نێچیرڤان بارزانى: ده‌كرێ زۆر له ئه‌زموونى سه‌ركه‌وتووى كۆریاى باشووره‌وه فێرببین

ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12/9/2024، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی یادی بیست ساڵەی هاتنی تیمی زەیتوونی سوپاسی كۆریای باشووردا بۆ هەرێمی كوردستان كرد كە لەلایەن كونسوڵخانه‌ى كۆریاى باشووره‌وه له هه‌رێمى كوردستان ڕێكخرابوو.
لە ڕێوڕەسمەكەدا كە ژمارەیەك لە بەرپرس و وەزیرانی هەرێمی كوردستان و دیپلۆماتكارانى كۆریای باشوور و كەسایەتیی ئەكادیمی و سەربازیی هەرێمى كوردستان و كۆریا بەشدار بوون، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتەیەكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
میوانانی خۆشەویست،
ئێواره‌تان باش،
ئانیۆ هاسێیۆ..
هه‌موو لایه‌كتان به خێر بێن بۆ ڕێوڕه‌سمى یادى بیست ساڵه‌ى هاتنى تیمى زه‌یتوونى سوپاى كۆریاى باشوور بۆ هه‌رێمى كوردستان و ده‌سپێكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر لەگەڵ كۆریا. به‌خێرهاتنێكى تایبه‌تى به‌ڕێز (چۆى سونگ سو‌و) باڵیۆزى كۆریاى باشوور له عێراق ده‌كه‌م. ئه‌م یاده و په‌یوه‌ندییه‌كانى كۆریا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا بۆ ئێمه زۆر گرنگ و مایه‌ى با‌یه‌خێكى زۆرن.
په‌یوه‌ندییه‌كانى كۆریاى باشوور و عێراق بۆ كۆتاییى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى ڕابردوو ده‌گه‌ڕێنه‌وه، به‌ڵام بیست ساڵ به‌رله ئێستا، هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و كۆریاى باشووردا نه‌بوو. هه‌ردوولا به یه‌كتر نامۆ بوون. كاتێك ئه‌یلوولى 2004 یه‌كه‌م تیمى سه‌ربازیى كۆریاى باشوور به ناوى تیمى زه‌یتوون بۆ یارمه‌تیدانى هه‌رێمى كوردستان هاتن له هه‌ولێر جێگیر بوون، ئه‌وه بووه یه‌كه‌م هه‌نگاو و سه‌ره‌تاى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ردوولا.
ئه‌مه له كاتێكدا بوو كه هێزه‌كانى كۆریاى باشوور، دواى پرۆسه‌ى ڕزگاریى عێراق، بوونه‌تە به‌شێكى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ یارمه‌تیدان له پرۆسه‌ى بنیاتنانه‌وه‌ى عێراق. ئه‌ركى كۆریاى باشوور له عێراق به هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه، به ته‌نیا ئه‌ركى سه‌ربازى یان ئابوورى نه‌بوو، ئه‌وه ئه‌ركێكى مرۆیى و ئاشتییانه بوو كه له‌سه‌ر هه‌ست و سۆزێكى قووڵ بۆ یارمه‌تی و هاوكارى بنیات نرابوو.
ئه‌و كات ئه‌وان وه‌ك دۆست و به ناوى زه‌یتوون كه ماناى ئاشتى و ئاوه‌دانى و درێژكردنى ده‌ستى هاوكارى ده‌گه‌یه‌نێت، هاتنه هه‌رێمى كوردستان. ئێستاش خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یان له‌بیره كه له‌سه‌ر ئه‌و پاسانه‌ى به دیارى هێنابوویان بۆ هه‌رێمى كوردستان نووسرابوو: ئێمه دۆستى ئێوه‌ین. ئه‌وان به هاتنیان بۆ ئێره، گه‌ل و كولتوورێكى نوێى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستیان ناسى، گه‌لى كوردستانیش به چه‌ندین لایه‌نى ناوازه‌ى كۆریاى باشوور، ئاشنا بوو.
