سیروان رۆژبەیانی: ئاوەدانکردنەوەی قەزا، ناحیە و گوندەکانی سنووری مووسڵ بەردەوام دەبێت

شێخان -KDP.info- جێگری پارێزگاری نەینەوا گوتی: ئەمڕۆ بەردی بناغەی ڕێگای (مەھەت _ گلفقیر) بە گوژمەی ٢ملیار و ٧٠٠ملیۆن دینار بەدرێژایی ١٠کم دانرا کە خزمەتێکی باشی ھەردوو قەزای شێخان، بەردەڕەش، ناحیەی کەلەکچی و زۆر گوندی دەڤەرەکە دەکات.
سیروان ڕۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەمڕۆ بەردی بناغەی ڕێگای دووسایدی (مەھەت _ گلفەقیر) لە ناحیەی زێلکانی سنووری قەزای شێخان بە گوژمەی دوو ملیار و ٧٠٠ملیۆن دینار و بە درێژایی ١٠کم دانرا، بەشێکی ڕێگاکە دروستدەکرێت بەشێکیشی نوژەندەکرێتەوە، ئەو ڕێگایە زۆر گرینگ و ستراتیژییە، شێخان، بەردەڕەش و کەلەکچی پێکەوە گرێ دەدات و ئاسانکاری زۆر بۆ ھاتوچۆی خەڵکی ئەو ناوچانە دەکات، جگە لەو قەزا و ناحیانە گوندێکی زۆریش سودی لێ وەردەگرن.
سیروان ڕۆژبەیانی گوتیشی: کاردەکەین بۆ ئاوەدانکردنەوەی ھەموو قەزا، ناحیە و گوندەکان، لە سنووری مووسڵ بەبێ جیاوازی خزمەتگوزاری دەگەیەنینە ھەموو شوێنەکان، چونکە ئێمە نوێنەری ئەو خەڵکەین لە پارێزگای نەینەوا.
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سیروان ڕۆژبەیانی جێگری پارێزگاری نەینەوا و قایمقامی قەزای شێخان سەردار شێخ یەحیا و بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی مووسڵ ئەندازیار ڕەزوان ئەلشەھوان، بەردی بناغەی ڕێگای (مەھەت _ گلفقیر) بە گوژمەی ٢ملیار و ٧٠٠ملیۆن دینار بەدرێژایی ١٠کم دانرا.
بڵند ئیبراھیم




