھەیە، ھەرچەندە دەزانین پیویستییەکان زۆرن، بەڵام بەپێی توانای حکوومەت، کە زۆرجار سەرۆکی حکوومەت خۆی ڕاستەوخۆ لەسەر ھێڵ بووە بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژانە.
ئالان حەمە سەعید ڕاشیگەیاند: لە گەڕەکەکانی ڕۆشنبیری، بنەسڵاوە زاگرۆس، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت ئێستا سێ قوتابخانەی نوێمان بۆ دروست کردوون، کە قوتابخانەی ١٨ پۆلین و ئامادەن بۆ ئەوەی قوتابیانی ئەو ناوچانە تێدا بخوێنن و لۆد لەسەر قوتابخانەکانی دیکە کەم بکەنەوە.




