٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی حکوومەت: تاوەکو 30 ساڵی دیکە هەولێر کێشەی کەمئاویی نامێنێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەكشەممە 8ی 9ی 2024، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ شاری هەولێر دانا.

له‌ كاتی دانانی به‌ردی بناخه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌دا، مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌ت، گوتارێكی گرنگی پێشكه‌ش كرد و ڕایگه‌یاند، وێڕای هه‌موو گرفت و كۆسپه‌كان و دۆخی سه‌ختی ئابووری، داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانم ڕاسپار ڕێگه‌ چاره‌یه‌ك بۆ گرفتی كه‌مئاوی هه‌لێری پایته‌خت بدۆزنه‌وه‌ و دواجار بڕیارمدا كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ چیتر دوانه‌كه‌وێت و داوام كرد ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ی ئێستا وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی فریاگوزاریی خێرا بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌مئاوی پایته‌خت ده‌ست پێبكات.

سه‌رۆكی حكوومه‌ت، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، پڕۆژه‌ی فریاگوزاریی خێرای گه‌یاندنی ئاو، تا نزیكه‌ی 30 ساڵی داهاتوو كێشه‌ی كه‌مئاوی له‌ هه‌ولێر ناهێڵێت.

ئه‌مه‌ش ده‌قی وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی هێژا، زۆر زۆر بەخێر بێن.

زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەین بۆ دانانی بەردی بناخەی یەكێك لە پێویستترین و گرنگترین پڕۆژەكانی كوردستان. شاری هەولێری پایتەخت چەندەها ساڵە لە وەرزی هاویندا كێشەی كەمئاوی هەیە. چەندین ساڵە بڕیار بوو كە كۆمپانیایەكی بیانی پڕۆژەی ئیفراز چوار جێبەجێ بكات، بەڵام تا ئێستا ئەو كۆمپانیایە نەیتوانیوە بەپێی گرێبەست، هەنگاوی كردەیی بۆ دەستپێكردنی پرۆژەكە بنێت. بۆیە لەم دوو ساڵە دوای پەتای كۆرۆنا و وێڕای هەموو گرفت و كۆسپەكان و دۆخی سەختی ئابووری، دامودەزگاكانی پەیوەندیدارم راسپارد كە لە زووترین كاتدا ڕێگەچارەیەك بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە. بۆیەش لە دوا هەنگاودا بڕیارم دا كە ئەم بابەتە چیتر دوانەكەوێت و داوام كرد ئەم پڕۆژەیەی ئێستا وەك پڕۆژەیەكی فریاگوزاریی خێرا بۆ چارەسەری كێشەی كەمئاویی پایتەخت دەست پێ بكات.

لە نزیكەوە ئاگاداری خەمی هاووڵاتیانی چەندین گەڕەكی هەولێر بووم كە گرفتی كەمئاوییان هەبوو. پارێزگا و شارەوانییەكان هەموو هەوڵێكیان دا تاكوو بە ڕێگەی جۆراوجۆر ئاو بۆ ئەم گەڕەكانە دابین بكەن. بەداخەوە هەندێك لایەن هەوڵیان دا كە كێشەی دەیان ساڵە و نەهامەتییەكانی خەڵك بكەن بە كەرەستەی بانگەشە و ململانێی سیاسی. كێشەی كەمئاوی بە چەند تەنكەرێكی ئاو چارەسەر ناكرێت، بەڵكوو پێویستە پڕۆژەیەكی وەك ئەمە بخرێتە گەڕ كە ئاوی زێی گەورە بگەیەنێتە شاری هەولێر.

ئەم پرۆژەیە بە قەبارەیەك ئاو دەگەیەنێتە شاری هەولێر كە تا نزیكەی 30 ساڵی دیكە، هەولێر كێشەی كەمئاوی نامێنێت. داوام كردووە هاوتەریب لەگەڵ ئەم پڕۆژەیە، تۆڕی ناوخۆیی ئاو لە گەڕەكەكانیش رێك بخرێتەوە، تاكوو بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، بتواندرێت ئاو بە هەموو گەڕەكەكانی هەولێر بگەیەندرێت.

