دووکاندارانی بازاڕی لەنگە و قەیسەری بەھاوکارییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دڵخۆشن

ھەولێر -KDP.info- دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوو بازاڕی لەنگە و قەیسەری ھەولێر سوتێندران، دواتریش تۆمەتباران دەستگیرکران و بازاڕەکەش لەلایەن حکوومەت نوژەن کرایەوە، خاوەنەکانیشیان قەرەبووکرانەوە، دوکاندارانی ھەردوو بازاڕەکە سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەن و دڵخۆشن بەوەی تۆمەتباران دەستگیرکراون و سەرۆکی حکوومەتیش ھەم بازاڕەکانی نوژەن کردەوە، ھەم قەرەبووی کردنەوە.
ھەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕینگرانی ھەولێر لە بازاڕی قەیسەری و سەرپەرشتیاری نوژەنکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی قەیسەری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دڵخۆشبووین بەوەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ٤٨ کاتژمێر بەسەر سووتانی بازاڕی قەیسەریدا تێنەپەڕی کە گەیشتە شوێنی ڕووداوەکە و بەڵێنی نوژەنکردنەوەی دا و هەر زوو نوژەنکردنەوە دەستی پێ کرد، بەڵێنی قەرەبووکرنەوەشی دا و ئەویش دوێنێ جێبەجێ کرا، بۆیە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە لەناو خەڵکبووە و لە خۆشی و ناخۆشی خەڵک بەشدارە، هەر ئەمەش وای کرد سەرۆکی حکوومەت سەردانی شوێنی ڕووداوەکە بکات، خەڵکەکە ھێندە دڵخۆش بوون ڕووداوەکەیان بیرچووەوە، بۆیە جەماوەر خۆشەویستی زۆری بۆ کابینەی نۆ ھەیە کە کابینەی خەڵک و خزمەتگوزارییە،
ھندرێن وەرتی گوتیشی: ئێمە خەڵکی ھەولێرین، زۆر نیگەرانبووین دەستێک ھات ئەو بازاڕەی لە خەڵکی کاسبکار و ھەژار سوتاند، ئەو دەستانە جارێکی دیکە لەناو خەڵکی ھەولێر نامۆ و قێزەونن و عێراقیش خۆی دانی بەوە دانا، ئەوانەی گیراون تۆمەتبارن، بۆیە زۆر دڵخۆش بووین بە دەستگیرکردنی تۆمەتباران، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەلماندی ھەمیشە لە خەمی خەڵک دایە و ڕێگە نادات ھیچ دەستێک زیان بە خەڵکی خۆمان بگەیەنێت و تۆمەتباران بە سزای خۆیان دەگەیەنێت، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش سەرۆکی حکوومەت سەلماندی حکوومەتی خەڵکە و ھەمیشە لەپشت خەڵک دەبێت و ھاوکاری خەڵک دەکات، بە کرداریش ئەوە بۆ ھەموو خەڵک ڕوون بووەوە، ھەر لە نوژەنکردنەوە و قەرەبووکردنەوە تا دەستگیرکردنی تۆمەتباران.
شاخەوان کاکە مەم، یەکێکە لەوانەی دوکانەکەی لە سووتانی بازاڕی لەنگە زیانی بەرکەوتووە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر لە سەرەتای سووتانی بازاڕی لەنگە لەگەڵ ئێمە بوو، دواتریش پلانی دانا چۆن بازاڕەکە نوژەن بکرێتەوە، توانرا لە ماوەیەکی کەمدا بازاڕەکە نوژەن بکرێتەوە، پلانێکی دیکەش قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی بازاڕەکەبوو، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر لە سەرەتای سووتانی بازاڕی لەنگە لە خەمی خەڵک و زیانمەندان بوو، ئەگەر قەیرانی دارایی و فشاری سەر حکوومەت نەبوایە دڵنیام حکوومەت زووتر و زیاتریش قەرەبوو خەڵکی دەکردەوە.
شاخەوان کاکە مەم گوتیشی: سەرەتا دوکاندارەکان نەیاندەزانی کێ ئەو بازاڕەی سوتاندووە و گومانی زۆر ھەبوون، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو گومانەکانی ڕەواندەوە و تۆمەتبارانی دەستگیر کرد، دیار بوو کێ لەپشت سووتانی ئەو بازاڕ بوو کە قووتی ڕۆژانەی خەڵکی لەسەرە، ئەمە وای کرد ئەوەی زیانیشی بەرکەوتووە خەمی سوکتر بێت، بۆیە ئەوەی لە خەمی خەڵکی کوردستاندایە بەکردەوەش سەلمێندراوە پارتی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن، ھەندێکیش تەنیا لە خەمی ئەوە دان چۆن زیان بە خەڵکی کوردستان بگەینن.
لای خۆیشیەوە دوکاندارێکی دیکەی زیانلێکەوتوو بە ناوی ھەڵمەت عەباس، لە لەنگەی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەو بازاڕە کە سووتا زۆر قسەی لەبارەوە کرا و بوختانی زۆر کرا، بەڵام ھەر زوو توانرا تۆمەتباران دەستگیر بکرێن و ئامانجی سوتاندنەکەشان بزانرێت، چونکە ئەوەی کرا دروستکردنی کێشە و ئاژاوە بوو، لێدان بوو لە خەڵکی ھەژار، عێراق خۆیشی ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیر کرد، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دوو مانگ بە ھەموو دامودەزگاکانی خۆی لەگەڵ ئێمە بوو تا بازاڕەکە نوژەنکرایەوە و قەرەبووشمان دەکەنەوە، پێویست بوو ئەوانەی بازاڕەکەیان سوتاندووە و ئەوانەی لەپشتیان بوون، ئەوان ئێمە قەرەبوو بکەنەوە، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئێمەی قەرەبوو کردەوە و بازاڕەکەی نوژەنکردەوە، بۆیە سەرۆکی حکوومەت سەلماندی براگەورەی ھەمووانە و ھەمیشە لە خەمی خەڵکدایە، ئێمە سوپاسی سەرۆکی حکوومەت دەکەین
بڵند ئیبراھیم




