حوسێن قائیدی: ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ بەجینۆساید ناساندنی کەیسی کوردانی ئێزدی

بەلجیکا-KDP.info- لە وڵاتی بەلجیکا یادی جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی بەرز ڕاگیرا و بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدیش دەڵی، ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ بە جینۆساید ناساندنی کەیسی کوردانی ئێزدی.
حوسێن قائیدی، سەرۆکی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ڕەوەندی کوردی و زانکۆی بڕۆکسل لە بەلجیکا کۆنفرانسێکیان بەبۆنەی ١٠ ساڵەی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی ئەنجامدا، بەندە بەشداربوو لە کۆنفرانسەکە و تیشکم خستە سەر ھۆکارەکانی جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی و وردەکاری ڕفاندن و ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی کرد.
بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: کۆنفرانسەکە چەندین بڕگەی لە خۆ دەگرت و یەکێک لەو تەوەرانەی باسی لێوەکرا ناساندنی کەیسی ئێزدیەکانە بەجینۆساید، داوامان لە پەرلەمانتارانی ئەورووپا و بەلجیکا کرد کەیسی ئێزدیەکان بەجینۆساید بناسێنن.
حوسێن قائیدی گوتیشی: ھەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ ئەوەی کەیسی کارەساتی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید بناسێنین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک کوردانی ئێزدی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی باشمان بڕیوە لەو بارەیەوە.
قائید میرۆ




