ماڵپەڕی KDP وادەی کردنەوەی قەڵاتی ھەولێر بە ڕووی گەشتیاران ئاشكرا دەكات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی کۆمسیۆنی نۆژەنکردنەوەی قەڵاتی ھەولێر گوتی، بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ١٠ی ئەم ساڵ قەڵاتی ھەولێر بەڕووی گەشتیاران بکرێتەوە، ئەوەش لەبەرئەوەى ھەندێک ھۆکار ھەبوون کە بووە ھۆی ئەوەی لەم مانگە نەکرێتەوە، بۆیە ئامادەکاری دەکەیین بۆ ئەوەی لە مانگی داھاتوو قەڵات بەڕووی گەشتیاراندا بکرێتەوە.
نیھاد قۆجە، سەرۆکی کۆمسیۆنی نوژەنکردنەوەی قەڵاتی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، خۆی بڕیار بوو لە مانگی نۆ قەڵاتی ھەولێر بەڕووی گەشتیاراندا بکرێتەوە، بەڵام بەھۆی ئەوەی بڕیاربوو بۆڕی ئاگر کوژێنەوەى بۆ دابنرێت، ئەمەش کاتی ویست و دواتریش بەھۆی تایبەتمەندی قەڵات کە ھەڵکەندنی دەویست، بۆیە ڕەتکرایەوە ئەوەش وایکرد کارەکانمان دوابخرێت، لە ئێستاشدا کار دەکرێت بۆ ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی ١٠ی ئەمساڵ بەشی پێشەوەی قەڵات بکرێتەوە بەڕووی گەشتیاراندا، کارکردن لە قەڵات بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت بۆ نۆژەنکردنەوە، وامانداناوە لەو کاتە بکرێتەوە ئەگەر گرفتی دیکەمان نەیەتە پێشەوە، بۆیە ھەموو تواناکانی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بەشێکى گەورەی بکرێتەوە و بەشێکیشى لە دواوە کە بە ئۆتۆمبێل دێن ئەویان دوادەکەوێت، لەبەرئەوەی بەشی زۆری کە لە لای پێشەوەیە تا دەگاتە ئاڵا و لەوێ زۆرینەی چالاکی ئەنجامدەدرێت و دەکرێتەوە.
نیھاد قۆجە گوتیشی، دەمانەوێت میکانیزمێک دابنرێت بۆ چۆنێتی کردنەوە و ھاتنی گەشتیاران بۆ قەڵاتی ھەولێر، لەبەرئەوەی تەنیا سەردانیکردن نابێت و پێویستە خزمەتگوزاریش دابین بکرێت، بۆیە ئەگەر سەرەتا پارەش وەرنەگیرێت ئەوا لە داھاتوو پارە وەردەگیرێت، ئەمەشیان حکوومەت بڕیاری لێ دەدات، بۆیە پێویستە قاوەخانە و کافیتریا و ڕێستوڕانت و شوێنی حەوانەوە ھەبێت بۆ ئەوەی بتوانرێت پارەش لە خەڵک وەرگیرێت، چونکە خەڵکێکی زۆر چاوەڕێی کردنەوەی قەڵاتە، لەبەرئەوەی پێش نوژەنکردنەوە ڕۆژانە ٥٠٠ بۆ ھەزار کەس سەردانی دەکرد، ئەگەر دوای نوژەنکردنەوەش بکرێتەوە، ئەوا چاوەڕێ دەکرێت ڕۆژانە نزیکەی ٢ ھەزار کەس سەردانی قەڵات بکات.
قۆجە باسی لەوەش کرد، ئەگەر قاوەخانە و ڕێستوڕانت بکرێتەوە ئەو کات گەشتیارێکی زۆر سەردانی قەڵات دەکات، ئێستاش کە بیانییەکان دێن کەسێکمان دیاریکردووە و ڕێگە بە ئەوانە دەدرێت سەردانی قەڵات بکرێت بەھۆی ئەوەی ئەوان ڕەنگە جارێک بێن سەردانی ھەولێر بکەن و دەمانەوێت بە فەرمیی بکرێتەوە و ڕێگە بەگەشتیاری ناوخۆ بدرێت سەردانی قەڵاتی ھەولێر بکەن و پڕۆسەی نوژەنکردنەوەی ھەر بەردەوام دەبێت.
بڵند ئیبراھیم




