سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پارێزگاری بانکیی ناوەندیی عێراق دەکات

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە 9/9 مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەلی موحسین ئەلعەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق کرد.
سەرۆکی حکوومەتی تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی بواری بانکی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها ئاماژەی بە پڕۆژەی (هەژماری من) کرد، کە تا ئێستا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە مووچەخۆرانی کەرتی گشتی تۆمارکراون و پێشبینی دەکرێت لە مانگی داهاتوودا مووچەی دووسەد هەزار کەس لە ڕێگەی (هەژماری من)ەوە بدرێت.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پڕۆژەکە و پشتیوانی و چاودێریی بانکی ناوەندی.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پارێزگاری بانکی ناوەندی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی تایبەتی خۆی لە هەژماری من و چاکسازییە بانکییەکانی حکوومەتی هەرێم.
هەروەها باسی لە گەشەکردنی خواستی دامەزراوە داراییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ هەماهەنگیکردن و پشتگیریکردن لە ستراتیژی حکوومەتی هەرێم لە بواری داراییدا کرد.
خێراترکردنی گشتگیری دارایی لە هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە ئامانجە ستراتیژییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و هەنگاوەکانی بە دیجیتەڵکردنی بانکەکان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.




