٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"وەرچەرخانێکی نوێ لە پەیوەندیی نێوان ھەرێم و ئێران دا"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- مامۆستایەکی زانستە سیاسیەکان لە زانکۆی سەلاحەدین گوتی: سەردانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی ھەرێم و ئێران دەباتە قۆناغێکی دیکە، ئەو سەردانەش بەرھەمی سەردانی چەند مانگی ڕابردووی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە بۆ ئیران.

د.ساڵح مەلا عومەر عیسا، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەلاحەدین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: هۆکاری سەردانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ پێش چەند مانگێک، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەسەر بانگھێشتی فەرمیی سەردانی ئێرانی کرد، دوای سەردانەکەی لەگەڵ ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووەوە و تێکگەیشتنی باش لە نێوانیان دروست بوو لەبارەی پرسی سیاسی و واقعی ئێستای ھەرێمی کوردستان، ئەمە کاریگەری زۆر باشی ھەبوو بۆ ئەوەی کەشێکی باش دروست ببێت، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بە چەند ڕۆژێک دوای سەردانەکە باسی ئەوەی کرد، ھەرێمی کوردستان بۆ ئێمە لە ھەموو وڵاتێک لەپێشتر و نزیکترە، پەیوەندیەکانیشمان لەگەڵ ھەرێم زۆر باشن، ئەم لێدوانە کاریگەری باشی ھەبوو بۆ ئەوکات تا سەرۆککۆماری کۆچکردوو سەردانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بکات، بەڵام پێشتر کە سەردانی عێراقیان دەکرد سەردانی ھەرێمی کوردستانیان نەدەکرد، بۆیە دوای کۆچکردنی سەرۆکی پێشووی ئێران، سەرۆککۆماری تازە سەردانی عێراقی کرد و ھاتە ھەرێمی کوردستانیش، ئەمە وەرچەرخانێکی نوێیە لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران. 

د.ساڵح مەلا عومەر عیسا گوتیشی: ئەو سەردانە بۆ هەردوو لا گرینگی زۆری ھەیە، لە بواری   سیاسی، ئابوری و ئەمنیش، بۆیە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت وا دەکات ئەگەر پێشتر ھەر ساردییەک لەنێوان ھەرێم و ئێران ھەبووبێت نەمینێت و پەیوەندی ھەرێم و ئێران بەرەو لێکتێگەیشتنی باشتر بچێت و لیژنەی ھاوبەش دروست بکەن. 

سەرۆک بارزانیش بە فەرمیی بانگھێشت کراوە تا لە داھاتوو سەردانی ئێران بکات، ئەوەش ھەنگاوێکی گرینگە. 

د.سالح گوتیشی: باگراوەندێکی مێژوویی لە پەیوەندیی ھەرێم و ئێران ھەیە، لە چلەکانی سەدەی ڕابردوو و لە سەردەمی ڕژێمی بەعس، ھەمیشە ھەرێم و ئێران پەیوەندییان ھەبووە، بۆیە دەتوانین کاری باشتر لەسەر خاڵی ھاوبەش بکەین، لە شەڕی داعش ھەماھەنگی باش لەنێوان ھەرێم و ئێران ھەبوو، ئەگەر لە بواری دیبلۆماسی پەیوەندی باش بێت، کاریگەری ئیجابی لەسەر سەقامگیری عێراق و تەواوی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەبێت. 

ئەمڕۆ سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتە ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت کۆبووەوە، لە میانەی سەردانەکەشدا بە فەرمیی سەرۆک بارزانیی بانگھێشتی ئێران کرد. 

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار