مەسروور بارزانی: پێشخستنی کەرتی پەروەردە پێویستی بە خزمەت و وەبەرھێنانی زیاترە

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی ٩ی ٢٠٢٤، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی ١٥ باخچەی ساوایان و قوتابخانەی لە قەزای خەبات لە سنووری پارێزگای ھەولێر دانا.
لە ڕێورەسمی دانانی بەردی بناغەی ١٥ باخچەی ساوایان و قوتابخانە لە خەبات، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتارێکی گرنگی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، لەم چوار ساڵەی ڕابردوودا چ وەزارەتی پەروەردە خۆی، چ بە ھاوکاریی کەرتی تایبەت، تواندراوە دەیان قوتابخانە بونیاد بنرێن و بە ھەزاران قوتابخانەش نۆژەن بکرێنەوە.
سەرۆکی حکوومەت، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە سەختترین دۆخدا و لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا، ڕێگەمان نەدا پڕۆسەی خوێندن بوەستێت و خوێندن بە شێوەی ئۆنلاین و ئەلیکترۆنی بە ڕادەیەکی باش بەردەوام بوو.
دەقی وتارەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان:
زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەم دەڤەرەم بۆ ڕاگەیاندنی دانانی بەردی بناغەی ١٥ قوتابخانە لە چەندین شوێنی جیاوازی پارێزگای ھەولێر لەگەڵتانین. ئێمە لە چەند ساڵی ڕابردوو، وێڕای ھەموو کێشە و قەیرانەکان، ھەمیشە بەپێی توانا گرنگیمان بە کەرتی پەروەردە داوە، لە سەختترین دۆخدا و لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا، ڕێگەمان نەدا پڕۆسەی خوێندن بوەستێت و خوێندن بە شێوەی ئۆنلاین و ئەلیکترۆنی بە ڕادەیەکی باش بەردەوام بوو. بەڵام بێگومان پێشخستنی کەرتی پەروەردە و ئاستی خوێندن پێویستیی بە گرنگی پێدانێکی زیاتر و وەبەرھێنانی زیاترە. چونکە وەبەرھێنان لەسەر توانا مرۆڤییەکان و نەوەی داھاتوو، گەورەترین و سوود بەخشترین وەبەرھێنانە.
بۆ ئەوەی قوتابییە خۆشەویستەکانمان لە کەشێکی گونجاودا بخوێنن، پێویستیمان بە قوتابخانەی زیاتر و پێداویستیی زیاتری خوێندن ھەیە. پێویستە قوتابخانەکانیش بگەیەندرێن بە ئاستێکی ستاندارد. بەداخەوە لە ساڵانی ڕابردوو بەھۆی بارودۆخی کوردستان و نەبوونی پلانێکی تۆکمە و ئەو ھەموو فشارانەی کە لەسەر کوردستان بوون، ژێرخانێکی باش بۆ کەرتی پەروەردە دانەنراوە. بۆیە کارێکی زۆرمان لەپێشە بۆ ئەوەی ئەم کەرتە گرنگە پێش بخەین.
لەم چوار ساڵەی ڕابردوودا چ وەزارەتی پەروەردە خۆی، چ بە ھاوکاریی کەرتی تایبەت، تواندراوە دەیان قوتابخانە بونیاد بنرێن و بە ھەزاران قوتابخانەش نۆژەن بکرێنەوە. ئەوەی بیستم لە بەڕێز وەزیری پەروەردە کە ١٩٤ قوتابخانە تا کۆتایی ئەمساڵ دروست دەکرێن و ١٦٧٠ قوتابخانەش نۆژەن دەکرێنەوە. ئەم ١٥ قوتابخانەی کە ئەمڕۆش بەردی بناغەیان بۆ دادەنرێت، بە ھاوکاریی کەرتی تایبەتە. ماوەیەک پێش ئێستا لە مەراسیمێکدا ڕێزمان لەو کەسانە نا کە بەشدار بوونە لە دروستکردنی قوتابخانە بۆ کەرتی گشتیی پەروەردە، لێرەشدا جارێکی دیکە جێگەی خۆیەتی سوپاس و پێزانینمان ئاراستەیان بکەین.
لێرەدا دەمەوێ ڕایبگەیەنم کە دەڤەری خەباتیش شایستەی خزمەتی زیاترە، بەرنامە و پلان و پڕۆژەمان بۆ ئەم دەڤەرە ھەیە و ئەمڕۆش ھەڵبژاردنی ئەم دەڤەرە بۆ دانانی بەردی بناغەی قوتابخانەکان، ئاماژەیەکە بۆ گرنگیی ئەم ناوچەیە.
بەڕێزان پێش کەمتر لە مانگێک، ئێمە لەگەڵ کۆمەڵێک لە مامۆستایانی وانەبێژ دانیشتین و گوێم لە داواکارییەکانیان بوو، ئەو وەختەش بڵاومان کردەوە کە ئەوانە بە گرێبەست دادەمەزرێن و من ھەر ئەو وەختە بەڵێنم دا و داوام لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت، وەزارەتی پەروەردە و دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کرد کە ڕێکارەکان بگرنە بەر بۆ ئەوەی کەمتر لە مانگێک، بابەتی بە گرێبەستبوونیان کۆتایی بێت. من خۆشحاڵم کە بیستم کەمتر لە مانگێک ئەو بەڵێنەمان بەدیھێنا و ھیوادارم ئەو مامۆستا بەڕێزانە بتوانن لەمەدودوا وەکوو مامۆستای گرێبەست، درێژە بە ئەرکی پیرۆزی خۆیان بدەن.
من جارێکی تر سوپاسی ھەموو ئەو مامۆستا بەڕێزانە دەکەم کە پشوویان درێژ بووە لەگەڵ ئێمە، سەرەڕای ئەو ھەموو قەیران و ناخۆشیی ژیان کە تووشیان بووە، بەردەوام بوون لە فێرکردنی قوتابییە خۆشەویستەکانی ئێمە، من تەمەنای سەرکەوتنیان بۆ دەکەم.
ھەرچەندە ئەمە دەستکەوتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و ئەمە دەستکەوتی ھەموو خەڵکی کوردستانە، بەڵام بینیمان زۆرجار ھەوڵی ئەوەش درا کە ڕای گشتی چەواشە بکرێت و بە لاڕێدا ببرێت و وابکەن کە ئەم دەستکەوتانە نادیدە بگرن یانیش وابکەن کە لایەنی تری پێ بەرپرسیار بزانن. ئێمە گوێ نادەینە ئەو قسانە، ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین و بەردەوامیش دەبین، ئەوەی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانە بەبێ گوێدان بە ھیچ قسەی ئەملا و ئەولا، ئێمە ھەر ئینشائەڵا لەسەر ئەم ڕێچکەیە بەردەوام دەبین.
جارێکی دیکەش من دەستخۆشی لە ھەموو ئەو وەبەرھێنەرە بەڕێزانە دەکەم کە لەم پڕۆژە گرنگەدا ھاوکار و بەشدار بوون، ھیوادارم نموونەیان زۆر بێت. جارێکی دیکەش سوپاس بۆ ئامادەبوونتان، ئێوە ھەر شاد و سەرکەوتوو بن، کوردستانیشمان ھەر ئاوەدان بێت.





