هه‌ولێر و پاریس یاداشتێك واژوو ده‌كه‌ن

هه‌ولێر- kdp.info- گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گشتی وه‌به‌رهێنان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، شاندێكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی فه‌ره‌نسا ده‌كات، گوتیشی: یاداشتێك له‌نێوان پاریس و هه‌ولێر واژوو ده‌كرێت.
به‌رگه‌شت ئاكره‌یی، گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گشتی وه‌به‌رهێنان به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: بڕیاره شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە بەشداری 60 وەبەرهێنەر سه‌ردانی وڵاتی فه‌ره‌نسا بكات، له 22ی ئه‌یلوول له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و وه‌به‌رهێنه‌رانی فه‌رەنسا كۆده‌بنه‌وه و یاداشتێكی تێکگه‌یشتن واژوو ده‌كەن.
گوته‌بێژی وه‌به‌رهێنان ده‌شڵێت: سه‌ردان و واژووكردنی یاداشته‌كه بۆ فراوانبوونی زیاتری جووڵه‌ی بازرگانییه له‌نێوان پاریس و هه‌ولێر، هاوکات هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێ سود له ئه‌زموونی فه‌ره‌نسا وه‌ر بگرێت.
به‌رگه‌شت ئاكره‌یی ڕوونی كرده‌وه: جگه له واژووكردنی یاداشتەکە، بازرگان و وه‌به‌رهێنه‌رانی فه‌ره‌نسا بۆ هه‌رێمی كوردستان بانگهێشت ده‌كرێن تا ڕۆڵیان له كه‌رتی وه‌به‌رهێنان و بازرگانی له هه‌رێمی كوردستان، ھەبێت.
قائید میرۆ




