عەلی حوسێن: کاتی ئەوەیە خەڵکی سلێمانی بڕیار بدەن کێ خزمەتیان بکات

سلێمانی-KDP.info- لە مەراسیمی یادی ٦٣ ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستی (سلێمانی-ھەڵەبجە-ڕاپەڕین)ی پارتی دیموکراتی کوردستان وەبیر ئامادەبووانی ھێنایەوە، دوای ڕاپەڕین، لە شاری کۆیە، سەرۆک بارزانی یەکەم کەس بوو داوای ھەڵبژاردنی کرد، ھاوکات گوتیشی، ئێستا کاتی ئەوەیە خەڵکی سلێمانی بڕیار بدات کێ خزمەت بەو شارە بکات.
بەبۆنەی ٦٣ ساڵەی ھەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەزگای ئەیلوولی سلێمانی بەئامادەبوونی عەلی حوسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی (سلێمانی-ھەڵەبجە-ڕاپەڕین)ی پارتی دیموکراتی کوردستان و ساناو فەرەیدوون جوانڕۆیی، دیاری حوسێن، د. ئەشواق جاف، ھەڤاڵانی مەکتەب، شێخ ستار عەوداڵانی بەرپرسی لقی ٢١ و دکتۆر جەمال محێدین سەرۆکی دەزگای ئەیلوولی سلێمانی و ژمارەیەکی بەرچاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی ئەیلوول و جەماوەرێکی بەرچاو لە بارەگای دەزگای ئەیلوول مەراسیمێکی شایستەی ڕێکخست.
لە دەستپێکدا دکتۆر جەمال محێدین بەرپرسی دەزگای ئەیلوول لە وتەی بەخێرھاتندا باسی گرنگی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی کرد، ھەر لە مەراسیمەکەدا عەلی حوسێن لە وتەیەکدا گوتی: لەم بۆنەیەدا پیرۆزبایی لە جەنابی سەرۆک بارزانی، لە یەکە بەیەکەی پێشمەرگە دلێر و نەبەردەکانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و گشت پێشمەرگەکانی کوردستان دەکەین، سڵاو و درود بۆ گیانی شەھیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا گوتی: ئەوەی ئەمڕۆ بەدەست ھاتووە لە ئەنجامی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستانە، بناغەی ئەم شۆڕشە لە ئەنجامی خوێنی شەھیدان و پشتیوانی خەڵکی کوردستان لە شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و پێشمەرگە قارەمانەکان و بەڕێبەرایەتی بارزانی نەمر بوو، ھەر لە ئەنجامی ئەو شۆڕشە ئەم دەستکەوتانەی ئەمڕۆ بەدەست ھاتوون، دەبێت ھەموو لایەک بەیەکەوە لە ھەوڵی پاراستنی ئەم دەستکەوتانە بین، ئەمڕۆ زۆر حزب و لایەنی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان ھەنە، ئێمەش وەکو پارتی بڕوامان بە فرە ڕەنگی و پڕۆسەی سیاسی و دیموکراسیەت و ھەڵبژاردن ھەیە، جەنابی سەرۆک بارزانی دوای ڕاپەڕین یەکەم کەس بوو لە شاری کۆیە داوای ھەڵبژاردنی کرد و پەیامی ئەوە بوو "دەبێت خەڵکی کودردستان بەشێوەیەکی دیموکراسیانە خۆیان حوکم بکەن و خۆیان بڕیار لە شێوەی حوکمڕانی بدەن و ئەو لایەنە ھەڵبژێرن کە دەیانەوێت".
عەلی حوسێن لە باسی ھەڵبژاردندا گوتی: پەیامی پارتی و سەرۆک بارزانی بەردەوامە لەسەر دیموکراسیەت و پێداگرییە لەسەر ھەڵبژاردنی ئازادانە و دیموکراتییانە، دەبێت سەنتەری بڕیاری حوکمڕانی لە کوردستان خەڵک و جەماوەر بێت، ئەمڕۆش ئێمە بەرەو ھەڵبژاردنەکان دەچین و پێگە و مێژوو و قوربانیدان و خزمەتی ھەر لایەنێک بڕیار لەوە دەدات کە خەڵک کێ ھەڵدەبژێرێت و کێ بە کار و کردەوە سەلماندوویەتی خزمەتکاری خەڵکە.
عەلی حوسێن باسی سنووری سلێمانی کرد و گوتی: سلێمانی و ھەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان، دەڤەری زیندووی کوردایەتی و خۆڕاگری و قوربانیدانن، سلێمانی شاری ھەڵمەت و قوربانی و ئەدەب و ڕۆشنبیرییە و ڕۆڵێکی گەورە و بەرچاوی لە قوربانیدان و خەبات بەرجەستە کردووە، ئێمە پێمان وایە ئێستا کاتی ئەوەیە خەڵکی سلێمانی بڕیار بدات دەبێت کێ خزمەت بەو شارە بکات.
بەرھەم شێخ عزەدین




