قه‌ڵای نزاركێ ده‌كرێته مۆزه‌خانه‌ی نیشتمانی

دهۆك- KDP.info- قه‌ڵای نزاركێ له دهۆك ده‌كرێته مۆزه‌خانه‌ی نیشتمانی و گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ڕۆشنبیری دهۆكیش ده‌ڵێ: یه‌كه‌م جاره مۆزه‌خانه‌یه‌ك بۆ به دیكۆمێنتكردنی تاوانه‌كانی به‌عس له دهۆك ده‌كرێته‌وه.
حه‌سه‌ن فه‌تاح، گوته‌بێژی ڕۆشنبیری دهۆك به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: پڕۆژه‌ی نیشتمانی قه‌ڵای نزاركێ ده‌بێته مۆزه‌خانه‌یه‌كی نیشتمانی دیكۆمێنت و به‌ڵگه‌كانی ئه‌نفال، به‌تایبه‌تی قۆناغی هه‌شتی ئه‌نفالی ڕه‌شی بادینان له‌و مۆزه‌خانه‌یه‌دا ئه‌رشیف ده‌كرێت، دیزاینی پڕۆژه‌كه له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار گوهدار سه‌لاحه‌دین ئاماده‌كراوه و سوودی له مۆزه‌خانه‌كانی جیهان وه‌رگرتووه.
گوته‌بێژی ڕۆشنبیری دهۆك گوتیشی: مۆزەخانەکە هه‌موو به‌شێک له خۆ ده‌گرێت، تەنانەت هۆڵی تایبه‌ت، پارك، قاوه‌خانه و كتێبخانه‌یشی تێدایه، شوێن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕوفاتی شه‌هیدانی جینۆسایدیش ته‌رخان كراوه، ئه‌گه‌ر رۆژێك بگه‌ڕێندرێنه‌وه بۆ دهۆك.
حه‌سه‌ن فه‌تاح ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه کرد: له ساڵی 2010 ده‌ست به پڕۆژه‌كه كراوه، به‌ڵام به‌هۆی شه‌ڕی داعش و قه‌یرانی دارایی ڕاگیرابوو، ئه‌مساڵ ده‌ست به پڕۆژه‌كه كراوه و به چه‌ند قۆناغێك ته‌واو ده‌كرێت، لەو مۆزەخانەیەدا هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عس به‌سه‌ر گه‌لی ئێمه‌یدا هێناوه پیشانی خه‌ڵكی كوردستان و جیهان ده‌درێت.
قائید میرۆ




