عارف ڕوشدی بۆ KDP: بەھێزی شۆڕشی ئەیلوول لە ناوچەکە و جیھانیش دەنگی دایەوە

ھەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پێی وایە، ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بۆ بێبەشکردنی گەلی کورد بەدرێژایی مێژوو دەگەڕێتەوە و دەشڵێت، بەھێزی شۆڕش لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیھانیش دەنگی دایەوە.
عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: میللەتی کورد پرسێکی نیشتمانی و نەتەوەیی ھەیە، دوور ناڕۆین، لە ساڵی ١٥١٤ لە شەڕی چاڵدێران کوردستان کرا بە دوو بەش، بەشێکی بەر عوسمانی و بەشێکی بەر سەفەوییەکان کەوت، دوای شەڕی یەکەم و دووەمی جیھانییش دیسان کوردستان دابەشکرایەوە بۆ چوار بەش، ھەرچی مافی نەتەوەیی و نیشتمانی کورد ھەیبوو پێشێلکرا، گەلی ئێمە ئەو پێشێلکارییەی قبووڵ نەکرد و بەردەوام لە شۆڕشدابووە تا گەیشتە شۆڕشی ئەیلوولی مەزن.
ڕوشدی گوتیشی: کاتێک شۆڕشی ئەیلوو لە ساڵی ١٩٦١ دەستی پێکرد و چواردە ساڵ بەردەوام بوو، گەورەترین شۆڕشی کوردستان بوو، شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشێکی نیشتمانی گشتگیربوو، ھەموو چین و توێژەکان و پێکھاتەکانی کوردستان بەڕابەرایەتی بارزانی نەمر بەشدارییان تێدا کرد، بارزانی نەمر شۆڕشی تەنیا وەک شۆڕشێکی چەکداری ئەنجام نەدا، بەڵکو شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بوو، ئەوکات ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە وەکو یەکبوون، شۆڕش لەنێوان ئاغا و جووتیار و دەرەبەگ جیاوازی نەھێشت.
ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دەشڵێت: شۆڕشی ئەیلوول ئەوەندە بەھێزبوو لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیھانیش دەنگی دایەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەوکات دەرفەتی گەیاندن زۆر کەمبوو وەک ئێستا فراوان نەبوو، بەڵام ھیچ دەرفەتێکی لەدەست نەدا بۆ گەیاندنی دەنگی گەلی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان چەندین ڕێکخراوی جەماوەری ھەبوو، بۆ نموونە لەڕێگەی کۆمەڵەی قوتابیان لە دەرەوە دەنگی شۆڕشی گەیاندە جیھان، ھەر بارەگایەکی یەکێتی قوتابیان ببووە باڵیۆزخانە بۆ گەیاندنی پەیامی شۆڕش، چەندین نامەی بارزانی نەمر و شۆڕشیان گەیاندە سەرکردەی وڵاتانی جیھان، ئەو فشارە گەورەیە لەڕووی دیپلۆماسی و سیاسی و سەربازییەوە حکوومەتی عێراقی ناچارکرد ھەر لە ساڵی ١٩٦١ تا ١٩٧٠ چەندین جار شەڕ ڕابگرێ و دانوستان دەستی پێکرد.
ڕوشدی زیاتر گوتی: ھەر لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسمەوە تا عەبدولسەلام عارف و عەبدڵڕەحمان بەزاز جار جار دەرفەتی ئاشتی دەھاتە پێش، لە ھەمووی گرینگتر ئەوەیە، ھیچ کاتێک پارتی و سەرۆک بارزانی نەمر سازشیان لەسەر پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی نەکرد و نەچووە ژێر باری داواکارییەکانی حکوومەتی ئەوکاتی عێراق تا گەیشتە ڕێککەوتنی ١١ی ئازار کە یەکەم جار بوو بە شێوەیەکی فەرمیی دان بە مافی گەلی کورددا بنرێت و سنوورێکیش بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دیاری بکرێت بەناوی دەڤەری ئۆتۆنۆمی.
عارف ڕوشدی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: من شۆڕشی ئەیلوول بەسەرچاوەی دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ دەزانم، چونکە توانی حکوومەت ناچار بکات دان بە مافەکانی گەلی کورد دا بنێت، خۆم بە ڕێککەوتنێکی مێژوویی دەزانم، ڕاستە بەھۆی یەکگرتنی نەیارانی کورد توانرا بۆ ماوەیەکی کەم شۆڕشی کورد بێدەنگ بکەن، بەڵام ساڵێکی نەبرد شۆڕش بە شێوازێکی نوێ و فۆرمێکی نوێ و ڕێکخستنێکی نوێ بووژایەوە، ئەویش خۆی لە شۆڕشی گوڵاندا بینییەوە، شۆڕشی گوڵانیش درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوولی مەزنە، دواتر قۆناغەکانی ئەنفال بەسەر کوردستان داھات، پاشانیش ڕاپەڕین دەستی پێکرد و حکوومەت و پەرلەمانی لێ بەرھەم ھات، سەرەڕای قەیرانەکان و ئەو ئابلوقانەی بەغدا و وڵاتانی دەوروبەر خستیانە سەر ھەرێمی کوردستان، ھەرێمی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشە دایە، ئەمەش بۆ ئەو ھێزە گەورەیە دەگەڕێتەوە کە پارتی دیموكراتی كوردستانه و باوەڕێکی تۆکمەی بە میللەتی خۆی ھەیە و سازش لەسەر مافەکانی میللەتی کوردستان ناکات تا دەگاتە ئامانج.
قائید میرۆ