تیمى زه‌یتوون، ڕاسته سه‌ربازى بوو، به‌ڵام ئه‌ركى هاوكاریی مرۆیى و پشتیوانی پێشكه‌ش به هاووڵاتییانى كوردستان دەكرد. هه‌ر ئه‌وە سه‌ره‌تاى كردنه‌وه‌ى نوێنه‌رایه‌تیى دیپلۆماسیى كۆریا بوو له هه‌رێمى كوردستان كه له نووسینگه‌ى دیپلۆماسیى باڵیۆزخانه‌ى كۆریاوه، ساڵى 2016 بۆ ئاستى كونسوڵخانه، به‌رز بووه‌وه.
نه‌خۆشخانه‌ى زه‌یتوون، ڕاسته سه‌ربازى بوو، به‌ڵام ده‌رگاى به‌ڕووى هاووڵاتییاندا كرده‌وه و چاره‌سه‌رى پزیشكی‌یان پێشكه‌ش كرد. له پاركى شه‌هید سامى عه‌بدولره‌حمان په‌رتووكخانه‌یەكیان كرده‌وه، له‌گه‌ڵ زۆربه‌ى وه‌زاره‌ت و داموده‌زگاكانی حكوومه‌تدا هاوكارییان كرد. سه‌ربازانى ئه‌ندامى ئه‌و تیمه، په‌یوه‌ندیى دۆستانه‌یان له‌گه‌ڵ هاووڵاتییاندا دروست كرد و كولتوور و دابونه‌ریتى كۆرییان به خه‌ڵكى كوردستان ناساند. واى لێهات چه‌ندین چیرۆك و زنجیره دراماى كۆرى، له‌ناو بینه‌رانى كوردستاندا زۆر ناسراو و ناودار بوون.
ئاژانسى كۆیكا خزمه‌تێكى زۆرى كرد و هێشتا له خزمه‌ت و ئه‌ركه‌كانى له هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وامه. ڕۆڵى به‌رچاوى گێڕا له بنیاتنانەوەی زیاتر لە (60) قوتابخانه، (15) سه‌نته‌رى پزیشكى، نه‌خۆشخانه و په‌رتووكخانه‌ى زه‌یتوون، یارمه‌تیدان له دامه‌زراندنى ئەنستیتیۆی كوردستان بۆ كارگێڕیى گشتى و دامه‌زراندن و كاراكردنى سیستمى كڕینى ئه‌له‌كترۆنى. هه‌موو ئه‌مانه و چه‌ندى دیكه، كار و خزمه‌تى دیارى كۆریا بوون له هه‌رێمى كوردستان.
ئه‌و سه‌ره‌تایه ده‌سپێكردنى په‌یوه‌ندییه‌ك بوو كه خۆشبه‌ختانه تا ئێستاش زۆر دۆستانه و دواى بیست ساڵ، ئه‌مڕۆ ڕۆڵ و كاریگه‌رى و ئاماده‌یى و جێپه‌نجه‌ى دۆستانى كۆریامان له زۆر بوارى جیادا لە هه‌رێمى كوردستان، به ڕوونى دیاره. دۆستى دڵسۆز و زۆر باشى ئێمه بوون و ستایش و پێزانینمان هەیە بۆ هه‌موو هاوكارى و یارمه‌تییان.
بۆ خۆم یاده‌وه‌ریى خۆش و زیندووم هه‌یه له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م سه‌ردانم بۆ كۆریا. ئه‌و گه‌رموگوڕى و دۆستایه‌تییه‌مان له‌بیر ناچێته‌وه كه له كاتى گه‌یشتمان بۆ سیئۆل له فڕۆكه‌خانه به كوردییه‌كى زۆر جوان و پاراو پێشوازییان لێ كردین. ئێستاش كه یادى بیست ساڵه‌ى ئه‌و سه‌ره‌تایه گرنگه ده‌كه‌ینه‌وه، كۆریاى باشوور و گه‌ل و كولتوور و كاریگه‌رییه‌كه‌ى به ته‌واوەتى، لاى گه‌لى كوردستان ئاشنایه.