هەروەها بڕیارم داوە پڕۆژەیەكی دیكەی ئاو بۆ سنووری قوشتەپە و گوندەكانی دەوروبەری دەستپێبكرێت، كە ئاو لە زێی بچووك دەگەیەنێتە ئەو دەڤەرە. بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژانەش، بە سەدان بیری ئاو دادەخەین، ئەوەش دەبێتە هۆكارێك بۆ بووژانەوەی ئاوی ژێرزەوی. هەروەها داوام كردووە هەرچی زووترە كار لەسەر پڕۆژەی ریسایكلی ئاو، واتە بەكارهێنانەوەی ئەو ئاوە بكرێت كە لە شاری هەولێر دەردەچێت، بەم جۆرەش هەم ڕێگە لە پیسبوونی ژینگە و ئاوی ژێرزەوی دەگرین، هەمیش ئەو ئاوە بۆ بواری پاك و سەوزایی بەكار دێتەوە.

ئێمە هەست بە كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لەسەر دەڤەرەكەمان دەكەین، بۆیەش لەپێناو پاراستنی سامانی ئاو و ژینگەمان، دەستمان بە دروستكردنی چەندین بەنداو بە قەبارەی جیا كردووە و لەم هەنگاوانەش بەردەوام دەبین تاوەكوو بە گلدانەوەی ئاو، بتوانین پەرە بە كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار بدەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەبێت پەرە بە كەلتوور و هۆشیاریی چۆنیەتیی بەكارهێنان و پاراستنی ئاو بدەین. بەداخەوە ڕێژەی بەكارهێنانی ئاو بۆ یەك تاكەكەس لە هەرێمی كوردستاندا زۆر لە ڕێژەی ستانداردی نێودەوڵەتی زیاترە. بۆیە دەبێت سیستەمی پەروەردە و ڕێكخراوەكانی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵی خۆیان لەم بوارەدا ببینن و خەڵكی رەچاوی ئەوە بكەن كە زیادەڕەوی لە بەكارهێنانی ئاودا نەكەن.

بەڕێزان ئەم پڕۆژەیە بە سوپاسەوە لە لایەن كۆمپانیای باوەڕپێكراوی ناوخۆ واتا (هێمن گرووپ) جێبەجێ دەكرێت كە تا ئێستا كارەكانیان لە ڕووی خێرایی و كوالێتی جێگەی پەسەند بووە. تا ئێستا خۆم دووجار لەگەڵیان دانیشتووم و بەدواداچوونی دیزایین و چۆنیەتیی جێبەجێكردنی پڕۆژەكەم كردووە و بەردەوامیش دەبم لە بەدواداچوونی كارەكانی ئەم پڕۆژە گرنگە، لەو باوەڕەشدام كە لە كاتێكی گونجاودا ئەم پرۆژەیە دەخرێتە خزمەتی پایتەختی هەرێمی كوردستان.

ئێستاش كە لە ڕێگە دەهاتین، من ئەم هەموو ئامێرانەم بینی، دەزانم كە بە شێوەیەكی بێوێنە كۆمپانیای (هێمن گرووپ) دەستی داوەتە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە، بۆ ئەوەی بە زووترین كات بتوانین كێشەی كەمئاویی هەولێر جێبەجێ بكەین و ئەو پڕۆژەیە ئینشائەڵا لە ماوەیەكی كورتدا تەواو دەبێت و خەڵكی هەولێری خۆشەویست سوودمەند دەبن لە بەكارهێنانی ئاو و چیتر خەمی كەمئاوییان نابێت.

جارێكی دیكە سوپاسی هەموو ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست دەكەم، هەر سەلامەت و تەندروست بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار