دەستەی ژینگە بۆ رێگریکردن لە سووتانی دارستانهكان پێشنیازێک دەداتە ئەنجوومەنی وەزیران

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی ژینگە لە ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ باشترکردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم ھەنگاوی زۆر باشی ناوە و بۆ رێگریکردن لە سووتانی دارستان لە ھەرێمی کوردستان لە ھەر شوێنێک ھەر ڕووبەرێکی دارستان سووتێندرا، تا ١٥ ساڵ رێگە نادرێت نە مامەڵەی پێوە بکرێت و نە هیچ پڕۆژەیەکیشی لەسەر ئەنجام بدرێت.
ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، وێستگەی پێوانەکردنی کوالیتی ھەوا لە ھەولێر ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی دا بۆ دانانی چوار وێستگەی پێوانەکردنی کوالێتی ھەوا لە ھەولێر لە رێگەی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی تایبەتمەند و دامەزراندنی فەرمانبەر بۆ فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران، هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی دا لەسەر داوای دەستەی ژینگە بە دامەزراندنی ٣٠ فەرمانبەر بە گرێبەست بۆ فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران بە مەبەستی دەستبەکاربوونی فەرمانگەی ژینگەی سۆران بۆ باشتر پاراستن و چاککردنی ژینگە لە دەڤەرەکەدا.
سدیق گوتیشی، بۆ رێگرتن لە سووتاندنی بەئەنقەستی دارستانەکان، دەستەی ژینگە پێشنیازێک دەداتە سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دەرکردنی بڕیارێک کە ھەر رووبەرێک لە دارستان کە دەسووتێت، ھەتا ١٥ ساڵ رێگە نەدرێت مامەڵەی پێوە بکرێت و نەھێڵدرێت ھیچ پڕۆژەیەکی لەسەر ئەنجام بدرێت.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، ھەڵگرتنی رەسمی گومرگی لەسەر ھاوردەکردنی ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی، سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراویان ژمارە (١٢٠١٥) لە (٥/٩/٢٠٢٤) داوا لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان دەکات، کە کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ ھەڵگرتنی رەسمی گومرگی لەسەر ھاوردەکردنی ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی بە ڕێژەی (١٠٠%) لە چوارچێوەی ھەنگاوەکانی برەودان بە ڕێکارەکانی پاراستنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان و ئۆتۆمبێلی کارەبایی و ھایبرێد لە (کرێی تابلۆ)، دەستەی ژینگە بە نووسراوی ژمارە (٢٠٢) داوای کردووە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ھەردوو جۆری ئۆتۆمبێلی کارەبایی و ھایبرێد لە (کرێی تابلۆ) ببەخشێت، بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە نوسراویان ژمارە (١٢٢٨٨) لە (١١/٩/٢٠٢٤) نووسراوەکەی دەستەی ژینگەی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان کردووە بۆ بەخشینی ھەردوو جۆری ئۆتۆمبێلی کارەبایی و ھایبرێد لە (کرێی تابلۆ).
بڵند ئیبراھیم




