٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کوردانی فەیلی باسی گرینگی شۆڕشی ئەیلول دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ ١١ ئەیلول، ٦٣ ساڵ بەسەر شۆڕشی مەزنی ئەیلول بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمردا تێپەڕ دەبێت، پێشمەرگە کوردە فەیلییەکانی تێیدا بەشداربوون باسی شۆڕشەکە دەکە و دەڵێن: ئەو شۆڕشە لە قۆناغێکی زۆر ھەستیار و پێویست ھەڵگیرسا و کوردی لە لەناوچوون ڕزگارکرد و بۆ ھەموو جیھانی سەلماند کورد ھەیە، بۆیە ئەگەر شۆڕشی ئەیلول نەبوایە ئێستا کوردیش بەو شێوەیە نەدەبوو.

نەجم عەبد پێشمەرگەی کوردی فەیلی لە شۆڕشی ئەیلول بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە ساڵی ١٩٤٦وە کوردانی فەیلی لە ھەموو شۆڕشەکان لە خانەقین و ناوچەکانی دیکەی کوردستان ڕۆڵیان هەبووە، چەندین پێشمەرگەی کوردی فەیلی لەگەڵ بارزانی نەمر بوونە و لە سەرکردایەتی  بەشداربوونە و لە شۆڕشی ئەیلول لقی پێنجمان لە بەغدا ھەبوو و کاری نھێنیمان دەکرد و زۆر کادیری فەیلی لە زیندانەکانی عێراق شەھید بوون، کوردانی فەیلی لە ھەموو شۆڕشەکان بەشداربوون و قوربانی زۆرمان داوە، کوردانی فەیلی بیروباوەڕێکی تەواویان بە ڕێبازی پیرۆزی بارزانی ھەبوو، هۆکاری نسکۆی شۆڕشیش دوو شت بوو، یەکێک لەسەر کەرکووک بوو، ئەوەی دیش لەسەر ئەوە بوو کوردێکی فەیلی ببێتە جێگری سەرۆککۆمار عێراق، کە ڕازی نەبوون، بارزانی نەمر سوور بوو لەسەر ئەوەی وەرگرتنی جێگری سەرۆککۆمار، بۆیە شۆڕش تووشی نسکۆ بوو.
نەجم عەبد گوتیشی: لەسەردەمی شۆڕش هێزمان لە مەندەلی هەبوو، شۆڕشی ئەیلول شۆڕشی ھەموو خەڵکی کوردستان بوو، بە ھەموو پێکھاتەکانەوە، سەرۆک بارزانیش بەردەوام باسی ڕۆڵی کوردانی فەیلی دەکات، کاتێک بارزانی نەمر لە یەکێتی سۆڤیەت گەڕایەوە بۆ عێراق، کوردانی فەیلی لە بەغدا و خانەقین تا کوت و باشوری عێراق ئامادەبوون و پێشوازییان لە بارزانی نەمر کرد، فەیلییەکان ڕاگواستنیشیان بەھۆی کوردبوونیانەوە بوو.
عەبد باسی لەوەش کرد: شۆڕشی ئەیلول زۆر مەزن بوو، بووە ھۆی ئەوەی عێراق دان بە مافەکانی ھەرێمی کوردستاندا بنێت، دەستکەوتەکانی ئێستاش بەرھەمی شۆڕشی ئەیلولن.
لای خۆیشیەوە جەلیل کاکی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول لە کوردانی فەیلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: شۆڕشی ئەیلول سەرتاسەری بوو، ئێمەش وەکو کوردانی فەیلی لە مەندەلی بەشداربووین و ٤٥٠ پێشمەرگەمان ھەبوو، شەھیدیشمان داوە و ھەموو بەیەک بیروباوەڕەوە شۆرەشمان دەست پێکرد، شۆڕشی ئەیلول بۆ دنیای سەلماندی کورد ھەیە، ئەگەر ئەو شۆڕشە نەبوایە ئێستا کورد نەدەما، ئێمەش وەکو کوردانی فەیلی بە شێوەیەکی کارا بەشداری ئەو شۆڕشە بووین، ئێمە تەنیا لە خانەوادەی خۆمان ٢٥ کەس بەشداریمان لە شۆڕش کرد، لەو شۆڕشە، بابم سەمونخانەیەکی کردەوە و لە ناوچەی زۆزک سەمونی بۆ پێشمەرگەی دەبرد، شۆڕشی ئەیلول ئومێدی بۆ گەلی کورد گەڕاندەوە کە تووشی نائومێدی ببوون، ئێستاش ئەوەی ھەیە بەرھەمی شۆڕشی ئەیلولە، شایانی باسە ھەر بەھۆی بەشداری کارای کوردانی فەیلی یەکەم کۆنگرەی پارتی لەبەغدا ئەنجام درا.
جەلیل کاکی باسی لەوەش کرد: شۆڕشی ئەیلول بەرھەمێکی زۆر باشی ھەبوو، بارزانی نەمر خۆی سەرپەرشتی ئەو شۆڕشەی دەکرد، من خۆم لە قەسرێ چوومەتە خزمەتی و زۆر پشتگیری ئێمەی دەکرد،  کورد بە بنەماڵەی بازارنی دەناسرێ، بۆیە ئەگەر ئێستاش ماڵی بارزانی نەبێت کوردیش نامینێت، لەبەر ئەوەی لە ئێران ئاوارەبووین خەڵک لەجیاتی بڵێت کوردن دەیوت ئێوە بارزانین، بۆیە شانازی دەکەین بە کوردبوونمان و تاماوین لەخزمەتی پارتی و بارزانی دەبین.

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار