پەیامی نووسینگەی مەلا مستەفا بارزانی له 63ـهمین ساڵیادى شۆڕشى ئهیلوولدا

هەولێر-KDP.info- ڕاگەیاندنی نووسینگەی مەلا مستەفا بارزانی، لە یادی شۆڕشی ئەیلوولدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "گەورەترین شوناسی شۆڕشی ئەیلوول، گۆڕینی ڕاپەرین و خەباتی ناوچەیی بوو بۆ شۆڕشێکی نیشتیمانی سەرتاسەری لە هەموو کوردستان و دروستکردنی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی بوو لای هەموو هاووڵاتییانی کوردستان."
دەقی پەیامی ڕاگەیاندنی نووسینگەی مەلا مستەفا بارزانی له 63ـهمین ساڵیادى شۆڕشى ئهیلوولدا:
پیرۆز بێت یادی گەورەترین شۆڕشی گەلی کوردستان
شۆڕشی ئەیلوول، وەرچەرخانێکی مێژوویی و شۆڕشێکی سەرتاسەری خەڵکی کوردستان بوو بەسەرکردایەتی ڕابەری نیشتمانیمان مستەفا بارزانیی نەمر، یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، یەکگرتوویی و یەکڕیزی گەلی کوردستان بوو، کە بەهۆی خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان، دوژمن ناچار بوو لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازار دان بە بەشێک لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی دا بنێت.
گەورەترین شوناسی شۆڕشی ئەیلوول، گۆڕینی ڕاپەرین و خەباتی ناوچەیی بوو بۆ شۆڕشێکی نیشتیمانی سەرتاسەری لە هەموو کوردستان و دروستکردنی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی بوو لای هەموو هاووڵاتییانی کوردستان.
لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا، بە ڕێزەوە یادی هەموو پێشمەرگە و بەشدارانی ئەو شۆڕشە مەزنەی گەلی کوردستان دەکەینەوە.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
ڕاگەیاندنی نووسینگەی مەلا مستەفا بارزانی