به‌و كار و خزمه‌ته زۆره‌ى كۆریاى باشوور، تیمى زه‌یتوون، ئاژانسى كۆیكا و كۆمپانیا و هاوبه‌شه كۆرییه‌كانمان لێره پێشكه‌شیان كردووه و ده‌یكه‌ن، ئێستاش دۆستایه‌تییه‌كى پته‌و له‌نێوان هه‌ردوولاماندا هه‌یه و بەردەوامە.
ئێمه له هه‌رێمى كوردستان به‌و په‌یوه‌ندییانه زۆر خۆشحاڵ و شانازییان پێوه ده‌كه‌ین. خوازیارین، چاومان له‌وه‌یه و ئاماده‌ین بۆ زیاتر فراوانكردن و بره‌ودان به هاریكاریى هاوبه‌شى نێوانمان له هه‌موو بواره‌كاندا له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش.
به‌ڕێزان..
چیرۆكى ناوازه‌ى سه‌ركه‌وتنى كۆریاى باشوور، بۆ هه‌موو جیهان زۆر سه‌رنجڕاكێش و ئیلهامبه‌خشه. هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌توانن وانه و په‌ندى زۆر به‌سوودى لێ وه‌ربگرن. كۆریا به ده‌ست لێكه‌وته‌كانى دواى جه‌نگه‌وه له وێرانكارى و ئابوورییه‌كى لاواز‌ەوە ده‌یناڵاند، به‌ڵام به هاوكارى و یارمه‌تیى نێوده‌وڵه‌تى، قورسایى و فۆكه‌سى خسته سه‌ر بنیاتنانه‌وه‌ى مرۆڤ و ژێرخان و دامه‌زراوه بنه‌ڕه‌تییه‌كان.
له ئه‌نجامى پلانى ستراتیژى و ده‌سپێشخه‌رى و داهێناندا، كۆریا له وێرانه و له دۆخێكى سه‌خت و دواكه‌وتوو، بوو به چوارده‌هه‌مین گه‌وره‌ترین ئابووریى جیهان. بووه یه‌كێك له توانا هه‌ره به‌هێزه‌كانى ته‌كنه‌لۆژیا. مۆرى خۆى خسته سه‌ر پێشكه‌وتنى ته‌كنه‌لۆژیا و زانست له‌سه‌ر ئاستى جیهاندا.
ساڵى 1971، دواى جه‌نگ یه‌كێك له كاره هه‌ره ژیر و دروسته‌كانى كۆریاى باشوور، دامه‌زراندنى (په‌یمانگه‌ى په‌ره‌پێدانى كۆریا) بوو. ئه‌و په‌یمانگه‌یه سه‌ركه‌وتووانه سیاسه‌ت و ستراتیژى هه‌ستانه‌وه و په‌ره‌پێدان و پێشخستنى ئابوورى و بنیاتنانه‌وه‌ى مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ى كۆرى داڕشت.
چه‌ند ساڵێك دواتر ئه‌نجام و كاریگه‌ریى گه‌وره‌ى كارى ئه‌و په‌یمانگه‌یه به ڕوونى به‌سه‌ر پێشكه‌وتن و گه‌وره‌بوونى ئابووریى كۆریاوه ده‌ركه‌وت. ئێمه ده‌كرێ لێره به‌پێى دۆخ و زه‌مینه و پێویستیى هه‌رێمى كوردستان ئه‌زموونه‌كه‌ى ئه‌وان دووباره بكه‌ینه‌وه.
وه‌فا و دڵسۆزى و وابه‌سته‌یى و گرێدانی هاووڵاتیى كۆرى به وڵاتەكەیان و بە خاك و بە نیشتمان و بە گه‌له‌كه‌یه‌وه، بڕوا و متمانه و هیواى به داهاتوویه‌كى باشتر، كار و كۆڵنه‌دان و خۆماندووكردن و قوربانیدانى كۆرییه‌كان، هۆكارى دیكه‌ى سه‌ره‌كیى سه‌وكه‌تنى وڵاته‌كه‌یان بوو. هه‌موو ئه‌مه‌ش له په‌روه‌رده و فێركردن و پێگه‌یاندنى دروسته‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتبوو.
به‌گشتى ئه‌زموون و چیرۆكى كۆریا به ئێمه و هه‌موو مرۆڤایه‌تى ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ئیراده و خواستى پێشكه‌وتن و وه‌به‌رهێنان له‌سه‌ر مرۆڤ و په‌ره‌پێدان به تواناكان هه‌بێت، هه‌میشه ده‌رفه‌ت هه‌یه كە هیچ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك له دواوه نه‌مێنێته‌وه و هه‌میشه ڕێگه‌ى سه‌ركه‌وتن و گه‌یشتن به ئامانجه باڵاكان له‌به‌رده‌م گه‌لاندا كراوه‌یه.
له‌م یاده‌دا جه‌خت له هاوبه‌شییه‌كانمان له‌گه‌ڵ كۆریادا ده‌كه‌ینه‌وه. هه‌رێمى كوردستان زه‌مینه‌یه‌كى له‌بارى وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزارییه و ده‌رفه‌تى باشى بۆ كه‌رتى تایبه‌تى كۆرى له هه‌موو كه‌رته‌كاندا هه‌یه.
ئه‌وان ده‌توانن هێشتا كاراتر له په‌ره‌پێدان و پێشخستنى ژێرخانى هه‌رێمى كوردستان، له هاوكاریى بواره‌كانى زانست، ته‌كنه‌لۆژیا، كولتوورى و زۆر بوارى دیكه‌دا، هاوبه‌ش و به‌شدار بن. ئاسۆى په‌یوه‌ندییه‌كانمان به سوودى هه‌ردوولا، ده‌كرێ زۆر فراونتر و گشتگیر بێت و به‌رده‌وامی بەو كارانە بدەین.
له كۆتاییدا، دواى بیست ساڵ، ده‌مه‌وێ لێره، له هه‌ولێره‌وه، سوپاس و ستایش و پێزانینى خۆم و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان بۆ یه‌ك به یه‌كى ئه‌ندامانى تیمى زه‌یتوون دووپات بكه‌مه‌وه. سڵاو و ڕێزیان بۆ ده‌نێرم لە هەولێرەوە، به‌تایبه‌تى دەمەوێ لێرە سڵاو و ڕێز و خۆشەویستیی تایبەتی بۆ به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ هوانگ، یه‌كه‌م فه‌رمانده‌ى تیمه‌كه، بۆ ئه‌فسه‌رانى به‌ڕێز پارك، كیم، لین و هه‌موو ئه‌وانى دیكه. پێیان ده‌ڵێم: به ناسینیان زۆر خۆشحاڵ بووین، بیریان ده‌كه‌ین و ئێستا له هه‌ر كوێ بن، هیواى ته‌مه‌ندرێژى، شادى و سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم.
زۆر سوپاس بۆ به‌ڕێز كونسوڵى كۆریاى باشوور له هه‌رێمى كوردستان و تیمى كونسوڵخانه بۆ سازدانى ئه‌م ڕێوڕه‌سمه و دووباره به‌خێرهاتنى هه‌موو لایه‌كتان ده‌كه‌م.
ئێواره‌یه‌كى خۆش بۆ هه‌مووتان ده‌خوازم. لە كۆریاش فێری ئەو وشەیە بووم كە دەچووم دەیانگوت: كامساهامنیدا..
زۆر سوپاس..




