٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجوومەنی ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ھەردوو ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری عێراق و ئەنجوومەنی ئابووری ھەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی ھاوبەشیان سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی دوو ڕۆژی ڕابردوویان لە شاری ھەولێر بڵاوکردەوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاگەیەندراوە ھاوبەشەکەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری عێراق و ئەنجوومەنی ئابووری ھەرێمی کوردستانە:

ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری لە ماوەی دوو ڕۆژدا، کۆبوونەوەی ئاسایی  بیست و ھەشتەمینی خۆی لەگەڵ ئەنجوومەنی ئابووری ھەرێمی کوردستان لە شاری ھەولێر سازکرد.

لە ماوەی دوو ڕۆژی کۆبوونەوەکاندا، کۆمەڵێک بابەتی جێی بایەخی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کەشێکی ڕاشکاوانە و ئەرێنیدا تاوتوێ کران، کە ھەندێکیان بڕیاری ھەنووکەییان لەبارەوە درا و ئەوانی تریش ڕاسپاردە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕال کرا، و جەخت لە بەردەوامبوونی گفتوگۆکان کرا بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی کە پێویستیان بە کۆبوونەوە و دیداری زیاتر ھەیە.

ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری بڕیاری دا بە پێشکەشکردنی ڕاسپاردەیەک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بۆ ئاراستەکردنی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ چارەسەرکردن و ناردنی مووچە ڕاگیراوەکانی ھەرێم، ئەوانەی بە ھۆی تەواونەکردنی بایۆمەتری دوورخرابوونەوە.

ھەروەھا گفتوگۆ لەبارەی ھەندێک پرسی پەیوەندیدار بە ڕۆژنامەی کشتوکاڵی، مۆڵەتی ھەناردە و ھاوردەکردن، مۆڵەتی کارگەکان، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، پۆلێنکردنی بەڵێندەران، دەروازە سنوورییەکان، گومرگ، دۆسییەی نەوت و وزە و کەرتی بانکی کرا.

ڕاسپاردەیەکی دیکەی ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری بەردەوامبوونی کارکردنی لیژنە ھاوبەشەکانی نێوان وەزارەت و کەرتە پەیوەندیدارەکانە بۆ تەواوکردنی ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە لەپێناو گەیشتن بە لەیەکتێگەیشتنی ھاوبەش کە لە بەرژەوەندی ھەموو ھاووڵاتییانی عێراقدا بێت.

ھەروەھا ئەنجوومەنی وەزاریی پێشنیاری ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت و لە ئاستێکی باڵادا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆسییەکانی نەوت و وزە و دەروازە سنوورییەکان و گومرگ.

لە کۆتاییدا بانگھێشتی ئەنجوومەنی ئابووری ھەرێمی کوردستان کرا بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی ھاوبەش لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری لە شاری بەغدا.

هەواڵی پەیوەندیدار