پزیشکیان لە هەولێر: سەرجەم ئەو کێشانە لەنێو دەبەین کە تائێستا هەبوون

ھەولێر-KDP.info- مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە هەولێر رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیانەوە گفتوگۆیان کردووە و "ئەو کێشانەی هەبوون بە تەواوی لەنێویان دەبەین".
هاوکات، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەردانی سەرۆککۆماری ئێران مێژوویی بوو. ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لە هەموو روویەکەوە بەرەو پێشتر ببەین".
نێچیرڤان بارزانی گوتی، "دەمەوێ بڵێم ئێمە لە هەرێمی کوردستان، خەڵکی هەرێم، حکوومەت و بەرپرسانی هەرێم و هەموو رێبەرە ئایینییەکانی هەرێم کە ئەمڕۆ لێرە کۆبوونەتەوە. خۆشحاڵین کە بەڕێز سەرۆککۆمار لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ عێراق سەردانی کوردستانیشی کرد، هەرچۆنێک بێت ئێمە لەگەڵ ئێران پەیوەندییەکی مێژووییمان هەیە و کۆمەڵێک هاوبەشیی زۆرمان لە بواری مێژوویی، کولتووری و زماندا هەیە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "هاتنی سەرۆککۆمار، وەکو یەکەم سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران کە چاوی بە هەولێر دەکەوێت بۆ ئێمە بە هەموو شێوەیەک مێژووییە. لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ سەرۆککۆمار لەبارەی پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان بە تایبەت پرسی ئەمنی گفتوگۆمان کرد. جەنابی سەرۆککۆمار و ئێمەش جەختمان لەوە کردەوە کە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق نابێت بە هیچ شێوەیەک لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەکاربهێندرێت".
نێچیرڤان بارزانی هەروەها باسی لەوە کرد، "بەڵێ کۆمەڵێک کێشە هەن، بەڵام ئەو کێشانە ئێمە وەکو یەک تیم چارەسەریان دەکەین. هەرێمی کوردستان ئامادەیی ئەوەی تێدایە لە هەموو ئاستەکان پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران پەرە پێبدات".
مەسعود پزیشکیان و نێچیرڤان بارزانی لە پاش کۆبوونەوەی پزیشکیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، لایەن و پێکهاتەکان، قسەیان بۆ رۆژنامەوانان کرد.
پزیشکیان کاتژمێر 8:00ـی ئەمڕۆ پێنجشەممە گەیشتە هەرێمی کوردستان، ئەو یەکەم سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بێتە هەولێر.




