٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەکبەر حەیدەر : ئەرکی ھەموو کوردێکە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئەیلول بپارێزێت

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر -KDP.info- فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگەی سەردەمی شۆڕشی ئەیلول  دەڵێت: ئەرکی ھەموو کوردێکە دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ بە خوێنی شەھیدان و شۆڕشی ئەیلول بەرھەم ھاتوون بپارێزێت، چونکە ئێستاش ئێمە بە ھەمان ئیرادەوە، ئامادەین ئەگەر مەترسی بۆ سەر کوردستان ھەبێت چەک بکەینەوە شان، ئێمە تا ماوین پێشمەرگەی سەرۆک بارزانین. 

 

ئەکبەر حەیدەر، ئامر بەتالیۆنی شەش لە سنووری خانەقین لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلول بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەمڕۆ ٦٣ ساڵ بەسەر ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول بەسەرکردایەتی بارزانی نەمر تێپەڕ دەبێت، ئەو کاتە پێشمەرگە نەبوایە و خۆی نەکردبوایە قوربانی خاک و نیشتمان  ھەرگیز کوردستان نەدەگەیشتە ئەم قۆناغە کە ئێستا لایەنەکان بە ئازادی کاری سیاسی و حزبی خۆیان دەکەن و خەڵکیش بە ئازادی  ژیان بەسەردەبات، ئەمە بەرھەمی شۆڕشی ئەیلول و خوێنی شەھیدانی ئەو شۆڕشەیە، بۆیە ئێستاش ئەرکی هەموو کوردێک و لایەنێکە بەرگری لەو دەستکەوتە بەدەستھاتووەکان بکەن، بەڵام بەداخەوە ھەندێک جار دەبینین دژایەتی دەستکەوتەکان دەکرێت. 

ئەکبەر حەیدەر گوتیشی: لە ساڵی ١٩٦٣وە بوومەتە پێشمەرگە و ئێستاش لە ھەر شوێنێک مەترسی بۆ سەر کوردستان ھەبێت من پێشمەرگەم و ئامادەم گیانی خۆم بکەمە قوربانی سەرۆک و کورد و کوردستان، ئێستا سەرۆک بارزانی ھەر فەرمانێکمان پێ بکات ئامادەین جێبەجێی بکەین، تەنانەت بۆ مردنیش بێت، بە ھەمان ئیرادەی سەردەمی شۆڕش خەبات دەکەین. 

 پێویستە ھەموو کوردێک ئینتیمای بۆ خاک و نیشتمان ھەبێت و بەرگری لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئەیلول و خوێنی شەھیدان بکات. 

حەیدەر گوتی: من شانازی بە سەرۆک بارزانییەوە دەکەم، لە زۆرینەی کۆبوونەوەکان باسی منی کردووە، بۆیە تاماوم خۆم بە خزمەتکاری سەرۆک بارزانی دەزانم.

 کوردایەتی پێویستە لەپێش ھەموو شتێک بێت، ئێمە تا ئێرەمان ھێناوە و پێویستە ئەوانەی ئێستاش ئەوەی ماوە تەواوی بکەن، بەڵام بەداخەوە بەشێک خۆی فرۆشتووە و کوردایەتی ناکەن، کاتی ئەوە ھاتووە ھەمووان پێکەوە لەپێناو کوردایەتی خەبات بکەن، چونکە دەستکەوتەکانی ئێستا بە خوێنی شەھیدان بەدەست ھاتوون. 

گوتیشی: لەدوای گەڕانەوەی بارزانی نەمر لە ڕوسیا ھەر شۆڕشێکی کرابێت لەڕێگەی بارزانی نەمرەوەبووە، دەستکەوتەکانیش بەرھەمی ئەو شۆڕشانەن، ئێستاش ھەر دەستکەوتێک ھەبێت بەرھەمی بنەماڵەی بارزانییە، چونکە تا ئێستا ١٢ھەزار بارزانی شەھید کراوە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە خەباتی ماڵی بارزان بۆ کوردایەتییە. 

 ئەکبەر حەیدەر لە سەردەمی شۆرەشی ئەیلول ئامر بەتالیۆنی شەشی خانەقین بوو، دواتریش بووە ئەندامی سەرکردایەتی پارتی و ئێستاش ئەندامی ئەنجوومەنی تێکۆشەران و خاوەنی مەدالیای بارزانی نەمرە. 

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار